ریفراندۆم ئەو ھەموو کۆنفراسەی ناوێت

لەلایەن ستاندار Posted on 576 جار بینراوە

ھیواسەیدسەلیم
رۆژ نیە نەبینین و نەبیستین لێرەو لەوێ فلانە سەنتەر و ناوەندی رۆشەنبیری کۆنفراسێک بۆ پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان ئەنجام دەدات، جا ئەوەی جێگای تێبینی جدیە ئەوەیە ھەمیشە کۆنفراسەکە بۆ چەند کەسێک و دەموچاوێکی دووبارە سازدەکرێت، ئەوانەشی کە لەوێ ئامادەدەبن و گوێکری ئەو کۆنفراس و دیبەیتانەن زیاتر خەڵکی دووبارەی گوێڕایەڵی دیبەیتچیەکانن، کەمترین جار رێگا بە خەڵکی تر دەدرێت لەو کۆنفراسانە ئامادەبێت، چونکە خواستی ئەوانەی کۆنفراسەکان سازدەکەن ئەویە کە دەبێت میوانەکانیش قسەی ئەو بەرێزانە بڵێنەوە کە دیبەتیان بۆ سازکراوە.
کەسانی تر بۆیە ناگەنە ئەو کۆنفراسانە، چونکە کۆنفڕاسەکان لە ھوتێلە چوار ئەستێرەو و پێنج ئەستێرەکان دەبەسترێن زۆرێک لەو شوێنانە خەلکی ئاسایی ھەر پێشیان نازانن یان ئەگەر شارەزاش بن بۆیان نیە نزیکی ببنەوە.
ھەموومان دەزانیت کە دەنگدەری ریفراندۆم بەتەنیا ئەو کەسانە نین کە قسەی ناو دیبەیتەکان دەکەن، ئەوانەش نین کە لەوێ گوێگریانن، بگرە لە ریفراندۆم دەنگی بەرپرسێک و کرێکاری سەھۆڵەکە یەک دەنگە، دەنگی جوتیارێکی دەشتی ھەولێر و خاوەن دیوەخانێکی دەسەڵات یەک دەنگە، ھاوڕێیەکی نووسەرم لەو بارەیەوە جوانی نووسیوە کە دەڵێت:
(دەنگدەری ریفراندم تەنیا ئەو دەستبژێرە سیاسیە نیە کە سەری زمان و بنی زمانی ریفراندۆمە، بگرە دەنگدەری ریفراندۆم ئەو دەنگدەرەیە کە لە بەیانی تا ئێوارە بەدیار عارەبانەی شیخەڵای شاری ھەولێر و بەردەم مزگەوتی گەورەی شاری سلێمانی و سەر پردی حەسیرەکەی کەرکووکە)
بەرێزینە…. ئەو پارە زۆرەی ئێوە لە ھوتێلە خۆش و راقیەکان بۆ کۆنفراسەکانتان بەھەدەری دەدەن، بڕۆن بیدەنە خەلکانێک کە پارەی کڕینی دەرمانی نیەبۆ نەخۆشەکانیان، بڕۆن بیبەخشنە نەخۆشخانەی ھیوا و سەنتەری نانەکەڵی تا ئەوانیش دەرمان بۆ نەخۆشە درێژخایەنەکان بکڕن.
