ئەزموونی عەمر خالیدەکان لە کوردستان دووبارە مەکەنەوە!

لەلایەن ستاندار Posted on 628 جار بینراوە

هاوژین عومەر

هەموومان ئەوە دەزانین کە (عەمر خالید) بۆ ساڵانێکی زۆر بانگخوازێکی دیار و خۆشەویست و خاوەن کاریگەریی گەورە بوو لە نێو شوێنکەوتوانی هەموو ڕەوتە ئیسلامییە جیاجیاکاندا، بە تایبەتیش لە نێو چینی گەنجاندا. ئەو وەکو بانگخوازێکی میسریی، ناوبانگ و خۆشەویستی و کاریگەریی و پرۆژەکانی سنووری میسریان تێپەڕاندبوو بۆ هەموو وڵاتانی ئیسلامیی و عەرەبی. نەک بە تەنها عەمر خالید، بەڵکو ژمارەیەک بانگخوازی دیکەی هاوشێوەی عەمر خالیدیش هەبوون. ساڵی ۲٠۱٠ تۆڕی (بی بی سی) بڵاوی کردەوە کە ژمارەی جەماوەری (عەمر خالید) زیاترە لە جەماوەری میدیاکاری بەناوبانگ (ئۆپرا وینفری). ساڵی ۲٠٠۷یش گۆڤاری (تایم)ی ئەمریکی بە یەکێک لە کەسایەتییە زۆر کاریگەرەکانی جیهان دەستنیشانی کرد.

کێشەی ئەم عەمر خالیدانە ئەوەبوو، وەک ئەوەی بانگخوازی سەرکەوتوو بوون، بەڵام نەیان توانیوە خاوەن ڕوئیا و هەڵوێست و پرۆژەی سیاسیی دروست و سەرکەوتوو بن، واتە لە لایەنی سیاسییەوە، لەبری ئەوەی لە بەرەی هێز و ڕەوتە ئیسلامییە سیاسییەکان خۆیان ببیننەوە، بەرەی دەسەڵات و دەوڵەتە ستەمکار و دژ بە هێزە ئیسلامییەکانیان هەڵبژارد، یان لانی کەم وەکو پێویست هاوخەمی ڕەوتی ئیسلامیی و قوربانییەکانیان نەبوون.

عەمر خالید و چەند بانگخوازێکی دیکە، لە ئاستی کودەتاکەی تەمموزی ۲٠۱۳ى میسر و دوورخستنەوەی موحەممەد مورسی لە سەرۆکایەتیی کۆماری ئەو وڵاتە، وەکو پشتیوانێکی کودەتاچییەکان دەرکەوتن و (سیسی)یان هەڵبژارد نەک (مورسی)، شوێن پرۆژەی سعودیە و ئیمارات کەوتن نەک ئیخوان. ئەنجامی ئەو لایەنگرییەشیان بۆ پرۆژەی کودەتاچییەکان، بریتی بوو لە بچووکبوونەوەی کەسایەتییان و بە جارێک ڕێز و خۆشەویستییان لە دڵی زۆرێک لە مسوڵمانانی ناوچەکە و جیهانی ئیسلامیی و عەرەبییشدا کاڵبوویەوە و ئێستا لە بیری زۆرێک لە هەوادارانیشیاندا نەماون.

