ماران گەستی لەگوریسان دەترسی

لەلایەن ستاندار Posted on 673 جار بینراوە

ڕەشاد گەڵاڵی

لایەنە سیاسیەکانی کوردستان مافی خۆیانە هەمیشە ترسیان لەهەنگاو و ئاڕاستەو شێوازی هاوپەیمانیەتی پارتی بکەن چونکە لەپێناو باڵادەستی و هامش کردنی ڕۆڵی لایەنەسیاسیەکان ئامادەیە ڕێکەوتن وهاوپەیمانیەت لەگەڵ دووژمنیش بکات بەئاڕاستەی لاوازکردنی ڕۆڵ پێگەی نەیارانی لەپڕۆسەی سیاسیدا باگراوندی لایەنەسیاسیەکان لەگەڵ پارتی لەهەرێمی کوردستان لێوان لێوە لەبێ متمانەیی لەحزبێك کەهەمیشە خۆی لەبۆسەناوە بۆ ئەولایەنانەی سەنگ و ڕۆڵیان هەیە لەپڕۆسەی سیاسیدا بۆیە ئەوەی ئیمڕۆ دەبینرێت و دەگوزەرێت دەرخەری ئەوڕاستیەی سەرووە کەپارتی لەسەرئاستەکانی نێوخۆ-عیراق-هەرێمایەتی-نێودەوڵەتی سەنگ و ڕۆڵ و پەیوەندییەکانی بەرەو لاوازی وپوکانەوە دەچێت و لەهەمانکاتدا ئێستا پارتی وەك حزبێکی باوەڕو متمانەپێکراو سەیر ناکرێت و نابینرێت تاکەهۆکاریش بۆ ئەمە پەت پەتێنێتی لەسەرچەندین یاریی مەترسیدارلەسەر هەرسێ ئاستی نێوخۆو عیراق و هەرێمایەتیدا ،
لەم نوسینەم مەبەستمە بەتەك ئەم بابەتەهەستیارەوئاڕاستە هەڕەشە ئامێزە دووفاقیەکەی گوزەر بکەم و بەچەند دێڕێك شەن و کەوی ڕاستیەکان بکەم کەئێستا لەناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم بەڕۆژی ڕوناك دەگوزەرێت هیوادارم بتوانم تیشک بخەمە سەر ڕاستیەکان پەنجە بخەمە سەر وشە بەئاڕاستەی ڕونکردنەوەی زیاتروگەر بکرێت خزمەتێکی بچوکی خوێنەربکەم چونکە دابەش بوونی هەرێم بەسەر دووبەرەی نەخێرو بەڵێ دابەش بوونی قوڵی نەتەوەیی دەگەیەنێ بۆیە پێویستی لەهەڵوەستەکردن هەیە ،
چەند ڕۆژێکە ئەنجومەن و پارێزگای کەرکوك وئەنجومەن و قائیمقامی قەزاو بەڕێوەبەری ناحیەکان لەسنوری شارەکانی کەرکوك ، دیالە ، صلاح الدین کەکەوتوونەتە سنوری ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم بڕیاریانداوە شان بەشانی هەرێم بەژداری پڕۆسەی ڕیفراندۆم بکەن لەسەر دووئاست ،
١- ئاستی یەکەم ئەو سنورانەی کەوتوونەتە ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی کورد هەرچەندە فرەپێكهاتەو فرەنەتەوەو مەزهەب و ئاینەو لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە دەپارێزرێن ،
٢-ئاستی دووەم ئەو سنورانەن کەکەوتوونەتە ژێردەسەڵاتی ئیدارەو سوپاو حەشدی شەعبی کەچی لەئیدارەو ئەنجومەنەکانیان بڕیاریان داوە لەگەڵ هەرێمی کوردستان پڕۆسەی ڕیفراندۆم لەو یەکە ئیدارییانە جێ بەجێ بکرێت کەئەم هەڵوێستانە جێگەی شانازی هەموونەتەوەی کوردو دڵسۆزێکە لەهەرێمی کوردستان ،
لەبەرامبەر ئەو هەڵوێستە ئەرێنی و جوامێرییانەی کەرکوك و هاوشێوەی لەشارەکانی دیالەو صلاح الدین کەچی دەبینین لەزۆنی زەرد بێ دەنگی هەڵبژێردراوە لەپارێزگای نەینەوا لامان ڕوونە سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا کوردەو سەر بە حزبێکی دەسەڵاتدارو دیاریکراوی کوردستانەو لەسەر ڕیفراندۆم لەسنوری قەزاو ناحیەکانی سنوری ئەم پارێزگایە دەنگێکی بەرزبۆ پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی نابینرێت و نابیسرێت لەسەر هەردو ئاستی سنورەکانی ژێردەسەڵاتەکانی پێشمەرگەو ئەو سنورانەی کەوتوونەتە ژێری دەسەڵاتی ئیدارەو سوپاو حەشدی شەعبی لەسەهلی نەینەوا تاکو دەگەیتە تەلەعفەر ،
من هاتووم لێرەوە دەپرسم ئایا کاتی نەهاتووە هەڵمەتی ڕیفراندۆم دەست پێ بکرێت لەم سنورانە یاخود هاندانی ئەنجومەنی قەزاو ناحیەکان بۆ پاڵپشتی کردن و بڕیاردان لەنێو ئەنجومەنەکانیان وەك پاڵپشتێکی یاسایی و مەعنەوەی لەپرسێکی چارەنوسسازی وەك ڕیفراندۆم ئەرکی ئەو هەڤاڵانە نیە یاخود هەڤاڵان بڕیاریان داوە بێ دەنگی لەسەر ئەو پرسەهەڵبژێرن ،
لەکۆتا دەڵێم لەدوورەوە هەست بە بۆن و چڕە دووکەڵێك دەکەم سەرتاپای دەڤەرەکەی داپۆشیوە هەرلەکەرکوك تاکو دەگەیتە بەرزاییەکانی حەمرین ، چونکە ئاماژەکانی پشتی پەردە وامان پێ دەڵێن بەرزبوونەوەی هەرچڕە دووکەڵێك دەرەنجامێکی دەرەکی لەپشتەوەیە
بۆیە دەڵێم لەدوەورەوە هەست بەهەڵکەندنی چاڵ دەکەم لەلایەن براکانەوە لەبەرامبەر دەسەبەرکردنی بەرژەوەندیە ئابووری وگۆڕانکاری لەهاوکێشەو هاوپەیمانیەتیەکان چونکە جیهانی ئێستاو پەیوەندیەکانی سەردەم خۆی لەبەرژەوەندی ئابوریدا دەبینێتەوە جا ئەگەر ئەم بەرژەوەندیە لەگەڵ دوژمنیش بێت دڵنیابن سڵی لێ ناکاتەوە ، بۆیە مافی خۆمانە بڵێین ماران گەستی لەگورسیان دەترسی و بەهەستیاری مامەڵە دەکات لەگەڵ پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەکان و بەهەستیاریش هەنگاو بۆ ئایندەی ڕەوشەنتردەنێت .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.