بەڵێ پەرلەمان بە تەنھا موڵكی لایەنێك نیە

لەلایەن ستاندار Posted on 691 جار بینراوە

برزۆ مەجید

بۆ درێژەدان بەو كودەتایەی كە پارتی بەسەر پەرلەمانی كوردستان ئەنجامیداوەو، بۆ بەردەوامبوون لەسەر شاردنەوەی قەیرانەكانی ھەرێمی كوردستان، بە تایبەت قەیرانی سەرۆكایەتی ھەرێم، ماوەیەكە; وەكو زەمینە خۆشكردنێك بۆ كارا كردنەوەی پەرلەمان دوور لە یەكڕیزی و ئیستیحقاقاتی ھەڵبژاردنی ٢٠١٣، گوێمان لە بەرپرسانی پارتی و بەشێكی یەكێتی وحیزبی تریش دەبێت باس لەوە دەكەن; كە پەرلەمانی كوردستان تەنھا موڵكی لایەنێكی سیاسی نیە(بێگومان مەبەستیان لە بزوتنەوەی گۆڕانە)و ناكرێت لەبەر خاتری لایەنێك چاوەڕێ بكەین و كارای نەكەینەوە. جا بەشێكی ئەم سیناریۆیە(لە حاڵەتێكدا ئەگەر جێبەجێكرا) ئەوەیە; كە بە خەڵكی كوردستان و وڵاتان بڵێن; ئەوە گۆڕانە لە دانوستاندنەكاندا نایەتە پێش و نایەوێت دۆخی كوردستان چاك ببێتەوەو، عینادی دەكات. بەمە دەیانەوێت گۆڕان ناشیرن بكەن.

جارێ بەر لە ھەموو شتێك، پەرلەمان دەبێ ئاسایی بكرێتەوە، ئینجا كارا بكرێتەوە. پاشان، ئەی ئەو كاتەی كە پارتی پەرلەمانی دوور لە ھەموو عورفێكی سیاسی و بە پێشێلكردنی یاسا پەكخست، بەشێك لە حیزبەكانی تر بۆ بێدەنگ بوون، بۆ ئەو كاتە نەیاندەوت: پەرلەمان بە تەنھا موڵكی لایەنێكی سیاسی نیە، تاوەكو بە ئارەزووی خۆی دایبخات. ئەم دژ بەیەكی و چەواشەكارییە لە گوتاری پارتی لەم بارەیەوە، پێویست بە قسەی زۆرو، شەرح كردن ناكات، چونكە پارتی خۆشی دەزانێت ئەوەی دەیڵێت راست نیە، بەڵام پشتی بە بێدەنگی بەشێك لە حیزبەكانی تر قایمە. بەڵام بۆ حیزبەكانی تر، ئەم دژبەیەكی و ھەڵگەڕاندنەوەی راستیەكان، ئۆباڵێكی خراپی گەورەیەو، لە زاكیرەی خەڵك و مێژوو ون نابێت.

لە دوای رووداوەكانی دوازدەی ئۆكتۆبەری ٢٠١٥، زۆر ھەوڵ درا بۆ ئەوەی وا لە خەڵكی كوردستان و وڵاتانی ئیقلیمی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بگەیەندرێت; كە كێشەی سەرەكی لە ھەرێمی كوردستان، پەرلەمانی كوردستانە، نەوەك كێشەی تر، بەڵام خۆشبەختانە، بەھۆی بەرزی ئاستی ھۆشیاری خەڵك و، ھەبوونی زانیاری لەلایەن وڵاتانەوە، ئەم ھەوڵی بەلاڕێدا بردنە سەری نەگرت، بۆیە لە ئێستادا دەبینین ھەر ھەوڵێك بدرێت بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان بە بێ چارەسەركردنی كێشەی سەرۆكایەتی
ھەرێم، ھەوڵێكی نایاسایی و نوقسانەو، خزمەت بە پرۆسەی سیاسی ناكات لە ھەرێمی كوردستان.

بۆیە ئەوەی گرنگە جەختی لەسەر بكرێتەوە، ئەوەیە; كە كێشەی پەرلەمان دروستكراوی كێشە سەرەكیەكەیە، كە بریتیە لە كێشەی سەرۆكایەتی ھەرێم، بۆیە ھەر ھێزو لایەنێكی سیاسی ئەگەر دەیەوێت راستگۆ بێت لەگەڵ ئەندامان و بەرنامە سیاسیەكەی، ئەوا دەبێ پێش، یاخود ھاوكات لەگەڵ ئاسایی كردنەوەی پەرلەمان، ھەوڵی چارەسەر كردنی كێشە راستەقینەكە بدات، كە سەرۆكایەتی ھەرێمە. بێگومان لە سەرووی ھەموو ئەمانەشەوە، پێویستە لابردنی پاشەكەوتی مووچەو ، چاككردنەوەی بژێوی خەڵك، كاری جدی و راستگۆیانەی لەسەر بكرێت و، لە پارتە دەسەڵاتدارەكان قبوڵ نەكرێت لەوە زیاتر یاری بە قوت و چارەنووسی ھاوڵاتیان بكرێت.

دواجار، ھەر حیزبێك بە بێ چارەسەر كردنی كێشەی سەرۆكایەتی ھەرێم و، بە بێ یەكڕیزی نیشتمانی و بە دەستكاری كردنی ئیستحقاقاتی ھەڵبژاردن و گۆڕینی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، بەم جۆرەی پارتی دەیەوێت، بەشدار بێت لە كارا كردنەوەی پەرلەمان، ئەوا بەشداربوونە لە تەواو كردنی كودەتاكەی پارتی.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.