بۆ ئەبوبەکر کاروانی دیکتاتۆر دەوڵەت دروست دەکات بەڵام گەندەڵ نا

لەلایەن ستاندار Posted on 545 جار بینراوە

فەرمان ڕەشاد

ئەو قسەی ئەبوبەکر کاروانی ڕاستیەکی تێدایە کە زۆرینەی وڵاتان بەشێوەیەک لە شێوەکان ئەوانەی سەرپەرشتی بنیاتنانیان کردون دیکتاتۆر بون بەتایبەت لەسەدەی ١٩ و ٢٠، ھەرچەندە دوو نمونەی گرنگ ھەن ئیسرائیل و سەنگافورا کە ئەوانەی لەپشت بنیاتنانی بونە پرۆژەی نیشتیمانی بونە، لەگەڵ ئەوەی ھەندێک لی کوان یوی سەنگافورا بە نیمچە دیکتاتۆر دادەنێن.

بەڵام دەبێ لێکۆلینەوە لە سروشتی دیکتاتۆرەکان بکەین، چۆن توانیویانە دەوڵەت دروست بکەن و، تایبەتمەندیان چی بوە؟ ماکیاڤیلی کتێبی (میر) کە بەکتێبی دیکتاتۆرەکان دادەنرێ پێشکەشی لۆرینزۆی دووەم کرد بە نیازی ئەوەی سودی لێببینێ بۆ ئەوەی ئیتاڵیا یەکبخات و سەربەخۆی بکات، بیسمارک لە ئەڵمانیا چەندین شەڕی گەورەی کرد بۆ یەکخستنی ئەڵمانیا لەژێر چەتری ئیمراتیۆریەتی ئەڵمانی بەھێزکردنی پێگەکەی، ئەتاتورکیش بەھەمان شێوە یەکەمجار شەڕی خاکی کردوە ئینجا بۆ سەربەخۆیی.

ھەموو ئەو نمونانە و ھی تریش دەریدەخات ئەوانەی ڕابەرایەتی بنیاتنانی ئەو دەوڵەتانەیان کردوە کاریزمای بەھێز بونە و خاوەنی پرۆژەی گەورەی نیشتیمانی بونە، واتە لە پاڵ دیکتاتۆری بونەکەیان پرۆژەیەکی گەورە ھەبوە، لەگەڵ ئەوەش دەتوانین بڵێین کە ئەو مۆدیلە تەقریبەن بەسەرچوە، بەنمونەی ئەو دەوڵەتیانەی لە دوای ١٩٩١ دروستبونە ھیچیان دیکتاتۆر دروستی نەکردون بەڵکو چەند پرۆژەیەکی نیشتیمانی بونە ڕابەرەکانیان تاکە کەس نەبونە.

ئایا ئەوەی لەکوردستان دەگوزەرێ دیکتاتۆریەتە؟

بە بەراورد لەگەڵ ئەو نمونانەی سەرەوە ئەوەی لەھەرێم ھەیە ھیچ تایبەتمەندیەکی دیکتاتۆری ھەڵناگرێ، بەڵکو سیستەمی فرە دەسەڵاتی و وردە دەسەڵاتی ھەیە، بەو مانایەی کە ئەگەر بەراوردی بکەین لەگەڵ ئەڵمانیا لەقۆناغی میرنشینەکانی ئەڵمانیا داین، ئەوە جگە لەوەی ھیچ پرۆژەیەکی نیشتیمانی نیە ئەوانە ھەڵگری بن، دەسەڵاتی کوردی دەسەڵاتێکی عەشایریە و سیما سەرەکیەکەی گەندەڵی و قۆرخکاریە، بەپێچەوانەی بیسمارک و ئەتاتورک و ئەوانی تر کە لە قۆناغی بنیاتنانی دەوڵەتەکان دوور لەگەندەڵی بونە ئەوەش سڕی سەرکەوتنیان بوە، دەسەڵاتی کوردستان خاوەنی کەسایەتی سەرو حیزبی نیە، بەڵکو لۆکاڵین و ناتوانن لە قاوغی حیزبی دەرچن، بۆ ئەوەش نمونە زۆر زۆرن کە زیاتر بیسەلمێنین دەسەڵاتی کوردی ھێشتا نەگەیشتۆتە قۆناغی دیکاتۆری بون، چونکە قۆناغێکی پێشکەوتوو ترە لە فرە دەسەلاتی لەرزۆک و نەبونی پرۆژەی نیشتیمانی.

بۆیە راستە دیکتاتۆرەکان دەوڵەتیان دروستکردوە کە ئێمە خاوەنی نین، بەڵام بە دڵنیایی گەندەڵەکان ناتوانن پرۆژەی نیشتیمانی و دەوڵەتداری سەربخەن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.