ڕزگارکردنی (فەزای گشتی) لە دەست فاشیزم

لەلایەن ستاندار Posted on 1398 جار بینراوە 0 سەرنج
Rzgar Ali

ڕزگار عەلی

بەشی یەکەم
فەزای گشتی چییە؟ فەزای گشتی لە مەجالی گشتییدا بە کۆمەڵگەیەک دەگوترێت کە نوێگەرایی تێدا بخوڵقێت، یان کۆمەڵگەیەک کە کە عەسری ڕۆشنگەری پێیدا تێپەڕ بووبێت و تێیدا بێت. بۆ گەڕانەوەی ئەم چەمکە دەتوانین بگەڕێینەوە بۆ لای (ئیمانیول کانت) کە لە یەکێک لە وتارەکانیدا لە ساڵی ١٧٨٤ لە (ڕۆژنامەی بەرلین) کە ئەو کات بەناوبانگترین ڕۆژنامە بوو، پرسیاری ئەوەی کرد، ڕۆشنگەری چییە؟ لێرەدا کانت ویستی لە ڕێگەی پرسیاری عەقڵییەوە ئینسان بگەڕێنێتەوە بۆ دۆخی عەقڵگەرا و بڕیاری عەقڵانییەت، ئەمەش واتە گوماندانان لەسەر کەنیسە وەکو تاکە بڕیاردەر و ڕێنیشاندەری ئینسان. دوای کانت ئەم چەمکە بە دیاریکراوی لە لە ساڵی (١٩٦٢) لە لایەن (یورگن ھابرماس) لە کتێبی ( بەرەو بونیادی فەزای گشتی) کە شیکردنەوەیەکی وردبوو دەربارەی فەزای گشتی و دەرکەوتەکانی کەوتە بەرباس. ھابرماس بە گەڕانەوە بۆ یۆنانی کۆن و دەرکەوتنی(شار) بە تایبەتتر شاری (ئەسینا) کە دیموکراسێتی ڕاستەوخۆی بۆ حوکمکردن ھەبوو، ئاماژەی بە فەزای گشتی و دەوری فەزای گشتی کرد. یورگن ھابرماس لەوێدا ئاماژەی بەوە کرد ئەم فەزایە واتە فەزایەکی ھاوبەش، ئەم فەزایە ئەو ھاوڵاتیانە دەگرێتەوە کە لە ناو فەزاکە لەسەر مەسەلەیەک بیرو ڕا ئاڵوگۆڕ دەکەن بۆ ئەوەی بگەنە بڕیارێکی ھابەش، یان خۆیان بە باشترین شێوازی حوکمکردن خۆیان بەڕێوە ببەن، واتە شعورێکی دەستەجەمعیی ھاوڵاتیانی شارێک یان شوێنێکە بۆ مەسەلەیەکی دیاریکراو کە پێویستە ئاڕاکانیان تێیدا بەشدار بن بۆ بەروپێشچوونی کۆمەڵگە. ئایا ئەو فەزایە لە کوێی دەوڵەتدایە؟ ھابرماس تەرکیز لەسەر ئەوە دەکاتەوە (فەزای گشتی) دابڕاوێکە لە سیاسەتی دەوڵەت، واتە دەتوانین بڵێن ئەو مەساحەیە کە لە نێوان دەوڵەت و ھاوڵاتی ھەیە. ئەگەر تەرکیز بکەین دەتوانین بڵێین ئەو فەزا زیندوو ڕۆشنگەرەیە کە زیندوێتی بە کۆمەڵگە دەبەخشێت و ناھێڵێت کۆمەڵگە لە دۆخی ھیچ سیاسەتێکی لابەلادا بمرێت، ھابرماس ئاماژەی بەم دۆخی زیندوێتی فەزای کۆمەڵگە دەکردو ناوی لێدەنا(دامەزراندنی خەیاڵی کۆمەڵگە)، خەیاڵی کۆمەڵگە کردەیەکی ئاڕاستەکراوە و ئایندە دەخوڵێنێت، واتە گۆڕینی داینەماکی کۆمەڵگە