حیساب بۆ کەس ناکەین

لەلایەن ستاندار Posted on 545 جار بینراوە

فەرمان ڕەشاد
شەو و رۆژ ھێمن ھەورامی و بەرپرسانی تری پارتی بۆ تۆمەتبارکردنی ئەو خەڵکەی بە دیدێکی قوڵتر سەیری پرۆسەکەیان دەکرد دەیگۆت جگە لەئێران ھەمو دنیا ڕازین بە سەربەخۆیی کوردستان و کێشەیان لەگەڵی نیە.
کەچی ئێستا بارزانی ڕەخنە لە ھەموو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەگرێت و دەڵێ حیسابتان بۆ ناکەین، وەک بڵێ ی ئێمە لە فەزا دەوڵەت دروستدەکەین حیساب بۆ کەس نەکەین، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پەرلەمانەکەی خۆمان نیە ھیچ حیسابی لەبۆ نەکەیت بە ئارەزوی خۆت کە ی حەزت لێبێت دایخەیت و کەی ویستیشت بیکەیتەوە و بۆشت بچێتە سەر، بچوکترین ھەڵە باجی گەورە بەدوای خۆیدا دەھێنێت.

کورد ئەگەر ئەورۆ خاوەن شتێکە بەھۆی پشتگیری نێودەوڵەتیەوەیە، ئەگەر ئێمە پشتمان بە تورکیا و ئێران و سوریا و عێراق ببەستایە ھەرگیز ئاڵای کوردستانت بەسەر ھیچ دامەزراوەیەک نەدەدیت، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی راستە لە زۆر قۆناغ پاڵپشتمان نەبونە بەڵام واقعی ئێستای ھەرێم بێ ھیچ گومانێک دەرەنجامی پشتگیری نێودەولەتیە بۆ کوردستان، لە ڕووی ستراتیژیەوە مانەوە و بەھێزبونی ھەرێمی کوردستان و پەرینەوەی بۆ دەوڵەت پەیوەندیەکی راستەوخۆی بە ویستی کۆمەڵگەی نێودەولەتی ھەیە، کوردستان ئەگەر کەیستەکەی ھەرێمایەتی بێت و پشت بە تورکیا و ئێران ببەستێ پرسەکەی رۆژ بە رۆژ بەرەو بچوک بونەوە و لە قاڵبدان دەچێت، بۆیە ئەو ھاوکیشەیە دەبێت بنەمای سیاسەتی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان بێت.

دەوڵەت بە کەس و ڕەوتێک دروستدەکرێ خوێندنەوەی بۆ سیاسەتی کۆمەڵگەی نێودەولەتی ھەبێ و ستراتیژیەتی کوردستانی لەگەڵ بگونجێنێ نەک دژایەتی بکات، ناوھێنانی برێت مەکگۆرک بە منداڵکارە و ھیچ نەزان و بەکرێگیراو دەریدەخات ئەوانە چەند لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا گەیشتون، مەکگۆرک تەنھا ئامرازێکە ھاتوە سیاسەتی ئەمریکا پیادەبکات، کەچی ئەوانە بەچاوی ململانێ ناوخۆییەکان بابەتەکەیان دژ بە بەو پیاوە کردۆتە شەخسی و دەڵێن قین لەدڵە بەرامبەر کورد، وەک چۆن لەناوخۆ خەڵک بەو شێوەیە تۆمەتبار دەکەن.

بەیانی ھەر کەسێک بێتە جێ ی مەکگۆرک ھەر ئەوەدەکات، ئەوێ کوردستان نیە خەڵک بە میزاج سیاسەت بکات، تکایە لەو بەرگە محەلییە وەرنەدەرێ ئەگەر بە نیازی دەوڵەتن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.