كورد دانوستانكاری نیە

لەلایەن ستاندار Posted on 699 جار بینراوە

هیوا سەید سەلیم

هەمیشە وابووە ئەوانەی لە نێو كوردا بە كاری دانوستاند هەڵساون ئەو سیاسیانە بوونە كە زۆربەیان خاوەنی باگراوندی پێشمەرگایەتی بوون نەك خەڵكانی بە ئەزموون و شارەزای ئەو بوارە، بۆیە نابێت بەلامانەوە سەیر بێت كە لە دانوستانەكان زۆربەی جار دۆراو بین.

ئەزموونی شكستی دانوستاندەكانی كورد وایكردووە كە هەمیشە دەوترێت:( كورد ئەوەی لە جەنگ بەدەستی دێنێت لەسەر مێزی گفتوگۆ دەیدۆڕێنێت)

لەنێو میللەتاندا ئەوانەی بە كاری دانوستاند هەلدەستن دەبێت كەسانی دبلۆماسی و شارەزای ئەو بوارە بن، كەسی دبلۆماتیش خاوەنی چەندین تایبەتمەندی و خاسیەتە  كە لە كەسانی تر جیادەكرێتەوە،  ئەو تایبەتمەندیە كە وادەكات كەسی دبلۆمات لەكاتی گفتوگۆكردن زۆرترین دەستكەوتی هەبێت.

 لە نێو شۆرشی كورددا بە تایبەت لە باشووری كوردستان ئەوانەی لەو كارە سەرەدریان دەركردووە كەمتر بواریان پێدراوە چونكە مەیدانەكە زیاتر بۆ سیاسیەكان بووە، كەسی سیاسی بڕیاردەر بووە دانوستانی كردووە و یاسای داناوە و حوكمی كردووە ئەمە لە ئێستاشدا هەر وایە.

لەو ساڵانەی دوایی لە هەرێمی كوردستان زۆر جار باس لە دامەزراندنی ئەنجوومەنی دانوستان كراوە دامەزراندنی ئەو ئەنجوومەنە بۆ ئێمەی كورد زۆر پێویست بوو چونكە هەرێمی كوردستان لە گفتوگۆی بەردەوام دابووە،   زۆر نەتەوەی خاوەن كێشەی تریش لە شێوەی كورد ئەو ئەنجوومەنەیان هەیە بە تایبەت فەلەستینیەكان، ئەو ئەنجوومەنە فایلی كێشەكانی لادەبێت و دەچێت لەگەڵ بەرامبەرەكەی گفتوگۆیان لەبارەیەوە دەكات و هەوڵی بەدەستهێنانی زۆرترین دەسكەوتیش دەدات بۆ نەتەوەكەی، كەچی باشووری كوردستان نیوسەدەیە چەند دەمووچاوێك بەو كارە هەلدەستن بۆیە نابێت بەلامانەوە سەیر بێت كە زۆربەی جار دۆڕاوای ناو پرۆسەی دانوستاند بین.

لە ئێستادا كە هەرێمی كوردستان بۆتە مەیدانی گفتوگۆی سیاسی و دبلۆماسی بە تایبەت لەسەر پرسی مافی چارەی خۆنووسین و ئەنجامدانی ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان، هەمدیسان دێین ئەو فایلە دەدەینەوە دەست ئەو سیاسیە تەقلیدیانەی كە نەك لە ئێستادا دانوستانكاری سەركەوتوونابن بگرە لە ڕابردووش.ئەزموونی باشیشیان نیە، ئەوەش هۆكاری شكستی یەك لەدوای یەكی دانووستانەكانی كوردە.

جا كە شكستیش دەخۆن یەكسەر دێن لایەنی بەرامبەر تۆمەتبار دەكەن بەوەی پابەند نەبووە بە جێبەجێكردنی رێكەوتنامەكان و ماددە دەستوریەكان.

كێماسیەكی تری دانوستانكاری كورد بریتیە لە خۆش باوەڕی كە بۆ كەسی دبلۆمات هەرگیز نابێت خۆش باوەڕ بێت و زوو بكەوێتە ژێر كاریگەری بەڵێنەكانی بەرامبەر.

 سەرەتای سەرهەلدانی دەنگۆی ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان دەپیسترا كە زۆربەی زۆری وڵاتان لەو دیدارانەی لێرە لە هەرێمی كوردستان یان ئەوانەی لە وڵاتی خۆیان لەگەڵیان ئەنجام دەدرا رایان لەگەڵ ڕاپرسی و سەربەخۆیی كوردستانە، بەڵام كە پرۆسەكە بووە جدی و كاری پڕاكتیكی بۆكرا قەناعەتەكان رێك پێچەوانە كەوتنەوە.

ئەمەشیان نیشانەی ناشارەزای دانوستاندكاری كوردە، كە لایەنی كەم دەبوو لە دوو ساڵی ڕابردوو زۆرترین دۆست و پشتیوان بۆ ئەو پرسە پەیدا بكات و ئیستغلالی پێگەی كورد لە شەڕی داعش بكات بۆ درووسكردنی لۆبی لە قازانجی پرسی سەربەخۆیی، هەروەها  ڕایەڵەی بەرژەوەندی ئابووری لەنێوانی هەرێمی كوردستان و ئەو ولاتانە بە قازانجی پرسی ڕاپرسی ئیستغلال بكات، كە ئەمە نابینرێت نیشانەی شكستی دبلۆماسیەتی كوردیە.

ئەگەر دەلێن  ئەوە شكستی دبلۆماسیەتی كوردی نیە، بۆ دەبێت لە دەیان قونسڵخانە كە لە هەرێمی كوردستان بوونیان هەیە تاكە وڵاتێك كە نە نوێنەرایەتی هەیە و نە بەرژەوەندیش ئاشكراشی لە هەرێم هەیە ئەویش  ئیسرائیلە،  وەك پشتیوانی لە سەربەخۆیی كوردستان دەربكەوێت؟

 ئەی ئەوانەی ساڵانێكە كوردستان دەدۆشن و سەروەت و سامانەكەی دەبەن بۆ دەبێت هەڵوێستی دووژمنكارانەیان لەبەرامبەر مافی گەلی كورد هەبێت؟

 پرسیارێكە دەبێت بەرپرسانی كورد لە خۆیانی بكەن ئەرێ كورد دانوستاندكاری هەیە، ئەگەر هەیەتی ئەی كوانێ ئەو ولاتانەی كە پشت و پەنای كوردن لە پرسێكی وەك پرسی ریفڕاندۆم و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ؟

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.