(گەیشتنەوە بە یەکێتییەکەی جاری جاران)

لەلایەن ستاندار Posted on 652 جار بینراوە

برهان سعید صوفی

بێ گومان دۆخی ئێستای یەکێتی، دۆخێکی تەندروست و گونجاو نیە،جێگای ئومێد بێت بۆ کادیران و جەماوەرەکەی، هەڵبەت هۆکاری سەرەکی ئەم نا تەندروست بوونەش لە قوڵبوونەوەی زیاتری کێشە ناوخۆییەکان و زیاد لە پێویست تاخیر بوونی چارەسەر نەکردنیانەوە سەرچاوە دەگرێ، بە جۆرێک کە خەریکە کێشە و جیاوازیەکانمان،بە تەواوەتی بەرەو لێکترازانمان دەبات لە پەیام و گووتار و تێڕوانینە گشتیەکانی یەکێتی بۆ کۆی کێشە و ڕووداو و پێشهاتە سیاسیەکانی کوردستان،کە بەڕای بەندە خەتەرترین دیاردەیە لەسەر پێگە و کاریگەری یەکێتی لە ئێستا و ئایندەدا،ئەمە لە کاتێکدا بەدرێژایی تەمەن و قۆناغی خەباتی یەکێتی،سەڕەڕای هەموو ئەو ڕەخنە و گلەیی و توانجانەی کە یار و نەیار سەبارەت بە کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی لێیان گرتووین،دڵی خۆمان بەوە داوەتەوە و ئومێدمان بۆ چارەسەری کێشەکان بە دووپات کردنەوەی ئەو ڕاستیە مێژووییەی ناوخۆی یەکێتی لەسەر دامەزراوە،کە هەمیشە گوتراوە(یەکێتی نیشتیمانی کوردستان٫هەرچەندە کێشە و جیاوازی هەبووبێت لە ناوخۆدا،بەڵام دواجار دید و پەیامی گشتی یەکێتی بۆتە خاڵی هاوبەشی هەموو کەس و لایەنە ناکۆکەکانی ناو یەکێتی٫ئەمە وای کردووە کێشە ناوخۆییەکان هەرگیز نەبنە کۆسپ لەبەردەم ڕێچکەی خەبات و تێکۆشانی یەکێتی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی)،بەڵام بەداخەوە خەریکە کێشە ناوخۆییەکان ئەم سنورەش تێدەپەڕێنن و ئەم ئومێدەش تێک دەشکێنن.

لێرەدا یەکێتی نیشتیمانی کوردستان،وەک هەنگاوێکی سەرەتایی و دەسپێک بۆ گەیشتن بە چارەسەری ڕیشەیی کێشە و ململانێکان،بە پشتیوانی و فشار و بەشداری هەموو دڵسۆزان و خەمخۆرانی یەکێتی،پێویستە بە بوێری و متمانەیەکی زۆرەوە ئەم هەنگاوانەی لای خوارەوە بنێت،لە پێناو زاڵبوون بەسەر ئەم دۆخە نەخوازراوەی ئێستایدا:

یەکەم:دانیشتن و لێک تێگەیشتن بۆ ڕێککەوتن و کۆکبوون لەسەر داڕشتنی پەیامێکی سیاسی یەکگرتوو بۆ یەکێتی،کە بە جۆرێک ئەم پەیامە جێگای ڕەزامەندی جەماوەر و کادیرانی یەکێتی و ڕەنگدانەوەی خواست و داواکاری و پێویستیەکانی خەڵکی کوردستان و قۆناغە سیاسیەکە بێت،وە هەروەها دەرئەنجامی ئەزموون وەرگرتن بێت لە ناڕەزایی خەڵک و جەماوەر لە ڕابردوودا لە یەکێتی،بێ شک دەبێ تێگەیشتبین لەوەی کە خەڵکی کوردستان لە ماوەی ڕابردوودا لە چ هەنگاوێکمان ناڕازی بووینە و بە هۆی چ کارێکمانەوە سزای داوین،وە بە پێچەوانەوە.

دووەم:گۆڕانکاری ڕیشەیی لە کۆی پۆست و پلە حزبی و حوکمیەکانی یەکێتی دور لە زاڵبوونی هەستی تەکەتول و خزم خزمێنە و تۆڵە کردنەوە،بەڵکو بە پێچەوانەوە دەبێت ڕەچاوی پڕەنسیپی(کەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو) بکرێت و بەو جۆرە دەتوانێت ئامانجی دڵسۆزانەی خۆی بپێکێت ئەم هەنگاوە،کە بێ گومان ئەم هەنگاوە هێز دەداتەوە بەر یەکێتی و ئۆڕگانەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو نەش و نما دەکەنەوەو دەچنەوە خزمەت نوێبوونەوە و گەشەکردنەوەی یەکێتی.

دڵنیام گرتنەبەری ئەم دوو هەنگاوە،وێڕای ئەوەی کە یەکێتی ساز و ئامادە دەکاتەوە بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی ئێستای و ڕێگر دەبێت لە لاوازبوون و پەرتەوازەبوونی یەکێتی،دەبێتە زەمینەیەکی گونجاویش بۆ بەستنی کۆنگرەیەکی تەندروست و بەسوود بۆ یەکێتی،کە لە ئێستادا ویستی هەموو یەکێتیەکی دڵسۆزە.

لە کۆتاییدا دەڵێم:
کەس و کاری سەربەرزی شەهیدان،هەڤاڵانی خەمخۆری یەکێتی،فەرماندە و پێشمەرگە تێکۆشەرەکان کادیران و ڕێکخراوەکان و خوێندکاران و لاوان و گشت چین و توێژە جیاوازەکانی ناو یەکێتی،ئێستا کاتی ئەوە نیە فریای حیزبە تێکۆشەرەکەمان بکەوین و هەموومان پێکەوەو بە یەک دەنگ فشار بخەینە سەر بڕیار بەدەستەکانی یەکێتی و پێیان بڵێین(بەڵێ بۆ گەڕانەوەی پەیام و دروشم بۆ یەکێتی،بەڵێ بۆ گۆڕانکاری لە سەرەوە بۆ خوارەوەی یەکێتی لە ناو حزب و حکومەت،بەڵێ بۆ بەستنی کۆنگرەو نوێبوونەوەی یەکێتی) ڕایدەگەیەنین بچوکتر بوونەوەی(ی.ن.ک)هەزم نــاکرێت. نۆرەی هەڵوێستی دڵسۆزانی یەکێتی دێتە پێشەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.