پەرلەمان لەنێوان گەل و پارتیدا

لەلایەن ستاندار Posted on 242 جار بینراوە

دلێر حسێن پیرۆمەری-كارۆخ عوسمان-ھۆشیار شێركاوەیی

دوای پەکخستنی پەرلەمان لەلایەن پارتیەوە بێ هەڵویستی لایەنەکانی تر ئەوەندەی تر بەبێ هێزی و لاوازی ملکەچی ئەمری واقیعی پارتی بوون، كەپارتیش بەڕەهایی دەستیگرتووە بەجومگە هەستیارەکانی هەرێم بەجۆرێک جگە لەڕۆلی شاگردی سیاسی هیچیتری بۆنەهێشتونەتەوە، بەتایبەتی برابەشیەکەی یەکێتی کەوەک زر برایەک لەحوکمڕانی چاوی لێ دەکرێت، بۆ ململانێ سیاسی وبەژەوەندی مانەوە لەحوكم بەكاردێت، بۆ برایانی یەکگرتوش ڕاستەو مامەڵەی برایەکی هەڵگیراوەی دەگەڵدا دەكرێت، پارتی لەکوێ ویستی لەدیوەخانەکەیدا چایەکی گەرمی دەرخوارد دەدات، جار جاریش لەھەمان دیوەخان تێی هەڵدەداو دەیسوتێنێ و دەیكوژێ، دواتریش موتوربەی دەکاتەوە سەر هەمان لقی دارەکەی. پەرلەمان موڵکی گەلە یان دیلی پارتیە؟

دوای پەکخستنی پەرلەمان کەم بون ئەولایەنانەی بەڕاستگۆیانە وئازایانە بڵێن پەرلەمان موڵکی گەلە نەک حیزب، کودەتای حکومەتی سرف حزب ڕەت بکەنەوەو سنورێک بۆ قۆرخی پەرلەمان لەلایەن پارتی دابنێن، ڕێز و شکۆ بۆ حیزبەکانیان و نوێنەرەکانیان دابنێن، خراپ و خراپترینی پارتی و نیچیرڤان بارزانی تێک بشکێنن. کاتێک پارتی پەرلەمانی پەکخست لەپێناو بەرەژەوندی حیزبی و شەخسی بوو، شەڕێكی بەردەوام بۆ پێناوی بەجێگەیاندنی ئەجێندای حیزبی بوو، بەتایبەت کە دڵنیابووەوە لەوەی بە كاری پەرلەمانی دۆخی دەستەڵاتی حزب خراپە، معادەلەکانی پەرلەمان بەدڵی ئەو نەبوون، بۆیە پەنای بردە بەر ئینقلاب بەسەر شەرعیەتدا. ئەمە دەسکەوتی حیزبە، بۆ پارتیش ئاساییە، کاتێک بەهیممەتی دەبابەی دوژمن دەسەڵاتی وەرگرتبێ زەحمەتە بکەوێتە ژێر کاریگەری خەباتی مەدەنی بەتایبەت کە بەرامبەرەکانی باش خوێندبێتەوە. ئەوە زانیمان پارتی چ سودێكی لە پەکخستنی پەرلەمان و ئیفلیجکردنی حکومەت بینیوە بەڵام ڕوون نیە لایەنەکانی تر چيان دەسکەوت كە بەمجۆرە ملکەچی ئەو ئەمری واقیعە بوون كە پارتی داینەمۆیەتی، روون نیە سودە یان ترس.

