بۆچی راوێژکارەکانی م.سەلاحەدین ھێرش دەکەنە سەر مەسعود عەبدولخاڵق؟

لەلایەن ستاندار Posted on 754 جار بینراوە

ئاری عەبدوڵڵا

یەکگرتووی ئیسلامی دوای کەرتبونە (٥ بە ٥)ی ١٩ی ئابی پەرلەمانی کوردستان، ترس لە جیابونەوەی باڵی بادینانی و لە پێناو مانەوەی حزبەکە وەکخۆی، رۆژ دوای رۆژ ئیرادەی باڵی بادینانی یەکگرتوو کۆنترۆڵی تەواوی سیاساتی حیزبەکەی کرد. بەو ھۆیەوە یەکگرتوو بوە حزبێک “روو لەدەسەڵات و پشت لە شەقام”… پاڵنەرە دەرەکیەکانیش دەگەڕێتەوە بۆ وابەستەیی یەکگرتوو بۆ “ئاکەپە و ئەردۆغان” ئەو حیزبەی بەتەواوی خستۆتە ژێر ھەژمون و ھەیمەنەی پارتی دیموکرات، کۆی ئەو ھەنگاوانەش یەکگرتووی ئیسلامی لە حیزبێکی جەماوەری وەچەرخاند بۆ حیزبێکی بەرژەوەندیخواز و بەشێک لە دەسەڵات.

یەکگرتوی ئیسلامی ئەو گۆڕانکارییەی بەسەری ھات، تۆشی توڕەیی شەقام و رەخنەی رۆشنبیر و نوسەران بویەوە، بەڵام لەبڕی ئەوەی یەکگرتوی ئیسلامی توڕەیی و رەخنەی رۆشنبیر و شەقام و ئازادیخوان بکاتە خاڵی بەخۆداچونەوە و راستکردنەوەی ھەڵەکانی حیزبەکەی، بەڵکو بەپێچەوانەوە سەنگەری لە رۆشنبیر و شەقام و ئازادیخوازان گرت، زۆر بەتوندی بەرپەرچی دانەوە. کە ئەمەش بەشکستی زیاتر بۆ ئەو حیزبە شکایەوە زیاتر بنکەی جەماوەری ھەڵوەری، فکرەی ئیخوانی بەیەکجاری شەقام و کۆمەڵگا بێئومێد کرد.

لەچوارچێوەی سەنگەر گرتنی یەکگرتوی ئیسلامی لە ئازادیخوازان لە ماوەی چەند مانگی رابردوو دوو راوێژکاری “مامۆستا سەلاحەددین” ھێرشی زۆر توندیان کردۆتە سەر “مەسعود عەبدولخاڵق”، ئەمەش ئەوەی لێدەخوێندرێتەوە بە تەوجیھی خودی مامۆستا سەلاحەدین ئەو ھێراشانە بکرێت، ئەگەرنا پێویستە لە سەر “مامۆستا سەلاحەددین” بە زووترین کات بە رەسمی داوای لێبوردن لە “مەسعود عەبدولخاڵق” بکات.

مەسعود عەبدولخاڵق لە دیمانەکەی “ئێن ئار تی”دا تیشکی خستە سەر:
– دواخستنی ریفراندۆم دەستکەوت نیی، بەڵکو شکستە.
– ئەمریکا دوژمنی گەلی کوردستان نییە، دەسەڵاتدارە گەندەڵەکان دوژمنی گەلی کوردستانن.
– چەند جارێک ھەڵەی قانونی نێودەوڵەتی بۆ راوێژکارەکەی مامۆستا سەلاحەدین راستکردەوە.
– بەیاننامەی پیرۆزبایی “پارتی و یەکگرتو و یەکێتی” لە عێراق بە بۆنەی دەرچونی لە بەندی حەوت.

ئەو چەند خاڵە بوونە بیانوی ھێرشە ناڕەواکانی راوێژکارەکەی مامۆستا سەلاحەدین، کە دابەزییە نزمترین ئاستی دیالۆگ و بە زمانێکی زبر و بازاڕی توڕەیی خۆی دامرکاندەوە، کە پێشتر خۆی بۆ ئامادەکردبوو، کە ھەر لە سەرەتای بەرنامەکە گوتی خۆزگە سیفەتی رسمیتان نەگوتبایە بۆ ئەوەی زمان کراوەتر بێ، کەچی ھەر بە سیفەتی رەسمیەکەی “راوێژکاری ئەمینداری گشتی” ھەموو سنورەکانی ئەدەبی دیالۆگی تێپەڕاند، بە پێی ئەو زانیاریانەی دەستمكەوتوە ئەو هێرشانە بە تەوجیهی  ئەمیندار و مەكتەبی سیاسی یەكگرتووە بۆ ئەوەی لە  “مسعود عبدالخالق و دەزگای ستاندەر” بدەن، یەکگرتووی ئیسلامی بەوشێوە سوڵتەی بکەوێتە دەست سەری ھەموو ئازادیخوازان پان دەکاتەوە، لە ئێستادا کە ھیچ دەسەڵاتێکی عەسکەریان نییە، وا بەرامبەر نوسەر و رۆشنبیر و ئازادیخوان دەجولێنەوە.

لە رابردودا “دەمپاکی و ئەدەب و جوان رەفتاری”خاڵی شانازی و جیاکەرەوەی کادیرانی یەکگرتووی ئیسلامی بوو، بەڵام ئێستا خاڵی بونەتەوە لە ھەمووی، خراپترین شێوازی زمان و رەفتار بەرامبەر نەیارەکانیان بەکاردێھێنن، تەنھا جوێن و سوکایەتی رێگای پەرچەکرداریانە، تا زیاتریش لە دەسەڵات نزیکتر بکەونەوە لە کۆمەڵگا و ئەو بەھا و پرنسیپانە کە لەسەری دامەزراون، دورتر دەکەونەوە.

مسعود عەبدولخاڵق بە درێژایی کاری نوسینی و لێکۆلینەوەی سیاسی رەخنەی زۆر توند لە دەسەڵات گرتووە، بە تایبەتی یەکێتی و پارتی، بەڵام ھیچ کادیرێکی ئەو دوو حیزبە زاتی ئەویان نەکردوە ئەو زمان زبرییە، بێرێزییە، خراپ رەفتارییەی راوێژکارەکانی مامۆستا سەلاحەدین بەرامبەر مسعود عەبدولخاڵق بەکار بھێنن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.