بۆ خۆ ئاڕاستەکردن، خۆگۆڕین و خۆتازەکردنەوە لە ڕێگەی سەربەخۆبوون و بەشداری ھەمووانەوە. ھابرماس لە کتێبی (گوتاری فەلسەفەی مۆدێرن) ئاماژە دەکات: ھەر کۆمەڵگەیەک ئەگەر تەنیا پارێزگاری لە خۆی بکات و لە گۆڕانی بەردەوام نەبێت کۆمەڵگە نییە. واتە گۆڕین و نوێکردنەوە جەوھەری فەزای گشتین. ئەگەر ئەم دۆخەی لەسەرەوە باسمانکرد بگوازینەوە کوردستان دەتوانین بڵێن فەزای گشتی (کۆمەڵگەی مەدەنی، مامۆستایانی زانکۆ، خوێنکاران، سەندیکاکان، لاوان، ئافرەتان و نووسەران و مامۆستایانی ئاینی و مامۆستایان و فەرمانبەران و ھونەرمەندان …) دەگرێتەوە، واتە ئەم چینانەن کە ڕۆحی زیندوێتی بە کۆمەڵگە دەبەخشن. ئایا لە کوردستان ڕۆحی زیندوێتی کۆمەڵگە ھەیە؟ یاخود بە دیاریکراوی (فەزای گشتی) ھەیە؟ ئەگەر فلاشباکێک ھەبێت و بۆ دۆخی ستەمکاری بەعس بگەڕێینەوە و لە دەیەی حەفتاو ھەشتاکان، ڕاستە بەعس لە ڕووی ھەژموونی عەسکەری و ھەواڵگیرییەوە وجودی ھەبوو، بەڵام ھەرگیز نەیتوانیبوو لە ڕووی بەعسیزم و ئایدۆلۆژیاوە کۆنتڕۆڵی کۆمەڵگەی کوردی بکات، کۆمەڵگەی کوردی لەو کاتە ڕۆحییەتێکی زیندووی ھەبوو، ھەمووان شایەتی ئەو ڕۆحییەتە زیندووی (فیلم، شانۆ، سینەما، شیعر، زانکۆ، گۆرانی و موزیک و بۆنە نەتەوەیەکان…) بووین، ئێستاش کاتێک درامایەکی کوردی ئەو سەردەمە لێدەدرێت کەسمان نییە (ئاخ) بۆ ئەو ڕۆحییەتە، ئەو فەزایە و خەیاڵکەرەی کۆمەڵگە ھەڵنەکێشین. جوڵانی دایناماکی ئەوان بە ئومێدی (یۆتۆپیا) بەردەوام بوونی ھەبوو. ئەی کەواتە چی ڕوویدا؟ ئەو فەزایە چی لێ ھات؟ خەیاڵی کۆمەڵگە بۆچی نییە؟ لە دوای ڕاپەڕین ئەبوایە ئەو خەیاڵە زیاتر بەرھەمبھاتایە، زیاتر درێژەی بەخۆی و داھێنانەکانی بکردایە، بەڵام ئەوەی بەعس نەیتوانی بیکات شۆڕگێڕەکانی دژە بەعس بەدەستی خۆیان کردیان، جەنگ و شەڕی ناوخۆ تەنیا براکانی بە کوشت نەدا، بەڵکو خەیاڵی کۆمەڵگە و فەزای گشتیشی کوشت، دوای جەنگ ھیچ ئاسەوارێکی (ڕۆحی زیندوو) نەما، کۆمەڵگە لە خەیاڵ و فەزا خاڵیبوویەوە، ھەموو شتێک دابەشی دۆست و دوژمن کرا. دۆخی کوشتنی ڕۆحی کۆمەڵگە بووە قوربانی کارئەکتەرەکانی پارتی یەکێتی کە لە ڕۆحی زیندوو یان خەیاڵی کۆمەڵگە تێنەدەگیشتن، ئەو عەقڵێتە شاخاوییە وەکو بۆمبێکی ئەتۆمی ھەموو شتێکی خاپور کرد. ئەم تەسەورە جەنگییە ناعەقڵانییە