کێ لەکۆمەڵ نیشتمانی ترە؟

لەلایەن ستاندار Posted on 581 جار بینراوە

دیاری محەمەد

لەڕابردوودا گەلی کورد لەباشوری کوردستان بەھۆی ھەستکردنی بە ستەم و چەوساندنەوەی نەتەوایەتی لەسەر دەستی ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکان، ھەر لەسەرەتاوە پەنای بردۆتە بەر خەباتی ڕزگاری بە ھەموو شێوەکانیەوە، پاش نسکۆی شۆڕشی ئەیلول، خولیای پێکھێنانی ڕێکخراوێکی ئیسلامیی لەدڵ و مێشکی ژمارەیەک لەزانایان و لاواندا سەری ھەڵدا، لەو خەباتەدا چەندین زاناو کەسایەتی ئیسلامیی بەرچاو ڕۆڵی گرنگ و سەرەکییان گێڕاو قۆناغی باشیان لەشۆڕش و خەباتی رزگاریخوازیدا بڕی، سەرەنجام لەساڵی (١٩٨٤)ەوە بووە رێکخراوێکی ئاشکراو لەژێر ناونیشانی (پەیوەندیی ئیسلامی)دا چووە قۆناغێکی تازەی خەباتی چەکداری دژی بەعس و بنکەو بارەگاکانی خۆی لەناوچە شاخاوییەکانی باشوری کوردستان دامەزراند کەکۆمەڵی ئیسلامی درێژەپێدەری خەباتی بزاڤەکانی پێش خۆیەتی.

ئەو خەباتەی ئیسلامیەکان دەستیان پێکرد جگە لەوەی ھەڵقوڵاوی ناخی گەلێکی ئاینپەروەر بوو، ھاوکات ھەڵگری بیرێکی نەتەوایەتیی کراوەبوو کەپێیوابوو کوردیش ئەو مافانەی ھەیە کەھەر نەتەوەیەکی تر لەسەر ئەم زەوییە ھەیەتی و مافی خۆیەتی لەخاک و نیشتیمانی خۆیدا سەربەرزانەو سەربەستانە بژی.
لەدوای راپەڕینیش کاتێک دەروازە نێودەوڵەتییەکان بەڕووی کوردا کرانەوەو دۆزە رەواکەی زیاتر بەجیھانی دەرەوە ئاشنا بوو، چەند ھەلێکی بۆ رەخسا کەلەئێستادا توانیویەتی بۆخۆی ھەرێمێکی نیمچە سەربەخۆ لەچوارچێوەی عیراقدا بەڕێوەبەرێت، ھەربۆیە چاوەکان لەسەر ئەوەن ئێستا کاتی ئەوە نزیکبۆتەوە کورد بەرەو سەربەخۆییبوونی یەکجاری بڕوات و ببێتە خاوەنی دەوڵەتی خۆی.

لەو روانگەیەوە کۆمەڵ لەساڵی (٢٠١٤)دا نەخشەڕێگایەکی بەناونیشانی (ھەوڵدان بۆ بەدەوڵەتکردنی کوردستان بە بەرگێکی یاساییەوە) خستەڕوو و داوای پێکھێنانی ئەنجومەنێکی نیشتیمانیشی کرد بۆ کاری دیبلۆماسی و یاسایی پرۆسەی سەربەخۆیی و داواشی کرد ئەو پرسە لەپەرلەمانی کوردستان بخرێتە بەرباس.

پرۆژەکەی کۆمەڵ درێژەپێدەری ئەو باوەڕەیەتی کەلەڕابردوودا لەشاخ خەباتی بۆکردووەو لەئێستاشدا لەرێی خەباتی سیاسی و مەدەنی و یاساییەوە درێژەی پێدەدات، سووریشە لەسەرئەوەی وەک کۆمەڵ لەگەڵ ریفراندۆمێکدایە کەئامانج لێی سەربەخۆیی بێت نەک پەردەپۆشکردنی قەیرانەکان.

کۆمەڵ پێیوایە سەربەخۆیی و ڕاگەیاندنی دەوڵەت بە قسەی خۆش و دروشم نابێت و پێویستە زەمینە سازیی بۆ بکرێت تائەنجامێکی باشی بەدوادا بێت.
دەستورێک کەمەرجەع بێت و کێشەکان یەکلابکاتەوە، ھێزێکی پێشمەرگەی نیشتیمانی، ژێرخانی ئابوری، تەبایی سیاسی، بەدامەزراوەکردنی کارەکان، دیبلۆماسیەتێکی یەکگرتوو، کەتەعبیر لەئیرادەی خەڵکی ھەرێمی کوردستان بکات نەک ئیرادەی حیزبێک، ھەموو ئەوانە پێویستن ئەگەر بیر لەسەربەخۆیی بکەینەوە.

کۆمەڵ وەک لەپەیڕەوی ناوخۆیدا باسی لێوەکردووە، تێدەکۆشێت بۆ چەسپاندنی مافی دیاریکردنی چارەنوس و دەستەبەرکردن و سەلماندنی ھەموو مافە ڕەواکانی گەلەکەمان، ھەروەھا بۆ یەکخستنی ڕیزەکانی گەل و نێوماڵی کورد، بەوپێیەی ھەرێمی کوردستان یەکپارچەیەو پێویستە یەک حکومەتی ھەبێت و ھەر چوار ساڵ جارێک ھەڵبژاردنێکی ئازادانە بکات، ھەروەھا دابینکردنی ئازادییە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان لەچوارچێوەی دەستورێکدا بەپێویست دەزانێت، کەجەماوەری گەلەکەمان بەبەرچاو ڕوونی لەڕیفراندۆمێکدا ئازادانە پەسەندی کردبێت، بەبڕوای کۆمەڵ گەل دەوڵەتێکی دەوێت کەدووربێت لەتیرۆری (تاک، کۆمەڵ، دەوڵەت)و ھەوڵبدات بۆ گێڕانەوەی ناوچە (تەعریب)کراوەکان و چەسپاندنی سنوری ھەرێمی کوردستان.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.