پابەندبوونە دیپلوماسیەکانمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا بەرەو کوێ؟

لەلایەن ستاندار Posted on 688 جار بینراوە

یاسین نادر ڕەحمان

لەماوەکانی ڕابردوودا سەردانکردن و زیارەتکردن و گفتگۆی دوو قۆڵی و چەندقۆڵی بە نھێنی و ئاشکرای زۆرمان لە سەرکردەو وەفدە کوردیەکان پاش کۆبوونەوەی ڕۆژی (٧) حوزەیران کە بڕیاری ڕفراندۆمی کوردستان لە ٢٥/٩تیادا درا، بینی و ھەر لەو ڕۆژەوە ھەموومان چ لە ڕووی ئابووریی و سیاسیییەوە پێش ئەوەی ھیچ کەسێک قسە بکات ئەوە بەبیری ھەموان ھاتەوە، باشە ئەم ھەنگاوەمان نا، ھەڵوێستی دەوڵەتانی زلھێز و دراوسێی ناوچەکە بۆ ئێمە چی بێت ئایا بە ئاسانی و سانایی لەم بابەتە تێدەپەڕن.

لەکاتێکدا وا باشترە بڵێین ئەوان مێژوویەکیان بۆ ناکۆکی خستنە نێو ماڵی کورد لە مێژووی دامەزراندنی ٩٧ساڵەی شانشینی عێراق بەدواوە، بۆ ناوچە کوردیەکانی بەتایبەت لە سنووری وڵاتی عێراق و تورکیادا کە لوتکەی گەشەی ھێزی کوردی بوو تا ئێستاکەش خۆڵقاندووە.

ئیتر دۆخی کوردانی ناوچەکانی ژێر دەستی ئەم دوو وڵاتی (تورکیا و ئێران) با بوەستێت ھەروەک دیارە چەوساندنەوەیەکی تەواو و موتڵەقە بە نسبەت غەیرە نەتەوەی فارسبوون و تورکبوونەوەیەو ھەر دەم ئەوە میتۆدە بیرکردنەوەیە لە ھاوبەشێتی دیپلوماسی و حیواری ناوچەییان بووە کە ڕەگەزپەرەستێتی بەنسبەت ئەوانەوە بەناوی جۆراوجۆرەوە پەیڕەو بکرێت.

ئەوەی جێگای باس و خواستە لە پاڵ سەردانە دیپلوماسیەکانی کووردەکانی باشوور پاش بڕیاری ڕیفراندۆم بۆ ئەم دوو وڵاتە(ئێران وتورکیا)، سەردانە دیپلوماسیەکانی نێوان ئەم دوو وڵاتەش (تورکیاو ئێران)یش بەناوی جۆراوجۆرەوە زۆر بووە، کە ئەم دوو وڵاتە لە ڕابردوودا لە چاوی کامیراکانی دونیاوە دوو بەرەی دژی ناوچەکە بەمشێوەی خوارەوە بوون:

١- تورکیا ھەمیشە ئێرانییەکانی بەوە تاوانبار کردووە کە ئەوان پشتگیری لە ھەژموونی شیعەگەرێتی دەکەن و ھەنگاونان بەرەو دروستبوونی ھیلالی شیعیش لەم سۆنگەیەوەیە کە باس و خواست دەکرێت.

٢-لە دانیشتنەکانی میونیخ وەزیری تورکیا بە ڕاشکاوی بە ئێرانی گووت: وڵاتی ئێران فیرقەگەرایی لە ناوچەکەدا گەشەپێدەدات و ئەم سیاسەتەی ئێرانیش سەقامگیری و ئارامی لە زۆر لە وڵاتانی ناوچەکە وەکوو عەرەبستان و بەحرەین و وڵاتانی دەوروبەری کەنداوی فارس لاواز دەکات و ئەو لە ھەوڵی ئەوەدایە عێراق و سوریا بە دوو وڵاتی شیعەنشێن و شیعەگەرا بگۆڕێت کە ئەمەش مەترسیدارە و ئێمە دەبێت لەم لادانەوە سەرکێشییەی ئەوان واز نەھێنین.

٣- لە بەرانبەر دا ئێران لە بەرانبەری تورکەکانەوە دەڵێت: ئەوان گەڕانەوە بو ئێمپڕاتوریەتی عوسمانی و سنووری دەسەڵاتی لە نەخشەی نوێدا چیدی مەگەر لەخەوندا بیبیننەوەو ئەوان پشتیوان لە کارو چالاکییە چەکداری و تیروریستییەکانی سوریا و یەمەن و عێراق دەزانن.

ئیزافە بەم خاڵانەی سەرەوە “ئیتر لە ئاستی ئەمریکاش و ئیسرائیل و وڵاتی سعودیە وەک سەرۆکی بەرەی دژی شیعەگەرێتی لە ناوچەکەشدا، بۆچوونی ناسەقامگیرێتی لە ناوچەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوین و و لە ئەنجامدا لاوازکردنی وڵاتی سعودیەو بگرە ھاوپەیمانەکانیشێتی بە نسبەت ئێرانەوە نابێت لە پاڵ ئەمانەدا لەبیر بکریت”.

