دەوڵەت بە قیڕەقیڕ دروستناکرێت

لەلایەن ستاندار Posted on 560 جار بینراوە

دەوڵەت بە قیڕەقیڕ دروستناکرێت

مەریوان وریا قانع

تا دوێنیکە بارزانی دەیگوت ھیچ کەس و وڵاتێک دژ بە ڕیفراندۆمەکەی ئەو نییە و ئەوانەی ئەو جۆرە قسانە دەکەن دەیانەوێت خەڵکی کوردستان بترسێنن و بە لاڕێیدا بەرن. کەچی ئێستا خۆی بەدەنگی بەرز ھاواردەکات و سەری لەوە سوڕماوە کە ھەموو دونیا دژ بە ڕیفراندۆمەکەیەتی. پێدەچێت نە لای بارزانی خۆی و نە لە دەوروبەرەکەیدا شتێک بەناوی ”بینین“ و ”بیرکردنەوە“وە بوونی نەبێت. ئاخر ئەوە چ بەدحاڵیبوون و نەزانینێکە چاوەڕوانی ئەوەبیت و وابزانیت دەوڵەت لە ڕێگای ڕێزگرتنی پرنسیپە ئینسانییەکانەوە دروستدەکرێت. چاوەڕوانی ئەوە بیت بە بەرزکردنەوەی گوتاری مافەکانی مرۆڤ بتوانیت دونیا بکەیتە ھاوڕێی خۆت و نەخشەی سیاسیی ناوچەکە بگۆڕیت. (ئەمە لە کاتێکدا حوکمڕانییەکەی خۆت ڕۆژانە سوکایەتیی بە مافەکانی مرۆڤ بکات و کۆمەڵگاکەت وەک خوڵامێکی بێماف مامەڵە بکەیت). لەمەش خورافیتر ئەو ڕوانینە ترسناکەی تری پارتی و بارزانیە کە دەڵێت ئێمە دەمانەوێت لەگەڵ عێراق و ئێران و تورکیا دا ببین بە ”دراوسێیەکی باش“. کەسێک پێنج دەقیقە لەو ناوچەیەدا ژیابێت دەزانێت ئەم گوتارە چ بەدحاڵیبوون و ئیستیقالەکردنێکی گەورە لە بیرکردنەوە، ئارستەی دەکات.
ئەوەی لە دونیای ئێمەدا پێویستە لای ھەمووان ئاشکرابێت، لەپێش ھەموانەوە لای بارزانی و پارتەکەی، ئەوەیە دەوڵەت بە چاوەڕوانیکردنی چاکەکاریی لە ھێزە نێودەوڵتییەکان و بە گێڕانەوەی حیکایەتی مافەکانی مرۆڤ و بە نەڕەنەڕێکی فس فس پاڵەوانانە و بە گوتارێکی ئەخلاقیی سەتحیی دەربارەی دراوستێیەتی باش، دروستناکرێت. دەوڵەت بەھێز دروستدەکرێت، ھێزی ڕووت. ئەوەی ئەمڕۆکە نە پارتی و نە ھاوپەیمانەکانی، یەکێتی و یەکگرتو، نیانە ئەو ھێزەیە، ئەو توانایایە کە وادەکات دروستکردنی ئەو دەوڵەتە ھەم بەسەر ناوچەکە و ھەم بەسەر کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا بسەپێنێت. نەک ھەر ئەمە بەڵکو بارزانیی و پارتەکەی بەشدارن لە لاوازکردنێکی بونیادیی و قووڵیی کۆمەڵگا و ئینسانی ئێمەدا. لە پەکخستنی یاسا و دەزگا و بەھاکاندا. لە وێرانکردنێکی سیاسیی و ئەخلاقیی و ویژدانیی ئەو کۆمەڵگایەدا کە ٢٦ ساڵە حوکمڕانیدەکەن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.