راستیی روداوی کوشتنی دو برا و بریندارکردنی دوانی تر لەلایەن کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانەوە

لەلایەن ستاندار Posted on 655 جار بینراوە

كەمال چۆمانی

تا ئێستا کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشی کوردستانی ئێران یەک چالاکیی لەو ناوچەیەوە دژی ئێران ئەنجامنەداوە، کەچی ئەمڕۆ دو برای کوشتن و دوانی تریشی بریندار کردن.

کەمێک پێش ئێستا لە گوندی گوندەژۆر گەڕامەوە. ئەو گوندە دەکەوێتە باکوری خۆرئاوای قەزای چۆمان. نزیکەی ١٥-٢٠ کیلۆمەترێک دورە. لە نزیکی ئەو گوندە، سێ بارەگای حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان هەن؛ حزبی دیموکراتیی کوردستان (حدک)، حیزبی دیموکراتیی کوردستانی ئێران (حدکا) و بەو دوایییانەش بارەگای حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشی کوردستانی ئێران دامەزراوە. لە نزیکی ئەو بارەگایانە، دو گوند هەن؛ گەلەژێر و گوندەژۆر. لە زوەوە خەڵک نیگەرانە لەو بارەگایانە چونکە لەناو باغ و باغاتی خەڵک بارەگایان دروستکردوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ، لوقمان ئەسکەندەر، فەرمان ئەسکەندەر، مستەفا ئەسکەندەر و بەختیار ئەسکەندەر، چوار برای نەرم و نیان، بەڕێز و خۆشەویستی گوندی گوندەژۆری سەر بە قەزای چۆمان، دەڕۆنە گوندەکەیان و داوا لە کۆمەڵە دەکەن کە واز لە داربڕین بێنن لەناو زەویوزاری ئەواندا. کۆمەڵە لە نزیکی ئەو گوندە بنکەیەک دروستدەکات و پێویستی بە دار هەیە. هاتۆتە ناو باخی ئەو چوار برایە و دارەکانی بڕیون. ئەو چوار برایەش بەڕێزەوە، بێ ئەوەی هیچ چەکێکیان پێ بێت، تەنانەت گۆپاڵ و چەقۆشیان پێ نەبوە، دەچنە لای بارەگای کۆمەڵە و داوادەکەن واز لە داربڕین بێنن. بەیاننامەکەی کۆمەڵە درۆیە و هیچ بەڵگەیەکیان نییە کە ئەو چوار برایە چەکیان پێبوبێت. من ئەو چوار برایە باش دەناسم، تەنانەت خزمایەتییشمان هەیە، هێندە ترسنۆک نین کەسانێک دەستڕێژیی گولەیان لێ بکات و بێدەنگ بن، بەڵام رونە چەکیان پێ نەبوە. دواتر، کۆمەڵەش وەڵامدەداتەوە و دەبێتە کێشە. دواجار بە گولە وەڵامی داواکەی ئەو چوار برایە دەدەنەوە و دوانیان [لوقمان و فەرمان] دەکوژن و دوانەکەی تریشی بریندار دەکەن. لە وێنەکەدا ببینن کە پێدەچێت لەناو سەیارەوە بوبن کاتێک کۆمەڵە دەستڕێژی گولەیان لێ کردبن. لەدواوەوە لە سەیارە دراوە.

ئەمشەو هیچ ماڵێک نییە خەم داینەگرتبێت. روداوێکی دڵتەزێنی وا زۆر کەم لەو ناوچەیە رویداوە. خەڵک توڕەیە و بە گشتیی پێیان وایە کۆمەڵە غەدرێکی گەورەی کردوە. نزیکەی تەواوی خەڵکی باڵەکایەتیی بە چەکەوە بەدرێژایی ئەمشەو لە گوندی گوندەژۆر کۆبونەتەوە. لەسەر پردی ناوەندە سەدان کەس کۆبۆتەوە. هەموان داوای هەق دەکەن. متمانەیان بە دەزگاکانی حکومەتی هەرێم نییە چونکە لە رابردوشدا مافەکانیان خوراوە. خەڵک لە رادە بەدەر توڕەیە، بارەگاکانی کۆمەڵە و حدک و حدکایان سوتاندوە. خەڵکەکە لە مزگەوت رایگەیاند کە قبوڵیان نییە هیچ بارەگایەکی ئەو حیزبانە لەوێ هەبێت، بەڵام بە هیچ شێوازێک داوای تۆڵە لە حدک و حدکا ناکەن و ئەوان هیچ تاوانێکیان نەکردوە. سوتاندنی بارەگاکانی ئەو دو حیزبە لە چوارچێوەی ئەو توڕەیییە جەماوەریییەیە کە تەواوی باڵەکایەتیی گرتۆتەوە.

ئەوپەڕی بێئەخلاقییە وەڵامی داوایەکی رەوای وڵاتییان بە گولە بدرێتەوە. تا ئێستا کۆمەڵە یەک چالاکیی دژی ئێران نەکردوە، سەرەڕای ئەوەی خەڵکەکە قوربانییان داوە و قبوڵیان بوە کۆمەڵە لەوێ هەبێ کە بە هۆی ئەوانەوە ناوچەکە تۆپباران کراوە، کەچی بەو بێئەخلاقییە وەڵامی داوای هەژاران و زەحمەتکێشانی ناوچەکە دەدەنەوە.

ئەوە تەواوی روداوەکەیە. بۆ ئەوەی کێشەکە گەورەتر نەبێت، دەبێت بەزوترین کات تاوانباران رادەستی دادگا بکرێن، هەرچەندە خەڵک بڕوای بە دادگاکان نییە.

 

كەمال چۆمانی

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.