لە نێوان بەڵێ ی ئێوە و نەخێری ئەوان دەبێ چاوەڕێی چی بکات کوردستان

لەلایەن ستاندار Posted on 671 جار بینراوە

لە نێوان بەڵێ ی ئێوە و نەخێری ئەوان
دەبێ چاوەڕێی چی بکات کوردستان

باوکی پۆلا
بارودۆخی ئێستای کوردستان لە لایەنە سیاسی و ئابوری و کارگێریەکەیەوە پێمان دەڵێت دوودڵ بن، نیگەران بن، بئ هیوا بن، بە گومان بن ….
دوای هەرەسە سیاسی و سەربازیەکەی ٢٠١٤ کە لەگەڵ هاتنی داعش ڕووی لە کوردستان کرد، هەر خێرا بە هاتنی فرۆکەکانی هاوپەیمانان ئومێدی خەڵک گەشایەوە، بەوەی ئەم جارەش گەلەکەمان لە هەڕەشەی لە ناوچوون و ئەنفالێکی تر رزگاری دەبێت.
بەڵام بە داخەوە ململانی حزبی جارێکی تر وەک پەتایەکی درێژ خایەن بەرۆکی گرتینەوە، تا وای لێهات دەرگای پەرلەمان داخرا و کۆلکە سیاسیەکانی کورد وەک بڵێی، نە بایە و نە باران، نە ئەنفالە و نە شەنگال .. جارێکی تر پەرتەوازەیی و بێئومێدی ونیگەرانیان لە ناو ناخی تاکی کورد زیندوو کردەوە. …
چەند مانگیکە باس لە ڕیفراندۆم دەکرێت… بەڵام چۆن ڕیفراندۆمێک ؟! بۆ چی مەبەستێک؟
ئەگەرلە ناو گەلانی جیهاندا ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی بێ و یەک پێناسە هەڵبگرێت،، ئەوە لەلای ئێمە بە قەد ژمارەی حزبەکان پێناسەی جۆراوجۆر هەڵدەگرێت .
لە دەسەڵاتدارانی کوردستان دەپرسم: ئەرێ ئێوە بۆ ڕای خەڵک وەردەگرن؟ ئەرێ گومانتان لەگەلەکەتان هەیە؟ لە بیرتان چوو لە ساڵی ٢٠٠٥ لە ٩٨% ی خەڵکی کوردستان بەلێ یان بۆ سەربەخۆیی هەڵبژارد، نەخێری بۆ عێراقی ئەنفال و گۆڕی بە کۆمەڵ دا …
بەڵام ئەوەی جێگای نیگەرانی خەڵک و چاودێرانی بارودۆخەکە بوو لەدوای ڕوخانی ڕژێمی سەدام، دەسەڵاتدارانی کورد، خەونی بە دەوڵەت بوونیان ڕەواندەوە و وەک دڵسۆز و میراتگرێکی عروبە..
لە جیاتی زیاتر لە سئ سەد و پەنجا ملیۆن عەرەب و لە بری بیست ویەک وڵاتی عەرەبی،،، بژاردەی بونیاد نانەوەی عێراق و یەکپارچەیی خاکی عێراقیان هەلبژارد، لە کاتێکدا عێراق، هێزە سەربازییەکەی داڕوخابوو، تەنانەت پۆلیسێکی هاتووچۆشی نەمابوو تا ڕێگا لە کاروانی سەربەخۆیی کوردستان بگرێت.
ئەگەر دەسەڵاتدارانی کورد خەمی کورد و سەربەخۆیی کوردستانیان بوایە ئەم هەلە زێرینەیان لە دەست کورد نەدەدا، کە دەیان ساڵی تر کورد باجی ئەو هەڵە گەورە و کوشندەیەیە دەدات…
لە فەرهەنگی هەموو جیهان خاک و نیشتیمان بەمانای دایک دێت …کە چی پڕۆژەی دەستورێکیان نوسییەوە کە لە ٥٢٪ ی نیشتیمانی دایکیان ناونا (ناوچەی کێشە لەسەر) !!!
دەپرسم ئەرێ لە کوێی جیهان دایک ناونراوە کێشە لەسەر؟
ئێستاش دوای چەندان ساڵ لە وەهم و وڕێنەی دەسەڵاتدارانی هەرێم بۆ چەسپاندن و قایمتر کردنی عێراقی نوێ، سەرەنجام ڕوبەڕووی عەقڵی لە قوتونراوی شۆفینیزمی عەرەبی بونەوە و دەستیان لە بنی هەمبانەکە بە شکاوی هاتە دەر…
شۆفینیەکانی عەرەبی سونە، کە ژمارەیەکی زۆریان لە چەند شوێنێکی کوردستان میوانداری کرابون و پارێزگارییان لێ دەکراو ژیانی شاهانەیان بۆ فەراهەم کرابوو.. ئەمجارەش، وەک پیشەی هەمیشەییان
بە عەبایەکی ڕەشی ئیسلامی و بە ناوی داعش ، شاڵاوی ئەنفال و سەربڕین و کوشتنیان لە عێراقە تازەکەی دوای سەدام ئەنجام دا.. کە بە داخەوە زۆرینەی قوربانیەکانیان دانیشتوانی ئەو ناوچانە بوون کە سیاسیە بلیمەتەکانی کورد دابویانە دەستی قەدەرو ناویان لێنابوو ناوچەی کێشە لەسەر.
بەڵام لە دوای سەرکەوتنەکانی سوپای عێراق و بەر تەسک بونەوەی دەسەڵاتی داعش، زۆربەی ئەوانەی کە بەشداری کاریگەریان لەو شاڵاوە دڕندانانەی داعش هەبوو، ئێستا لە کەمپەکانی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێ کراون و هاوکاری دەکرێن و دوبارە پارێزگارییان لێ دەکرێت..

