کاراکردنەوە یان کوشتنی ئیرادەی گەل

لەلایەن ستاندار Posted on 604 جار بینراوە

کەمال ئاسکەندەر

بینەوبەردە و مراوەغەی حزبە دەست ڕۆیشتوەکان بۆ تێپەڕاندنی قۆناغەکە بوە بەکارتێکی سوتاوی ئێکس پایەر بەتایبەت هەوڵی بەیاسایی کردنی هەموو ئەو کارە نایاساییانەی بۆ بەرژەوەندی حزب بەسەر میللەت دا سەپێندراون ، لەکاتێکدا ئومێد و مەترسیە سەختەکانی داهاتوو لە سەر هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بەجۆرێک کەڵەکە بوە بەتەواوی داهاتوو بوە بە تارمایی و کابوسێکی ترسناک .

لەدیارترین هەنگاوە نایاساییە بەرچاوەکان کە لەچەند ساڵی ڕابردوو بەدیدەکرێن بەنمونە پەکخستنی پەرلەمان و بڕیاری پاشەکەوتی موچە ، هەموومان دەزانین بەیەک تەلەفۆنی هەڕەشە ئامێز شەرعی ترین و باڵادەست ترین دەسەڵات کە نوێنەری ڕاستەقینەی گەلە پەکی خرا ، بۆچی مەترسی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی هەبوو ؟ بەبڕیارێکی کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بەبێ بونی هیچ پاڵپشتیەکی یاسایی بڕیاری پاشەکەوتی موچەدرا ، بۆچی مەگەر موچەخۆران هۆکاری قەیران بون یان بەفیڕۆدانی داهاتەکان و ناشەفافیەت لە گرێبەست و داهاتەکانی نەوت ؟ پرسیاری جددی ئەوەیە بۆچی ئەوەی بەتەلەفۆنێک و کۆبونەوەیەک تێکدەدرێت بەدەیان کۆبونەوەو بەچەند ساڵ وەکو خۆی لێنایەتەوە ؟ ئەرێ بێ زەحمەت بۆچی پەرلەمان کارادەکەنەوە ؟ بۆ ئەوەی بڕیارە نایاساییەکەی پاشەکەوتی موچە هەڵبوەشێنێتەوە تاگیرفانی فەرمانبەران گەرم بێتەوە و مافەکانی خۆیان وەربگرنەوە ؟ یان بۆ ئەوەی لەکۆبونەوەکانی پەرلەمان دا بڕیار بۆ هێنانەوە داهاتەزۆرە ونکراوەکان بکرێت بۆ ئەوەی قەیرانی دارایی تێ پەڕێنین ؟ یان بۆ ئەوە کارای دەکەنەوە بۆ ئەوەی بەدواداچون بکات بۆ ئەو گیرفانە گەورانەی لەسەر داهاتی میللەت هەوڵی پڕکردنەویان دەدرێت بەڵام هیچ کات پڕنابن هەردەم ( هل من مزید ) وەکو دروشم دوپاتدەکەنەوە؟ ئەگەر بۆ ئەوانە کارای دەکەنەوە دەستان خۆش بێت هەر حزبێکیش هاوکار نەبێت ئاژاوەگێڕە ، بەڵام ئەگەر بۆ بەیاسایی کردنی بڕیارە نایاساییەکان و تێپەڕاندنی قۆناغ وپرسێکی تایبەتە ئەوە مەیکەن چونکە پەرلەمانێکی پەکخراو زۆر باشترە لەتیرۆری ئیرادەی گەلێک. لەکۆتاییدا دەزانم ئێوە لەدەنگی ناڕازی و ڕەخنەکان بێزارن ، دەزانم لەڕۆشبیری واقیع بین و قەڵەمە ڕەخنەگرەکان بێزارن ، بەڵام ئەوەش بزانن هەموان لە دەموچاوە دوبارەکان بێزارن کە شەوانە شاشەی میدیاکان داگیر دەکەن ، بزانن هەموان بێزارن لەزەردەخەنەی بێ ئەنجامی سەرمێزی گفتوگۆی کۆبونەوەکانتان.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.