بومەلەرزەکەی ناوگۆڕان!

لەلایەن ستاندار Posted on 628 جار بینراوە

ئارام قادر حەمەسور

بێگومان بزوتنەوەی گۆڕان تا ئێستاش جیاواز لە حیزبەکانی تر سیاسەت و ئابوری شەخسی نەبۆتە کێشە لە ناویدا، هەرچەندە کارڵ مارکس دەڵێت سیاسەت و ئابوری دوو ڕووی یەک دراون، کاک نەوشیروان بەرژەوندی ئابوری شەخسی نەبوو بۆیە بوو بەسەرکردەی خاکی و هەژاران، بەڵام کاتێک سەرکردەکان لە پارە و موڵکدا غەرق دەبن توشی فەشەلی سیاسی دەبن، بەتایبەت بۆ هێزێک کە تاسەر دوژمنایەتی گەندەڵی و بنەماڵە پەرستی کردبێت.

بڵاوکردنەوەی تاپۆکردنی موڵکەکانی گۆڕان بۆ دوو کوڕەکانی وەک بومەلەرزەی سیاسی ناو بزوتنەوەی گۆڕان دەبێت، دەبێتە هۆی دروستکردنی درزی گەورە لەنێوان گۆڕان و دەنگدەرانی، چونکە ئەم کارە لە دڵی گۆڕان دەدات کە پارە نەویستی و خۆپەرەستییە، یەکێک لەجوانییەکانی گۆڕان تێکەڵ نەکردنی بنەماڵە و سیاسەت و ئابوری شەخسیە، گەڕانەوەی موڵکەکان بۆ کوڕەکانی کاک نەوشیروان بزوتنەوەی گۆڕان توشی نەخۆشی شەکرەی سیاسی دەکات، نیشانە گەورەکەی شەکرەش لاوازبوون و نەکردنی چالاکی سیاسی گەورەیە، لەڕابردوودا گۆڕان وانیشانداوە کە جووتحیزبی دەسەڵات لەسەر هەنگوینی دەسەڵات و پارە دەژین، گۆڕان بەردەوام ڕەخنەی لە سیاسەتی ئابوری شەخسی یەکێتی و پارتی گرتووەو کێرڤی دەنگەکانی پێ زیاد کردووە، بڵاوکردنەوەی بەیاننامەکەی دووکوڕەکانی کاک نەوشیروان لاوازە، چونکە ئاماژە بە پێدانی موڵکەکان ناکەت بۆ بزوتنەوەکە.

بزوتنەوەی گۆڕان دەبێت نەبێتە ئەوستایلە ناشیرینەی حیزبەکانی دەسەڵات، ئەوکات خێرا بەرەو پوکانەوەی جەماوەری دەڕوات، گۆڕان دەبێت جیاوزبێت لەو کولتوورە سیاسییەی کەپێیوایە هەموو حیزبەکان وەک یەکن، ئەم تاپۆکردنانەی موڵکەکانی گۆڕان بۆ کوڕەکان گەر بەتەواوی یەکلابێتەوە بومەلەرزەیە، چونکە یەکەم جار لە کەسایەتی سیاسی کاک نەوشیروان دەدات و سحری کارنامە سیاسییەکەی گۆڕان بەتاڵدەکاتەوە، باشترین کار تاپۆکردنی موڵکەکانە بۆ بزوتنەوەکە ، چونکە کوڕەکان کاک نەوشیروان سەرمایەی مەعنەوی باوکیان بەشیان دەکات و بەگەورەی دەیان هێڵێتەوە، خۆ تێرنەکردنی شەخسی لەناو گۆڕان درێژە پێدانی ڕیبازی باوکی هەژارانە، پێچەوانەکەی کۆپییەکی سیاسییەقەڵەوەکانی ناو یەکێتی و پارتیی دەبێت و بومەلەرزەکە وێرانکردنی گۆڕانی لێدەکەوێتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.