وەرن بچن لە شوێنە گشتیەکانی کوردستان گوێ لە چین و توێژەکانی کۆمەلگا بگرن، لەوێ کۆنفراس و دیبەیت ببەستنن، ئەگەر ئەو شوێنانەش شک نابەن و شارەزا نین چونکە دەزانین ئێوە لە بیست و شەش ساڵی رابردوو لەو خەڵکانە دابڕاون و ئەو شوێنانە بەلەد نین، لێرە ناوی چەند شوێنێکتان بۆ دەنووسین تا بچن لەوێ دیدار لەگەل ئەو خەلکانە ئەنجام بدەن، کە دەنگیان کاریگەری لەسەر ریفراندۆم دەبێت، بچن لە شاری ھەولێر لە ناو باغی شار لەگەل خانەنیشنان کۆبوونەوە سازبدەن کە سەدان مامۆستا و فەرمانبەری بە ئەزموون رۆژانە لەوێ لەسەر ئەو دۆخە دەردەدڵی خۆیان بۆ یەکتری باس دەکەن، بچن ئەو مامە پیرانەی بن دیواری مزگەوتەکانی کوردستان بدوێنن بزانن چەندە پرۆشن کە کورد ببێتە خاونی دەوڵەتی خۆی بەڵام متمانەیان بە ئێوە لاواز بووە.
برۆن لە باغی شاری سلێمانی گوێ لەو مامۆستا بەتەمەنانە بگرن کە ھەندێکیان ھی سەردەمی حزبی ھیوا و کاژیکن، بزانن بۆچی قسەی (شاسوارعەبدوالواحد)یان پێ لە ئێوەی تێکۆشەری شاخ و شار پێ درووست ترە و پشتیوانی لە کەمپینی نەخێر دەکەن، باش گووێیان لێبگرن بزانن ئەوانە حەز بە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆیی کوردستان ناکەن یان ھەڵوێستیان لە خرابەکاریەکانی ئێوە وەگرتووە؟
دەی تۆزێکیش کاتی خۆتان بۆ خەلکی خێر لە خۆنەدیوی گەرمیان و زێدی ئەنفال تەرخان بکەن بزانن ئەوان بۆ جیابوونەوە لە دەوڵەتی ئەنفالچی رایان چیە؟
بزانن دەیانەوێت لەگەڵ یادگاریەکانی عەرعەر و نوگرە سەلمان بمێنەوە یان پشتیوانیتان دەکەن بۆ دەنگدان بە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی کوردستان؟
تکایە واز لە کۆنفراسی ھۆڵە فێنکەکانی ئەو ھوتێلانە بێنن، بچن لە مۆنمێنتی شەھیدانی ھەڵەبجە ریکلام بۆ سەربەخۆیی کوردستان بکەن، برۆن لەوێ بەو خەلک بڵێن دەمانەوێت برینەکانی ھەلەبجە سارێژبکەین لەسایەی دەوڵەتی کوردستان ھەلەبجە بکەینە پایتەختی ئاشتی، ئەگەر جورئەتان دایە بەرخۆتان ئەوسا دەزانن لەو شارەی زۆر موزایەدەی بەناوی و قوربانیەکانی دەکرێت، خەڵک رای لەسەر ئەو دەسەلاتە چیە .
ئیتر بەسە کۆنفراسی ھۆڵەداخراوەکان، برۆن لە بادینان سەکۆیەکی ئازاد درووست بکەن لەوێ بانگەشەی ریفراندۆم بکەن، لەوێ دڵتان گەورە بێت و جیکڵدانەی دیموکراسیتان فراون بکەن، لێگەڕێن با خەڵک دەردەدڵی خۆتان بۆباس بکات، تا ئێوەش بتوانن ئەو خەڵکە قەناعەت پێبکەن بۆ دەنگدان بە بەڵێ لە بیست و پێنجی ئەیلوول .
بروا بکەن کۆنفراسەکانتان خزمەت بە دەنگی بەڵێ ناکات ئەگەر بەتەمای دەنگی خەڵکن دەنگی خەڵک لەو شوێنانە و زۆر شوێنی تریشە، ئەگەر دەنگی بەڵێی خەڵکتان دەوێت ئەویە دەنگ ئەگەریش وەک ھەلبژاردنەکانی کوردستانیش دەکەن، لە جیاتی ھەموومان دەنگ دەدەن، لە دیبەیتەکانتان بەردەوام بن، دیار ئێوە راست و ئێمەش ھەڵەین .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.