شێرزاد شێخانی
لەگەڵ نزیكبونەوەی وادەی ریفراندۆمی پارتی رۆژ بەرۆژ دۆخی ناوچەدابڕێنراوەكان ئالۆزترو ناخۆشتر ئەبن. لەسەرەتا بە(نەخێر)ی پێكهاتەكەكانی توركمانو عەرەب دەستی پێكرد،تا گەشتە سەر داگرتنی ئاڵای كوردستان،ئێستاش كار گەیشتۆتە سەر گەمارۆدانی شاری مەندەلی، دواتریش ئەگاتە سەر هێرش بردنە سەر بارەگای حزبە كوردیەكانو، لەگەڵ یەكەم تەقەی تفەنگیشدا ناوچەكان بەگشتی گڕ ئەگرن..
ریفراندۆم لەناوچە دابڕێنراوەكان لەبەردەم دو ئەگەردایە. یان تەنها لەو ناوچە كوردیانەدا ئەكرێ كە خالیسەتەن یاخود زۆرینەی كوردن وەك مەخمور و خانەقینو هەندێ ناوچەیتر. یان سندوقی دەنگدان تەنها لەگەڕەكە كوردیەكانی ئەو ناوچانەدا دائەنرێن،ئەمەش خۆی لەخۆیدا ئیستفزازی ئەوانیتر ئەكاتو زەحمەتە لەوێش بەئارامی پرۆسەكە بەِرێوە بچێت.لەهەردو حاڵەتیشدا ئاسان نیە پرۆسەكە لەناوچە دابڕێنراوەكان بە ئاسایی تێپەڕێ، بەتایبەتیش كە ئێستا هێزێكی زۆری حەشدو عەسائیبو رێكخراوە شیعەكان لەناوچەكەدا بڵاو بونەتەوە دوور نیە بۆ پشتگییری لەعەرەبو توركمانەكانی ناوچەكە بێنەدەنگ، ئەمەش ئەگەری پێكدادانی چەكداری زۆر بەهێزتر ئەكات.ئەو مەترسییانەش بۆیە وا بەگەورەیی وێنای ئەكەم چونكە بەپێی قسەكانی پارتی وبارزانی ئەم ریفراندۆمە بۆ سەربەخۆیی وجیابونەوەیە لەعیراق.
سوننەی عیراق بەدرێژایی 80 ساڵی حوكمرانی خۆیان لەعیراقدا بۆ یەك لەحزەش سازشیان لەسەر یەك بستی عیراق نەكرد،كاتێك شۆڕشەكانی كوردستان سەریانهەڵدا، سەرباری ئەوەی هەمو یان لەپێناو(لامەركەزیەتو خودموختاریو ئۆتۆنۆمی راستەقینەو فیدرالی) بونو كورد بریاری خۆیان دابو لەناو چوارچێوەی عیراقدا بمێننەوە و مافەكانیان لەدەستوردا بچەسپێنن،بەڵام حوكمی سوننە بەئاگروئاسن لەدژی ئەو مافانە وەستان تا گەیشتە ئەوەی تاوانی جینوسایدیش ئەنجامبدەن.ئێستا دە ساڵە شیعەكان حوكمی عیراق ئەگێڕن،هیچ مەنتیقی تێدانیە بەقەدەر سوننەكانی عیراق پەرۆشی یەكپارچەیی خاكی عیراق نەبن،ئاوا بەئاسانی دەستبەرداری ناوچەكی فراوانی خاكەكەی بن بە پانتایی سێ یەكی خاكی عیراق،بۆیە بەدووری نازانم شیعەكانیش بەدەفعی مەرجەعە باڵاكانیان شەڕێكی موقەددەس رابگەیەنن لەدژی كورد بۆ پاراستنی یەكێتی خاكی عیراق.
جا با بێینەوە سەر باسی تەرازوی هێزە شەڕكەرەكان بۆ ئەوەی بتوانین هەڵسەنگاندنێكی واقیعیانە بكەین بۆ ئەو هێزانەی ئەچنە ناو جەنگەكەوە.
حەشدی شەعبی بەپێی هەندی خەملاندنی چاودێرە سیاسیەكان خۆی لەنزیكەی یەك ملیۆن چەكدار ئەدات.جەماعەتی عەسائیبو رێكخراوی تری سەر بەشیعەو خۆبەخشەكانی ناوچە دابڕێنراوەكانیش (توركمانو كەمەنەتەوەیەكانی تر) ژمارەیان كەم نین.. ئەگەر بەتێكڕا حیسابیان بكەین دور نیە خۆی لە ملیۆنێك و نیو بدات.لەبەرامبەریشدا هەمو هێزی پێشمەرگە بە لیواو فەوجە تایبەتیەكانیش ناگاتە 250 هەزار كەس. لەبارەی چەكیشەوە شیعەو هێزەكانیان دەوڵەتی عیراقیان لەپشتە بە هەمو ئیمكانیاتێكی لۆجستیەوە بەهێزی ئاسمانیشەوە،لەبەرامبەردا پێشمەرگە نە چەكی قورسو تەقەمەنی زۆرە نە فرۆكەشی هەیە، لەدوای ئەوەش ئەو یارمەتیە لۆجستییەی وڵاتانی هاوپەیمان بۆ شەڕی داعش داویانە بەپێشمەرگە،بێگومان بۆ شەڕی سەربەخۆیی وجیابونەوە لەعیراق هیچ جۆرە یارمەتیەكی هێزەكانی پێشمەرگە نادەن.ئەمریكاش بەراشكاوی وتویەتی كەوا كاتی ریفراندۆم نیە، خۆیشی یادداشتنامەی ئەمنی لەگەڵ عیراقدا هەیە، ئەگەر بەپێی ئەو رێكەوتنەش هاوكاری عیراق نەكات لەم شەڕەدا،لانیكەم خۆی ناكاتە تەڕەفێك لەشەڕو بێدەنگی لێئەكات.