بەردەوام بوو تا جەنگ یەکلایی بوویەوە و بەعس ڕوخا، دواتر کۆمەڵگەی کوردی جارێکی تر ھەناسەی بە بەردا ھاتەوە، توانی خۆی ڕێک بخاتەوە، توانی خەیاڵ بکات بە سەرزەمینێکی جوانتر، توانی ڕۆحییەتێکی زیندوو بەخۆی ببەخشێت، بەڵام جارێکی تر عەقڵێت و ئاغاکانی شاخ خۆیان لە فۆڕمێکی تر نوێ کردەوە و تێکەڵەیەکی عەقڵییەتی شۆڕشگیڕی، ئابوری سوڵتانی و ئاغاییەتی و دەرەبەگییان دروست کرد، بە ھەموویان ئیمڕاتۆرییەتێکی فاشیزمان خوڵقاند، ئەم بۆمبێکی ئەتۆمی نوێ بوو بۆ وێرانکردتی تەواوی فەزای گشتی و خەیاڵی کۆمەڵگە، مەترسی گەورەی ئەم بۆمبە ئەتۆمییە ئەوەبوو ئەمجارە (فەزایی گشتی) نەکوژرا بەڵکو گۆڕا بۆ بەرھەمھینانەوەی فاشیزم، واتە فەزای گشتی پڕ دەبێت لەو نەمرودانەی سۆمەڕو ئاشور کە ھەزار جار لەو نەمرودانە ترسناک ترن، پڕ دەبێت لەو جاھلانەی کە ھەزار جار لەو جەھالەتە پێش ئیسلام ترسناکترن، پڕ دەبێت لەو مەلایانەی کە لە جیاتی عەدالەت ژەھر بەرھەمدەھێنن و دەیدەنەوە کۆمەڵگە بۆ ئەوەی دڵی سوڵتانی فاشیزم ڕاگرن.

بەشی دووەم

لە ئێستا فەزای گشتی فەزایەکی بێ ڕۆحە، ھیچ بەرھەمھێنانێکی عەقڵانی نییە، لەناو ھیچ دۆخێکی بەرەنگاریش نییە، نە شانۆ و نە سینەماو نە گۆرانی و نە ئاین و نە نووسەران و نە زانکۆ و نە گەنجان و نە ئافرەتان توانای خوڵقاندنی کارگەلێکی نییە لە خزمەتی موجتەمەع و ڕۆحیەتی زیندوو بەھا مرۆییەکان بێت، نەک ئەم فەزایە توانای خوڵقاندنی لە دەستداوە بەڵکو بووەتە جەلادی خۆشی، واتە ئەو ڕەنگ و بەھایانەی کە فەزای گشتی ھەڵیگرتووە کە بریتییە لە (بەھا مرۆییەکان و ئازادی و عەدالەت) ئێستا لە ڕیگەی ھەمان فەزاوە لەو بەھایانە دەدرێت، مامۆستایانی ئاینی لە جیاتی ھەڵگری شیعاری (عەدالەت، ئازادی و یەکسانی و بەرەنگاری) بەرانبەر ستەم و فاشیزم خۆیان دارو دەستەی فاشیزمن و بوونەتە کۆشتەی ئازادی و عەدالەت، مامۆستایانی زانکۆ لە جیاتی ئیبداعی زانستی و بەرزکردنەوەی ئاستی زانکۆکان و توێژینەوە لە دواکەتنی کۆمەڵگە و پەروەردەکردنی نەوەیەکی تازە بوونەتە مێگەل و لە چوارچێوەی ڕێخراوە بچوک بچوک و حزبییەکاندا دابەشکراون و فۆڕمی حزبیبوون پڕدەکەنەوە، ئەمە لە لایەکی تریش جەھالەت لە ڕێگەی جامیعە و نەک تەنیا بۆ خوێندکار بەڵکو بۆ سەرتاپای وڵات بەخش دەکەن، نووسەران لەسەر پشت پاڵیانداوەتەوە