پێویستە کورد ئەو دەرفەتە لەدەستنەدات

لەلایەن ستاندار Posted on 690 جار بینراوە

م. ڕێبوار احمد نبی

ئەمە گوزارشتێکە، ڕۆژانە چەندبارەدەتەوە، بەڵام لای من مەبەست چەمکێکی نوێیە، ئەویش پلان و ئومێدەکانمان لەسەر واقیع بنیادبنێین، نەک تەنها بنەمای ڕەوایەتیی دۆزەکەمان.
بەدرێژایی مێژوو، کورد خاوەن دۆزێکی ڕەوا بووە، بەڵام کە بە قوڵی لە گوزەرەکان دەڕوانیت، لەگەڵ ئەوەی زۆربەیکات، لەگەڵ ڕەوایی پرسەکە، خاوەن جەنگاوەری باش و متمانەبەخۆی بووە، کەچی چەند فاکتەری سەرەکی هۆکاری شکست و نسکۆ مێژووییەکانی بوون:
– ناکۆکیی نێوخۆ و ڕێکنەکەوتن لەسەر تاکە سەرکردەیەک و کۆبوونەوە بەدەوریدا.
– نەڕەخسانی زەمینەی دەوڵەتداری و ناهاوسەنگیی کورد لەگەڵ چ دراوسێ و چ دژەکانی.
– هەرسنەکردنی واقیعی ڕاستەقینە و هەندێکجار خۆشباوەڕبوون و هەندێکجار عینادی و سەرکێشیکردنی ناعەقلانی.
لە سەروو هەموو ئەمانەوە، نەبوونی فاکتەرێک، بۆ بەدەستهێنانی پشتگیرییەکی بەهێزی نێودەوڵەتی و هەر جەنگ و ئاشتییەکی ئەنجامدابێت، لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی زارەکی بووە، نەک بوونی لایەنی سێیەم و بەڵکو لایەنی سێیەم وەک داش بۆ یاری بەکاریهێناوە.
لە ئێستادا، چ نەتەوەیەکگرتووەکان، چ وڵاتانی بڕیاربەدەستی جیهان، بوونەتە لایەنی سێیەم و ڕۆلی ناوبژیوانیکردن لەنێوان هەرێم و عیراقدا دەگێڕن، ئیتر:
1. پێویستە کورد بە قەبارەی خۆیەوە خۆی ببینێت و هەم شکستەکانی مێژووی لەیادبێت و هەم جیهانی ئەمڕۆ وەکخۆی ببینێت و لەتەک بینینی خەونە ڕەواکان، حیساب بۆ ئەگەر و مەترسییەکانیش بکات، لە گەڵ زمانی بانگەشەی ناوخۆ گوتارێکی عەقڵانی ئاراستەی دەرەوە بکات.
2. وەک سەرنجی هەموو ئەو ڕاگەیاندن و گوزارشتی چ وڵاتانی ناوچەکە و چ وڵاتانی بڕیاربەدەست دەکەین، جگە لە ئیسرائیل، هەموو جیهان لە ئەگەری ئەنجامدانی ڕاپرسی لە ناوچە دابڕێنراوەکانی کوردستانی باشوور لە دژمانە، جگە لەوەش بێجگە لەوەی هەندێک لایەن ڕاستەوخۆ دژی ڕاپرسین لە ئێستادا، لایەنی سەرەکی تری بەرەی “بەڵێ”ش، هەیە، ڕاڕایی پێوەدیارە. بۆیە دەکرێت کورد لەسەر مێزی گفتوگۆ’کە دەستەیەکی پسپۆر نوێنەرایەتیی کورد بکەن’ لە بەرانبەر ئەو زەمانەتە نێودەوڵەتییە ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی ڕابگرن.
3. لەو ماوەیەی کە ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی تیادا ڕادەگیرێت، کۆمەڵێک هەنگاو بنرێن، کە زەمینەیەکی خودیی گونجاو بۆ دەوڵەتدارییەکی بەهێز بڕەخسێنن:
أ‌- ئاشتبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و ڕێکخستنەوەی دامودەزگاکان، بەجۆرێک وڵاتانێکی سەرکەوتووی وا بکرێن بە نموونە، کە بتوانین لاساییان بکەینەوە. بەمەش سایکۆلۆژیای کۆمەڵگا دەگێڕرێتەوە بۆ دۆخێکی تەندروست و ئینتیمای گەل بەهێزدەبێتەوە.
ب‌- پرسە نەتەوەیی و سیاسییەکان، لەدوای توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی زانستی قسەیان لەسەر بکرێت، نەک گوتاری حەماسی و هەستبزوێن.
ت‌- ژێرخان و زەمینەی پێویست بهێنرێتەئارا، لە گەشەپێدانی هەریەکە لە کەرتەکانی کشتوکاڵ، پیشەسازی، ئاودێری،..، تاکو بتوانرێت، پشت بەخۆمان ببەستین.
ئەوکات، زەمینەی ڕاگەیاندنی ئەو سەربەخۆییەی لە واقیعدا دەیهێنینەئارا، لەبارتردەبێت و سەرکەوتن مسۆگەرتر.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.