ئەگەر سود بێت بەرامبەر مەبدەئ و دەنگدەرانیان ڕاستگۆ نەبونە، ڕۆلی چەواشکاریان بینیوە، ئەگەر ترسیش بێت ئەوە لەگەڵ مۆرال و ئەتەکێتی حیزبی سیاسی یەکانگیر نیە، ناکرێ بەحیزبی سیاسی ناوزەد بکرێن، باشترین ناو كەبۆیان دابتاشرێت (دواكەوتەیە) نەک حیزبی خاوەن روئیا وبەرنامەی سەر بەخۆ. پارتی بۆ لەبڕی دوێنێ ئەورۆ پێداگرە لە کاراکردنەوەی پەرلەمان (بەقەولی خۆی)، کە وشەی کاراکردنەوە هیچی کەمتر نیە لەکودەتاکە، پەرلەمان ناکارا نەبوە تاکارابکرێتەوە پەرلەمان پەکخرا دۆخێکی نائاسایی و نایاسایی دەرحەقکراوە، دەبێت ئاسایی بکرێتەوەو لەکوێ پچراوە دەبێت لەوێ دەست پێ بكاتەوە. دواین لێدوانی فازیل میران کە پەرلەمان بەموڵکی گەل دەزانێ دەڵێ; (موڵکی حیزبێک نیە بۆیە پێویست ناکات لەسەر حزبێک بوەستن بۆکاراکردنەوەی)، بەڵێ ئێمەش دەڵێین; (پەرلەمان موڵکی حیزب نیە، بیرت نەچێ ئێوە پەرلەمانتان بەبارمتە گرتوە، هاوشێوەی دەرگای زیندانە نهێنیەکانتان قفلتان داوە لەکوێ ویستان یاری بەكلیلەكەی دەکەن). پێویستە پەرلەمان بەجۆرێک ئاسایی بکرێتەوە بخرێتە بەرژەوەندی هاوڵاتیان و چاککردنی بژێوی خەڵک و چارەسەری ئەسلی پرسە چارەنوسسازەكان، تەسپیتی یاساو ڕێساو دەستوری ژیانكردانی ھەرێم لەئێستاو بۆ داھاتووش، یەكێكیان كەیاسای سەرۆکایەتی هەرێمەو پارتی بە كابوسی خەونەکانی دەبینێت، چونكە ئەم یاسایە بەربەستی دادەنا لەبەسوڵتانی كردنی ڕژێم و هەتاھەتا حوکمی میرنیشنی وبنەماڵەو كردەوەی دزێو لەفەرمانگێڕیدا. دەزانێ بەدەر لەچارەسەرکردنی ئەو کێشانەو نوسینەوەی دەستورێکی مۆدێرن وشارستانی چ گرنگیەکی هەیە، پەرلەمان کارا بێت یان نا چ گرنگیەکی هەیە کاتێک دیلی دەستی حزبی فەرماندار بێت و لایەنەکانی تریش پاسەوانی قیت ڕاوەستاوی ئەو بەندیخانەیە بن کە پەرلەمانی تێدا بەندکراوە. بەدەر لەچارەسەری ڕیشەیی بۆ کێشەکان گۆڕان ئامادە نیە چیتر گوێ بۆ داوا بێ ماناکانی پارتی و دواكەوتەكانی بگرێت، ئامادەی هیچ سازشێکیش نیە لەسەر مەبدەئی چاككاری ئیداری و سیاسی كە گوزەرانی خەڵكی كوردستانی پێوەبەندە، بۆیە دەرگا واڵایە لایەنەکان ئازادن چۆن و بەچ جۆرێک پلانەکانی پارتی جێ بەجێ دەکەن.

پلانی B چی یە؟

ماوەیەک گوێبیستی پلانی Bی پارتی و هاودەستەكانی دەبین، جا بەئامانج بێت یان نا، ئەو پلانەش هاوشێوەی پلانەکانی تر ئەرزشی نابێت، پلانێک پەراوێزخستن وتەریکی لایەنەکانی تێدابێت بۆ ئێوە باشەو گۆڕان تێیدا مەوجود نابێت، پلانێك داڕێژەری (پیلان) بێت بۆ ئیدامەدان بەم دۆخەی كە خۆیان دروستیان كردووەو گەل و ئایندەی وڵات تێیدا زەرەرمەندە گۆڕان ناچێتە ژێر ھەژموونی. ئامانج لێ دروستکردنەوەی بنەماڵەنشین و دوو سەڵتەنەی هاوبەشی دەسەڵاتێك كە وەكو دووبرا شەراكەتی جوتڕەوی دەكەن بۆ دوو جوگرافیا کەلەئەسڵدا یەک نیشتمانە، پلانێک بۆ پەردەپۆشکردن ودرێژەپێدانی نەهامەتیەکانی ڕابردوو و بەتاڵان بردنی سامانی خەڵك و گێڕانەوەی ئەزمونی حوکمڕانی شکستخواردووی بیست وشەش ساڵی ڕەبەق، پلانێک کە (میت) ڕێكخەری بێت و خەونی سوڵتانیزم، خەونی مانەوەی سوڵتەی ئانارشی لەجوگرافیایەکی دەوڵەمەند و گەلێكی برسیدا تاقی بكرێتەوە ئێمە نەك لێی بەرین بەڵكو زۆر بەسەختیش دژایەتی دەكەین.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.