کێشەی ئیسلام

لەلایەن ستاندار Posted on 815 جار بینراوە

عبدالرحمن کامەران مەولود

بە دڵنیایەوە زۆرێک پێیان وایە ئیسلام کێشەی نییە و ئەوە موسڵمانانن کێشەیان ھەیە, ئەگەرچی ئەم بۆچونە بۆ بە پیرۆز ڕاگرتنی ئیسلام شتێکی قەبولکراوە لەلایەن زۆرینەی موسلمانان، بەڵام لە راستیدا ھەڵەیە, لەبەر ئەوەی ئیسلام و موسلمان دووانەیەکی بەیکەوە بەستراون و ناکرێ لەیەکدیان جیاكەیەوە, نە ئیسلام بە بێ موسلمان بونی دەبێت, نە موسلمان بەبێ ئیسلام, کەوابوو کێشەی موسلمان دوور و نزیک پەیوەندی بە ئیسلامەوە ھەیە و دەبێت بە کێشەی ئیسلام, لێرەدا ئێمە ڕیشەی و بنەچەی کێشەی ئیسلام دەخەینە ڕوو, چارەسەریش بۆ ئەو بەرێزانە جێ دێڵین کە باوەڕیان بە چارەسەری ھەیە.

دژە باوە گەر بڵێین شیعە و سەلەفیەت بە درێژای مێژو دوو ناکۆکترین تەیاری نێو بازنەی ئیسلام بوون و لە ئێستاشدا ھەر وان, چونکە سەلەفیەت ھەمیشە لە ھەوڵدابوە پانتایی کێشەی خۆی لەگەڵ شیعە فراوانبکات و ھەموو سوننە بخاتە ناویەوە, تاڕادەیەکی زۆریش لەو ھەوڵەیدا سەرکەوتووبوە, بەداخەوە ئێستا ھەمووان سوننەو شیعە وەک دژکاری یەکتر دەبینن, ئەوەش رێک ئەوەیە کە سەلەفیەت دەیەوێ.

سەرباری ئەو ناکۆکیە زۆرەی نێوان شیعەو سەلەفیەت کەچی ھەردووکیان لەوەدا کۆکن کە بونەتە گەورەترین کێشە بۆ ئیسلام, ڕاشکاوانەتر بڵیین کێشەی ئیسلام ئەوەندەی شیعە و سەلەفیەکانن بە ھەردوو جۆری جیھادی و ناجھادیەکەوە نیو ئەوەندە جولەکە و ماسونیەت نین, وەک ئەوەی ئەوان بانگەشەی بۆ دەکەن.

کێشەی ئیسلام بریتیە لە شیعە و سەلەفیەت:
یەکەمیان: لەبەر ئەوەی زۆر ئادیالستیانە دەڕوانێت و ئیمامی بێ ھەڵەو مەعسومی دەوێت و لە وەھم دەژیت.
دووەمیان: ریالیزمێکە ھەموو بارودۆخێک قەبوڵدەکات و تاعەتی وەلی ئەمر و سەرشۆری و کۆیلایەتی بۆ خەلیفە بە پیرۆزترین ئەرکی ئاینی دەزانێت. شیعەکان مەکروهـ و گوناھی بچوک لە خەلیفە قبوڵناکەن و ھەمیشە خەلیفە لە چوارچێوەی مرۆڤ دەخەنە دەرەوەو زۆر جارانیش دەیبەنە ئاستی خودا. فکری شیعە تێگەلەیەکە لە ڕاستی و خورافیات و درۆ, لە نێو ئەم تێکەڵەیشدا خورافیات زۆرینەکەیەتی, لەڕاستیدا ئیمانی راستەقینەش باوەڕھێنانە بە زۆرترین خورافەی دینی, ھەر بۆیە دایمەن شیعەکان ھەناو کوڵاتر و ئیماندارترو گرینۆکترن.

کەچی سەلەفیەکان کارگەی پاساو دروستکردن و بیانو سازی دەسەڵاتن, یاخود ئاسانتری بكەینەوە بڵێین، بە فیتی دەسەڵات ھەڵدەستن و پرۆپاگەندەی ئاینی و بەڵگەی شەرعی بۆ ئەمارەتەکان دروست دەکەن, بەگشتی دەسەڵات لای ھەر کەسێ بێ دینی سەلەفیان پشگیری دەکات و لەگەڵی دایە, حەزو خولیایکی زۆر لە سەلەفیەتی ناجیھادی ھەیە کە مرۆڤ بۆ ملکەچبون و نۆکەر سیفەتی بۆ وەلی ئەمر و دەسەڵات کێش دەکەن, سەیر لەوەدایە ھەمان ئەو خولیا سەرشۆر و ملکزە, تۆقینەرو بەھێزانە ڕوبەروی ئۆپۆسیزۆنی دینی و سیاسی دەبێتەوەو وەک ھێزێکی بەڵگەدارو چاکە خوازیش خۆی نمایش دەکات, سەلەفیەت لە ڕۆپامایی و ڕیاکاریدا گەیشتۆتە لوتكەیەك ھێشتا ھیچ مەدرەسەیەكی دیكە نەیتوانیوە خەونیش بە نزیک بونەوەی لێی بخوازێت, سەلەفیەت مەنزەڕ و تویکڵێکی ڕازاوەیە بە دین و کرۆک و ناوەرۆکێکی خالیە لە دین.