و لە چوارچێوەی خورافیاتی (ڕزگاری خودی) دەیان کتێب و بەرھەمی بێ مانا کە ھیچ ڕەبتی بە دواکەوتووی موجتەمەعەوە نییە بڵاودەکەنەوە، لە لایەکی تریش ئاماژە دەکەن و بەردەوام بە حەماقەتی سەقافەتی باڵاوە دەڵێن ( ژیانی ئێمە باشە و بە ئازادی دەژیم )، یان شیعاری جەبانێتیان ھەڵگرتووە یان بوونەتە بەشێکە لەو ماشینە گەورەیەی فاشیزم. شانۆی ڕاستەقینە لە ڕێگای شانۆی بازاڕی گاڵتەجاڕییەوە سوککراوە، سینەما لە ڕێگەی خوڕافیانی فیلمی خراپەوە لەناو براوە، گۆرانی لە ڕێگەی گۆرانی شەڕە جنێوەوە دوعای ماڵئاوای دەکات، کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕێگەی کۆمەڵگەی مەدەنی خۆیەوە کە ھەزاران ڕیخراوی فاشیزمی دۆستی حزبی دروستکراوە بێ ئەکت و بێ چالاکی کراوە، بەڵێ لە ئێستا زۆربەی زۆری ڕۆحە زیندوێتەکەی کۆمەڵگە لەناو دۆخێکی جەلادبوونی خۆدایە، لە ڕێگەی ھەمان ناو و ھەمان وەزیفەوە لەناوە ڕاستەقینەکە و وەزیفە ڕاستەقینەکە دەدرێت، واتە ئاین لە ڕێگەی ئاینەوە لە جەوھەری ئاین دەدات، مامۆستا خۆی مامۆستایە و لە بەھرەی مامۆستا دەدات، نووسەر خۆی نووسەرە و لە نووسەر دەدات، کۆمەڵگەی مەدەنی لە کۆمەڵگەی مەدەنی دەدات، ژنان ژن کۆیلە دەکەن، فیلم فیلم دەکوژێت، سینەما سینەما لەناو دەبات..،واتە ئێستا ئیبداعی فەزای گشتی ئەوەیە لە ڕێگەی ڕۆحییەتی فاشیزم لە ڕۆحییەتی (خەیاڵی کۆمەڵگەی کوردی) دەدرێت، بەم جۆرە نە فەزای گشتی ماوە و نە ڕۆحی زیندوێتی کۆمەڵگە. کوشتنی ئەم فەزایی دیارە مێژوویەکی درێژتری ھەیە، بەڵام بە دیاریکراوی دوای ڕوخاندنی بەعس ئەم فەزایە لە لایەن دەسەڵاتی فاشیزمی کوردییەوە بە تەکنیکی جیاواز و ھۆشیارییەوە زەبری کوشندەی بەرکەوتووە، ئەگەر فەزای گشتی لە ھەر موجتەمەعێک کۆنتڕۆڵ نەکرێت ھیچ ھێزێکی ستەمکار و فاشیزم ناتوانن خۆیان بسەپێنن، سەرکەوتنی فاشیزم لە ھەر شوێنێک ئەوەیە کە پێشتر فەزای گشتی کۆنتڕۆڵ کردبێت، ئەم کۆنتڕۆڵە زۆر بە ھۆشیارییەوە لە ڕێگەی دەزگاکانی فاشیزمەوە تەنانەت ھاتۆتە ناو خیزانەکانیش. لە ئێستادا ئەم سیستەمەی پارتی یەکێتی ھەیە جگە لە کارئەکتەری بودەڵە و کۆیلە و گەوجێتی نەبێت ھیچی تر ناخوڵقێنێت، ھیچ دەرفەتێک بۆ فەزای گشتی و کۆمەڵگەی کوردی نەماوە دەرفەتی خۆی بۆ بەرەنگای دژی فاشیزم و بەرەنگاری و خوڵقاندن بگرێتە