هەرچی پەیوەست بە دۆخی هەرێمی کوردستانیشە، ئێستا کە لە بەردەم ژمارەیەک بژاردەی سیاسیی مەترسیدارداین بۆ چۆنێتیی ئیدارەدانی هەرێم و درێژکردنەوەی تەمەنی ستەمکاریی و قەیرانەکان و دەسەڵاتی گەندەڵکاران بە ناوی چارەسەری دۆخی سیاسی و قەیرانەکانەوە، لێرە و لەوێ دەبینین کە ژمارەیەک بانگخوازی تێکەڵ بە ڕەوتە سیاسییە ئیسلامییەکان، وەکو کارەکتەری سیاسیی دێنە سەر شاشەی میدیاکان و سیناریۆکانی کاراکردنەوەی پەرلەمان و چارەسەری دۆخەکە بەیان دەکەن، تەبعەن لە گۆشەنیگای دەسەڵاتە ستەمکارەکەوە، نەک سیناریۆ و پرۆژە و پێشنیازەکانی هێزەکانی بەرانبەر دەسەڵات، بەتایبەتیش پرۆژەی برا ئیسلامییەکانی دیکە بۆ چارەسەر. لەوەش سەیرتر، خۆت وەکو بانگخوازێک، مەیلت بە لای بەشداریی لەو سیناریۆیەدا هەبێت، کە لە بنەڕەتدا کودەتایە بەسەر شەرعییەت و لە ناویشیدا یەکێک لە برا مسوڵمانەکانت و ڕەوتەکەی، ڕەنگە ببنە قوربانیی ئەو کودەتایە لە حاڵەتی ڕوودانیدا.

لێرەدا گرفتەکە ئەوە نییە تۆ وەکو بانگخوازێک، یان خاوەن پاشخانی ئیسلامیی، پرۆژەیەکی سیاسیی دیکە و جیاواز لەوەی براکەت تەبەننی بکەیت، چونکە هەموان بیروبۆچوون و دنیابینی و خوێندنەوەی تایبەت بە خۆیان هەیە و بوونی پرۆژەی جیاواز حاڵەتێکی سروشتی و نۆرماڵە. گرفتی سەرەکیی لەم نێوەندەدا ئەوەیە، تۆ وەکو بانگخوازێک کە ساڵانێکە باسی بەها باڵاکانی ئیسلام و مەقاسیدی پەیامی ئیسلام بۆ خەڵکی دەکەیت، کە لە ناویشیدا بەرگرتن لە ستەم و ستەمکاریی هەیە، کەچی خۆت داخڵی پرۆژەیەکی ستەمکاریی بووبیت، یان لانی کەم دەست و پەنجەت لەگەڵی نەرم کردبێت. لەوەش سەیرتر، تۆی بانگخواز لە بەرانبەر کودەتاکردن بەسەر (مورسی)دا، ڕەخنەی جددییت لە بانگخوازێکی وەکو (عەمر خالید) و هاوشێوەکانی گرتبێت کە پشتی کودەتاچی و ستەمکارەکانیان گرتووە و، چوار پەنجە درێژەکەشت وەکو پشتیوانی و هاوخەمیی بۆ قوربانییانی (مەیدانی ڕابیعەی عەدەویی) بەرز کردبێتەوە، بەڵام خۆت لە کوردستان هەمان ڕەفتار و ئەخلاقی سیاسیی (عەمر خالیدەکان) دووبارە بکەیتەوە. ئەم حاڵەتەش دەلالەت لە بوونی خەلەل و کەموکورتیی مەنهەجیی دەکات لە بیر و تێگەیشتنی ئەو جۆرە کارەکتەرە ئیسلامییانەدا.

لەم نێوەندەشدا ئەوەی ماوە بیڵێین ئەوەیە، ئەگەر ئەو هەڵوێستانەی عەمر خالیدەکان هەڵە بووبن، ئەوا دەبێت بۆ کەسانی هاوشێوەی ئەویش هەڵە بن. دووبارەکردنەوەی مامەڵە و هەڵوێستە سیاسییەکانی (عەمر خالید) و هاوشێوەکانی، هەمان دەرئەنجام و کاریگەریی سلبییان دەبێت لەسەر خاوەنەکانیان، ئەوەی دووبارەیان دەکاتەوە لە کوردستان، دەبێت چاوەڕێی مرداربوونەوەی کەسایەتیشی بکات. هەربۆیە ئەگەر خۆتان و پەیام و کەسایەتییتان خۆش دەوێت، ئەوا ئەزموونی عەمر خالیدەکان لە کوردستان دووبارە مەکەنەوە!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.