ھەرچی جۆرە جیھادیەکەیەتی کە ڕاستر وایە ناویان بنێین سەلەفیە داعشەکان, فرەیی دەنگ و ڕەنگ و بۆچونی جیاوازیان قەبوڵ نییەو دیدگای پلورالیزمیانە خواردنێکە گەدەی سەلەفی بۆی ھەرس ناکرێت و تەسەمومی پێدەکات, بەلای سەلەفیە داعشەکان یەک حەقیقەتەی ڕەھا ھەیە ئەوەیش ئەوەیە کە ئەوان باوەڕیان پێیەتی, فرەویستی و فرەبۆچونی و تێگەیشتنی بەدەر لەم حەقیقەتەی ئەوان باوەڕیان پێیەتی لادانەو گومڕابونە, بەھۆی ئەوەی ئەوان ھەمیشە بەناوی موقەدەس و خواو پێغەمبەریشەوە قسە دەکەن و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لە خۆیانەوە ھیچ ناڵێن, بۆیە ھەریەکێک لەوان یاخی بێت و بەجۆرێکی دی بیرکاتەوە, واتای ئەوەیە یاخی بوە لە خودا و پێغەمبەرەکەی و بە حوکمی خودا و پێغەمبەرەکەی رازی نییە, دواجار کەسێکیش بە خواو پێغەمبەرەکەی ڕازی نەبێت و یاخی بێـت لێیان مورتەدو کافرە, حوکمی مورتەدو کافریش کوشتنە, کەواتە چەك بێنە و سەران ببڕە, ئەمە ڕێک بریتیە لە لۆژیکی سەلەفیەتی جیھادیی.

لە راستیدا بیری سەلەفیەت بە ھەردوو جۆرەکەیەوە دونیایەکە لە نامەتیقی و دۆگمایی, کار لەسەر بێ ئەرزش کردن و لەکار خستی عەقل دەکات و دوژمنیاتی ھەموو ئەو بیرانەش دەکات کە دەخوازن ھەوڵێکی نادۆگماییانە بدەن بۆ ڕاڤەی ژیان.

“لەو باوەڕداین کە ناکۆکی سوننەو شیعە لە ڕاستیدا ناکۆکی نێوان سەلەفی سوننەیە لەگەڵ شیعەدا. نەک سوننە بە گشتی, بێ گومان شیعەکانیش ھەموویان بەشێک نین لە کێشەکە, بۆیە دەکرێ سوننەو شیعەیەک بەیەکەوە ھەڵکەن و جوان بژین”

ماوەتەوە بڵێین لە ڕابرودا پرسی خەلافەت و ھەژمونی زۆرترو زیاتر کرۆکی کێشەی نێوان شیعەو سەلەفیەت بوە, تا ئێستاش کێشەکە ھەر بەردەوامەو پەیوەندی نێوان ھەردوو وڵاتی سعودیە و ئێرانیش شایەتی ئەم راستیەمان بۆ دەدەن. بەداخەوە لە داھاتوشدا ھەر بەردەوامدەبێت, بەو پێیەی مەھدی مونتەزری شیعەکان و مەھدی سەلەفیەکان کە قەرار وایە لە ئاخری زەمان بێن و ببنە خەلیفە و چاو ساغی موسڵمانان, دوو زەمەن و شوێنی و کەسایەتی زۆر جیاوازیان ھەیە, بە کورتیەکەی ھیچیان بەوەی دیکەیان ناچێت و زۆر لێک جودان, ئەوەتا مەھدی موتەزری شیعەکان ئیستا لە ژیاندایە, لە ناوچەیەک کە پێی دەڵین (دورگەی سەوز) خۆی شاردۆتەوە. کەچی مەھدی سەلەفیەکان وەک ھەر مرۆڤێکی ئاسای لە دایک دەبێت و لە مەککە دەردەکەوێ, بۆیە ململانێی شیعەو سەلەفیەت ھاوکێشەیەکی شیکار و چارەسەری بۆ نییە و تا رۆژی قیامەت بەردەوام دەبێت.

لە کۆتایدا جێگەی خۆیەتی خوێنەری ئەم وتارە رەخنەی ئەوەمان لێبگرێ، کە بۆچی سەلەفیەتمان بە شیعەگەری بەراورد کردوە, چونکە شیعە مەزھەبە و سەلەفیەت ڕەوتێکی نێو سوننەیەو تا ئێستا نەیتوانیوە بگاتە ئاستی مەزھەبی بوون! بە دڵنیایەوە ڕەخنەکە ڕاستە, بەڵام ئێمە لەو باوەڕداین کە ناکۆکی سوننەو شیعە لە ڕاستیدا ناکۆکی نێوان سەلەفی سوننەیە لەگەڵ شیعەدا. نەک سوننە بە گشتی, بێ گومان شیعەکانیش ھەموویان بەشێک نین لە کێشەکە, بۆیە دەکرێ سوننەو شیعەیەک بەیەکەوە ھەڵکەن و جوان بژین، بەڵام قەت ناکرێ جگە لە شەڕ شتێکی تر ھەبێ شیعە و سەلەفیەت بەیەکەوە کۆبکاتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.