ئێران چەندینجار هەڕەشەی لەهەرێم كردوە لەبەرامبەر ریفراندۆم،تەنانەت ئاماژەی بە هێنانی سوپای پاسداریشی كردوە، هەر كاتێك شیعەكانی عیراق كەوتنە ناو شەڕەوە دوور نیە ئەوانیش بێنە ناویەوە،ئەوان كە ساڵانێك لەپێناو پاراستنی رژێمەكەی بەشار ئەسەد ئامادەی هەمو جۆرە هاوكارییەك بوبن، بێگومان بۆ شیعەكانی عیراق بەدڵو بەگیان ئامادەی هاوكارییان ئەبن.
توركیا لەوەزعێكی ئیقلیمیو دەولی زۆر نالەباردایەو زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا كەوتونەتە دژایەتی رژێمەكەی ئەردۆغان، بەم حاڵەیەوە توركیا ناتوانێ خۆی بخاتە ناو ئەو شەڕەوە، ئەگەرچی هەندێ كەس باس لەوە دەكەن توركیا لەژێرەوە هانی بارزانی ئەدات بۆ جیابونەوەو بەقوبرسكردنی هەرێمی كوردستان، بەڵام لەهەمو حاڵەتێكدا پارتی وبارزانی ناتوانن توركیاوسوپاكەی راپێچی ئەو شەڕە بكەنو لەبەرامبەر ئێرانو عیراقدا بیكەنە پشتیوانی خۆیان.
كەواتە ئەگەر شەڕ رویدا لایەنی بەهێز عیراقو شیعەكانن. بەم هێزەوەش ئەكەونە ناو شەڕەكەوە كە ئەنجامەكەی مەعلومە،چونكە پێشمەرگە ئەوپەڕی دو یان سێ هەفتە ئەتوانێ خۆی لەبەرامبەر دوژمنەكەی رابگرێ دوایی لەبەرامبەر پێشڕەوییەكانی هێزەكانی شیعە پاشەكشە بكات تا سنوری رەسمی ئێستای هەرێمی كوردستان، ئەمەش مانای ئەوەیە ئیدی هیچ سنورێك نامێنێ بەناوی ناوچە دابڕێنراوەكانی مادەی 140 دەستوری عیراق، واتا بچوكبونەوەی سنوری هەرێمی كوردستانو لەدەستدانی كەركوكو خانەقینو تەنانەت مەخمورو دەستبەسەراگرتنی نەوتەكەی كەركوكیش، ئینجا لێرەدا ئابوری كوردستان بەشێوەیەكی تەواو دائەڕوخێو حكومەت ناتوانی روبعە موچەكەی ئێستاش بداتەخەڵكەكە. نابێ هەڕەشەكانی هادی عامریشمان لەبیر بچێ كە وتی” كۆتایی بە هەرێمی كوردستان ئەهێنین و شتێك نامێنێ بەناوی دەوڵەت لەناو دەوڵەتدا”. لەدوای شەڕیش دۆخێكی تازە دێتە پێشەوە كە تەرازوی هێزی سیاسیش گۆڕانی بەسەرا دێ و كورد ئەو هێزە گەورەو گرنگە نامێنێ لەسەر ئاستی بڕیاری سیاسی لەعیراقدا.ئەمانە هەموی دەرهاوێشتەی ئەو پرۆسەی ریفراندۆمەیە ئەگەر پارتیو بارزانی سوور بن لەسەری.
بەپێچەوانەوە پێموایە ئەگەر پارتی وبارزانی ئەم پرۆسەیە لەئێستادا دوابخەن بۆ پاراستنی رۆڵی كورد لەپرۆسەی سیاسی عیراقدا ئەویش بەرێكەوتن لەگەڵ بەغدا بۆ چارەسەری كێشە هەڵپەسێردراوەكان و ئاساییكردنەوەی وەزعی سیاسی لەعیراقداو دواخستنی پرۆسەی سەربەخۆیی بۆ كاتێكی گونجاوتر لەرووی ئابوریو سیاسیو دەولییەوە، قۆستنەوەی ئەو هەلەش بۆ رێكخستنەوەی وەزعی ناوخۆی هەرێمو بنیاتنانی ئابورییەكی بەهێزترو پتەوتركردنی پەیوەندییەكانی كورد لەگەڵ وڵاتانی دەرەوەو فەراهەمكردنی ئازادییە دیموكراسییەكان لەناوەو، بەدامەزراوەكردنی دەسەڵاتو گێڕانەوەی هەیبەتی دامودەزگا یاساییەكان بۆ ئەوەی ژێرخانێكی باشتر هەبێت لەداهاتودا بۆ سەربەخۆیی..بەبێ رێكخستنەوەی وەزعی ناوخۆو دەستەبەركردنی پشتگییری نێودەوڵەتیو گێڕانەوەی متمانەی جەماوەر بەحزبەكانی كوردستانو دابینكردنی ژینگەییەكی ئابوری بەهێز بۆ سەربەخۆیی، كوردستانوئەزمونەكەشی توشی ئاشبەتاڵێكیتر ئەبنەوە، ئەوسا بۆ سەد ساڵیتریش كوردستان ناتوانێ مافەڕەواكانی میللەتەكەی دەستەبەر ناكاتەوە.