لەپاڵ ئەم خاڵانەو چەندان خاڵی ناکۆکی تری ناوچەیی و ئابووری، ئەم دوو وڵاتە لەم ئان و ساتەدا بیر لە ئەگەرەکانی پاش ڕیفراندۆم و بگرە دەوڵەتی تازەی کوردی لە پاش ٢٥/ ٩ دەکەنەوە و دەیانەوێت لە ھەندێک ئەگەردا ھیچ نەبێت لە پاڵ ناکۆکییەکانیان ھاوھەڵوێست لەبارەی بەرەی دژی ڕیفراندۆمی ناوچەیی بن کە خۆی لە ئەجیندای سەربازی و ئابووریی و بوارگەلی تر دەبینێتەوە کە بەکوورتی بەمشێوەی خوارەوەن.

١-ھەرێمی کوردستان ھەرچییەک بکات و ھەنگاوی دیپلوماسی قەناعەتپێکەر بۆ ئەوان بێنێتەوە لەم کاتەدا، ئەوان چالاکییەکانی ڕێکخراوی پ.ک.ک و پ.ژ.ک، بە چاوی گوومانەوە لە ناوچەکانی کوردستان لێ دەڕوانن و بە جۆرێک پشتیوانیکەری ئەوان وەکوو بەرەی کوردی لێ دەڕوانن، چوونکە دواجار لە گەورەترین ھاوبەشێتی ڕەگەزی واتە “کوردبوون”دا ھاوبەشن و بە مەترسیی گەورەتر لە چالاکییەکانی داھاتووی ئەم حیزبانە پاش ڕیفراندۆمی ھەرێمی کوردستان لە چالاکیکردنیان لە وڵاتەکانیاندا دەزانن.

٢-لە پاش ٤٠ساڵ دابڕان و دەستپێکردنەوەی سەردانی پلەگەورە سەربازیەکانی ئێران بۆ تورکیا و دیدار و گفتگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی گەورەی ئەم وڵاتە چاوەڕیی ئەوە نابێت بین کە دانیشتنەکانی ئەوان بۆ پارێزگاری لە دەوڵەتی کوردستانی داھاتوو بێت، چوونکە دوا پەیامی ئەوان لە ئەنجامی ئەو گفتگۆ و دیدارانە بە ڕوونی گووتیان: تەنانەت کردنی ڕیفراندۆم دەستپێکی ئاڵۆزی و ئاشوبچێتی لە ناوچەکەو بە تایبەت لە عێراقدا بە دواوە دەبێت کە پەلکێشی وڵاتانی ناوچەکەش بە دڵنیاییەوە دەبێت.

٣- ئەم دوو وڵاتە لە گفتگۆکانیان ھەنگاو و ڕای ئەمریکاو وڵاتانییی ئەوروپایانن لە ھەر قەزیەیەکدا بەدڵ نەبووبێت، دژایەتیکردنی ڕیفراندۆمی ھەرێمیان لە لایەن ئەوانەوە بەدڵ بووە و بۆیەشە بە گووشاری زیاتر تەنانەت بە داخستنی نوێنەرایەتی ھەرێمی کوردستان لە تورکیا و ئێرانیش بێت بەردەوام دەبن و ھەروەک گووتم ئەگەرە سەربازی و ئابووریەکان و زۆر شتی تریش کراوە دەبێت.

٤-یەکێکی تر لەو ھەنگاوە عەمەلی و کردەکیانەی تورکیاوعێراق دروستکردنی دیوارێکی گەورە ھەر لە ئێستاوە لە سەر سنوورەکانی عێراق بەھۆی تورکیاوەیە کە ئێرانیش پشتگیری دەکات و سەرەتایەک بۆ دابڕانی ناوچەیی دەتوانرێت لێی بڕوانێت، لەکاتێکدا ئەوان ئامانج لە دروستکردنی ئەم دیوارەیان کە بە درێژایی ٥٠٠کیلومەتر لە نێوان دوو ولاتدا دەبێت، لە بوونی چالاکیی حیزبە کوردستانیەکان و کردەوی تیروری تر و بوونی قاچاخ و قاچاخچێتی لە دروستکردنی ئەم دیوارەو بۆ پاراستنی سنوورەکانیان دەزانن.

ماوەتەوە بڵێین لە پاڵ ھەموو سەردانە دیپلوماسی و نادیپلوماسی و ھەرەشە ئامێزانە یان ھەڕەشە نائامێزانە، ھەرێمی کوردستان لە ئێستادا چ پاڵپشتییەکی بەھێز لە پشت ڕیفراندۆمەکەیەوە دەبینێت کە جەخت و تەئکید و مکوربوونی خۆی لە ئەنجامدانی لەکاتی دیاریکراوی ڕیفراندۆمدا ھەیە، کە ڕۆژ بە ڕۆژ ھەست دەکرێت لە ھەنگاوی سەرزەنشتکردنەوە بەرەو ھەنگاوی کردەکی و قەرەبوونەکراوەوە ھەنگاوەکان وەختە لە سەر ھەرێم پیادە بکرێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.