بەر. بە کورتی ئەگەر بە وردی سەیری ئەم خاکە بکەین بواری ھەناسەدانیشی تێدا نەماوە، وڵات سەرتاپا وێران کراوە، خیانەتکار خیانەتکاری زیاتر دەخوڵقێنێت، دز دزی زیاتر دەخوڵقێنێت، جەھالەت جەھالەتی زیاتر دەخوڵقێنێت… ھەموو ئەمانە لە ھەڕەمی سیاسییەوە دێنە خوارەوە و لە خوارەوەش فۆڕمەکە دەدرێتەوە ھەڕەمی سەرەوە. ئەی کەواتە چی بکەین؟ دۆخی ڕزگاری لە کوێ بدۆزینەوە؟ بەرەنگاری دژی فاشیزم چۆن زیندوو بکەینەوە؟

یەکەم/ لەسەرەوە ئاماژەم بەو دۆخە کرد کە زۆربەی زۆری ئەو گروپانەی لە رێگای خۆیانەوە لە خۆیان دەدەن و بوونەتە جەلادی خۆیان، بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نییە بە ئاگاییەوە ئەوە دەکەن، دەسەڵات فاشیزم لێرە تۆڕێکی گەورەیە بە ئاگاییەوە ئەوانیتر بە نائاگاییەوە دەخاتە نێو پەیوەندییەکانی، واتە دۆخی ئەو گروپانە زۆربەی بە نائاگاییەوە خزمەت بە فاشیزم دەکەن، یەکەم ئیشی بۆ دۆخی ڕزگار ئەوەیە نەکەوینە ناو فاشیزم و فاشیزم بەرھەم نەھێنینەوە، ئەمەش لە ڕێگەی تێگەیشتنمان بۆ تاکتیکە جیاوازەکانی فاشیزم، دەبێت ئێمە تێگەیشتنمان لەو فۆڕمە فاشیزمە ھەبێت کە بەردەوام بە تەکتیک، سیناریۆی جیاواز و ماسک و دەمامکی جیاوازەوە لەناوماندایە، بە جۆرێک وا خۆی شاردۆتەوە کە دۆزینەوەی ئەستەم بێت، واتە تێگەیشتن لە تاکتیکی ئەوان ئەوەیە ھەم ناکەویتە ناو گەمەی شەیتانی ئەوانەوە ھەم دۆخی ڕزگاری و تاکتیکی ڕزگاری خۆت دادەڕێژیت. لێرەدا ئەم ھاوکێشەیە ئەوەیە بەس خۆت دەسەڵات بەرھەم مەھێنەوە بەشێکی زۆری گەورەی دەسەڵاتی ستەمکارت لەناوبردووە، واتە تێگەیشتن لە تەکتیک و فۆڕمی ئیشکردنی فاشیزم بەشێکی گەورەی دۆخی بەرەنگاری و ڕزگارییە، چونکە گەر ئێمە تێنەگەین لە ئیشکردنی فۆڕمی فاشیزم چۆن دەتوانین دۆخی ڕزگاری و بەرەنگاریمان بەرانبەری ھەڵبسەنگێنین؟

دووەم/ تۆڕێکی بەرەنگاری گەورە لە کوردستان ھەیە بەڵام ئەم تۆڕە بەرەنگارییە تەنیا بەرەنگاریی خۆیان و ئیشکردنی خۆیان لە پەرلەمان و ھەڕەمی بەرزی سیاسیی چڕکردۆتەوە. یەکەم کارێکی ئەم تۆڕە بەرەنگارییە گەورە ئەوەیە بزانێت ھەموو ئەو کارەساتەی بەسەرماندا دێت ھی ئەوەیە ڕۆحییەتی فەزای گشتی مردووە، کەواتە دەبێت تەحەولێکی گەورە لەم ھێزانە ڕووبدات لە پاڵ ئۆپۆزسیونی پەرلەمانی و ھەڕەمی سیاسی (ئۆپۆزسیونی کۆمەڵایەتی) و