ئەوەی ئیستا چاودێرانی بارودۆخەکەی سەرقاڵ کردووە و بوەتە جێی نیگەرانی زیاتر، دەنگۆی ناردنەوەی ئاوارە عەرەبەکانە بۆ ناوچە کێشە لەسەرەکان ، کە ئەوانە مێژویەکی درێژیان لە داگیرکاری و تاڵانچێتی هەیە ، پاڵەوانی ئیرهابی ١٩٦٣ ی حەرەس قەومی وبەشداری پرۆسەکانی ئەنفالی سەدام بون دژ بە گەلی کورد …………گوایە ڕێکەوتنێک کراوە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی هەرێم بۆ ئەوەی لەڕیفراندۆمەکەی ٢٥/٩ (ئەگەر ئەنجام بدرێت) دەبێت لەژێرعەبای ڕیفراندۆم و بە ناوی هۆز و تیرە عەرەبەکان دەنگ بە بەڵی بدەن،
بە لای من، لە هەمووی ترسناکترئەوەیە (بەلێ) ی عەرەبە شۆفیینەکان جیاوازە لە (بەڵێ) ی بەرەی ڕیفراندۆم خوازەکانی لای خۆمان …. مەبەستی ئەوان لە بەڵێ، نەهێشتن و دەرکردنی کوردە لە دەرەوەی هێڵی ٣٦ ی سەردەمی سەدام، ئەمەشیان بە ئاشکرا لە کۆبونەوەکەی ئاداری ئەم ساڵی نوێنەرەکانیان لە ئەنقەرە و ئەستەنبول بۆ ڕای گشتی بڵاو کردەوە…
لە کۆتاییدا، ڕووداوەکانی بیست و شەش ساڵەی ڕابردووی کوردستان پێمان دەڵین:
(نیگەران بن، دوو دل بن ،بئ ئومید بن، لە ڕیفراندۆمیش بە گومان بن)

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.