ئۆپۆزسیونی فەزای گشتی وجودی ھەبێت، نابێت بە تێگەیشتنمان بۆ دۆخی (لیبڕال) واز لەو فەزایە بھێنین، نابێت ئاماژەکانمان بۆ ئەوە بڕوات کە ئێمە دەستناخەینە ناو بازاڕ و جامیعە و ئابوری و تەواوی گروپ و شوێنەکان چونکە ئێمە ھێزێکی لیبڕاڵین، تەواوی شوێنەکان خنکێنراوە، ژەھرخوارکراوە و بێ وەزیفە کراوە و کۆیلەکراوە، ئەمە بە تەکتیکی جۆرا و جۆری فاشیزم کراوە، ئایا ئۆپۆزسیونی کۆمەڵایەتیش نابێت ھەموو ئەو شوێنانە لە کۆیلەکردن و ژەھردەرخواردبوون و بێ وەزیفەبوون ڕزگار بکات؟ یان دەتانەوێت کۆیلەبوون لە ژێر ناوی (لیبڕالییەت و نیولیبڕاڵییەت) وەکو خۆی بمێنێتەوە؟ بەڵێ دەبێت ئۆپۆزسیونی کۆمەڵایەتی شەڕی بست بە بست لەگەڵ جەھالەت و دۆخی کۆیلەبوونی ئەم گروپانە بکات و ڕزگاریان بکات، گەر ئۆپۆزسیونێکی کۆمەڵایەتی لە پاڵ ئۆپۆزسیونی سیاسیی و پەرلەمانی ھەڕەمی دەسەڵات ئیش نەکات، ئەو کات چۆن بەعس ڕەوخا بەعسیزم ھات و کەلتورەکەی نەڕوخا، ئەو کاتیش ھەڕەمی سیاسیش کۆتایی پێ بھێنین کەلتورەکەی تا ناکۆتا دەمێنێتەوە و دووبارە لە فۆڕمی نوێدا خۆی مانفێست دەکاتەوە.

سێیەم/ ئەو ئۆپۆزسیونە کۆمەڵایەتییە کە وەزیفەی ڕزگارکردنی فەزای گشتییە لە پاڵ (غەمی ھابەش)ی گروپەکان کە دۆخی ڕزگاری و بەرەنگاری لێخوڵقاندووە، پەرە بە ئایدیایەکی ھاوبەشیش بدات، غەمی ھاوبەش بە تەنیا ناتوانێت ھەموو گرووپەکان کۆبکاتەوە، یان وەزیفەی ڕاستەقینەی خۆیان بۆ بگەڕێنێتەوە، بەڵام ئایدیای ھاوبەشی لەگەڵدا بێت، ئەم گروپانە دەبنە شمشێرەکەی دیموکلیس و ھیچ شتێک لەبەردەمیدا خۆی ڕاناگرێت و ھەزار جار لەو چاوانە دەدەت کە کوێرکراون و شتەکان نابینن، ھەزار جار لە گوێیانە دەدات کە نابیستن. غەمی ھاوبەش کە شتە مادییەکانە پێویستە، بەڵام شتی مادییەت بە تەنیا جۆرێک خۆپەرستی تێدایە و ناتوانێت تاکەکان بکاتە گروپ، بەڵام (ئایدیای ھاوبەش) ڕۆحییەتی ئیشکردنی ئەو تاقم و دەستانەیە، حاڵەتێکی یۆتۆپیای خەیاڵی و واقیعگەرایە (ئایدیالیزم و ڕیالیزمە) کە ناتوانیت ئینسان بەتاڵ بکریتەوە لێی، چونکە مرۆڤ ناتوانێت بێ ئایدیا بژی کاتێک بەو ئاڕاستەی (ئایدیای ھاوبەشە) ئیشت نەکرد و ئایدیاکەت نەچووە ناو ڕۆحییەتی تاکەکان ئەوا ئەویتر تەسلیمی ئایدیای ھاوبەشی فاشیزم دەبێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *