ئەمریكا لە دۆستەوە بۆ دژ….

لەلایەن ستاندار Posted on 673 جار بینراوە

حەسەن ئەبوبەكر صدیق

زۆر دەمێك نیە مێژووی هاتنی داعش بۆ ناوچەكە و داگیركردنی موسڵ و نزیك بوونەوەی ئەو هێزە دڕندەیە لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان و زۆر دوور نیە یادەوەریە تاڵەكانی و ئەو ترس و دڵەڕاوكێ و وێرانكاری و كوشتن و بڕین و بەكۆیلەكردن و داگیركردنەی كە ئەم گروپە مەترسیدارە لەگەڵ خۆیاندا هینابوویان تا وەكو بە ئاسانی لە یادمان بچێتەوە.

لە گەڵ نزیك بوونەوەی داعش لە هەولێر و دروست بوونی مەترسی لەسەر خەڵك و تەنانەت لە سەر بوونی هەرێمی كوردستانیش، بیرمانە چۆن ئەمریكا بە پێشەوایی كردنی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی زۆر بە خێرای بەهانای كوردستانەوە هات و ڕزگاری كرد لەو تەنگەژە قووڵەی كە تێیكەوتبوو وە لە ماوەی شەری دژی داعش و ڕزگاركردن و پاك كردنەوەی خاكی كوردستان لەو دڕندانە ئەمەریكا بەردوام ڕۆڵی سەرەكی هەبوو لەو كارە و بۆ ساتێكیش كوردستانی جێنەهێشت و بە هەموو شێوەیەكی سیاسی ودارایی و سەربازی و ئیستخباراتی و لۆجیستی و ڕاوێژكاری و مرۆیی و لەدەیان بواری تردا یارمەتی كوردستانی دەدا و هەر بەردەوامیشە و درێغی نەكردووە ئەگەر تەنها لەبەر بەرژەوەندی خۆشی بووبێت ، بەكوردی ئەمریكا بوو بە فریاد ڕەس و نەیهێشت كوردستان بكەوێت.

ئەم ڕاستیە لە سەر زاری هەموو بەرپرسانی هەرێمەوە دەبیستران، تەنانەت نازناوی دۆستیشیان پێبەخشرا و كەلەو ساتەدا بەڕاستی وابوون بەدەر لە هەموو ڕاڤەكردنێك بۆ سروشتی ئەمریكا وەك هێزێكی بەرژەوەندی خواز و واقیعی چونكە لەوانەیە هەندێك كەس لەو كاتە و وئێستاش بڵێن ئەمەریكا لەبەر بەرژەوەندی خۆی هەموو ئەمانەی كردوە، بەڵام كەس ناتوانێت نكۆڵی لەكەڵك وەرگرتنی كورد لە تێكەڵاوبوونی بەرژەوەندیەكانی لە گەڵ بەرژەوەندیەكانیئەمریكا بكات.

جا پێت خۆش بێت یان نا هێز و توانا و كاریگەری ئەمریكا و ئەوروپا بەسەر جیهانەوە زۆر لەوە گەورترە بتواندرێت بشاردرێتەوە یان نكۆڵی لێبكرێت و یان حیسابی بۆ نەكرێت و ئەمە واقیعە، بۆیە ئەوەی هەوڵی نەبینینی ئەم فاكتە بدات و لەبەر خاتری سواربوونی قسەی خۆی بشتگوێی بخات و حیساب بۆ لێدوان و هەڵویستیان لەمەڕ هەربابەتێكەوە نەكات و وبەسۆز مامەڵە لەگەڵیدا بكات دەچێتە خانەی هەڵەشەی و نەزانی و خۆ كوژیەوە.

بەداخەوە كۆڕ گەرمكردن و پێداگیری لەسەر بۆچوون وبڕیاری هەڵە و تێكڵاوكردنی بە پرسی نەتەوەیی و بەكارهێنانی بۆ بەرژەوەندی كەسی و پێش خستن و زاڵكردنی بەسەر بەرژەوەندی گشتیدا، خەریكە ئەو دۆستە بەهێزانەی، وەك ئەمریكا و ئەورپا كە ماوەیەك دۆستایەتیان جێی شانازی و پۆز بوون خەریكە بە چەند وتارێكی حەماسی دەیانكەن بە دوژمن ودژ، بێ‌ هیچ گوێ‌ دانە ئاكامە ترسناكەكانی لەسەر هەموو ئاستەكاندا و لەهەموو بوارەكاندا ئەمانەش هەمووی بەبێ بوونی هیچ ژێرخان وهێزێكی تۆكمەو هەبوونی كە هیچ شاراوە نیە تەنانەت خوودی ئەو چەكانەی كوردستان هی ئەو هێزانەیە وە بێ‌ هەبوونی پلانێكی ڕوون و هەموو ئەمانە ڕوودەدات و كەسیش ناڵێت بەرنامە چیە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئەگەرە ترسناكەكانی ئەم بابەتە، كە بە ڕاستی زۆرانێكی دۆن كیشۆتی بێ‌ كەڵك و ترسناكە .

چونكە هەر لەگەڵ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و بڕیاردانی سەربەخۆی لێكەوتەی یاسای دەبێت بەشێوەیەك ئەگەر وڵاتێك پشتگیری لە سەرەتاوە پشتگیری خۆی بۆ ئەو ڕێفراندۆمە دەرنەبڕیبێت ئەوە لۆژیك وایە دان نەنێت بە ئەنجامەكەشیدا و هەرچەندە ئەگەر لەپێشوشدا لە چوارچێوەی عێڕاقی فیدڕاڵ مامەڵەی لە گەڵ كوردستان كردبێت، ئەوا بۆ خۆ دورخستن لە بەرپرسیاریەتی یاسای بە ئۆتۆماتیكی و بە هەموو شێوەیەك مامەڵەی لەگەڵدا ڕادەگرێت چونكە ئەگەر وانەكات هەرشێوە پەیوەندیەك وەك دان پیادانان دادەندرێت كە ئەویش لە سەرەتاوە نەیویستوە ئەوە بكات.

بۆیە، هەر ئەم ئكامەدەبێتە هۆی ئەوەی كە ئەو وڵاتانەی كە تەنها بوونی نوێنەرایەتی و كۆنسۆڵیەكانیان لە كوردستان ببوە شێوەیەك لە زەمانەت و پارێزگاری، هەر لەگەڵ یەكەم هەنگاو دا ئەمە لەدەست دەدەین و ڕاستەو خۆ ئەمە نامینێن، ئەمە جگە لە نەمانی هەموو شێوە هاوكاری پشتیوانیەك، كە هەمووان دەزانین بوونیان چەند ژیارییە بۆ كوردستان، بەتایبەتی هاوكاریەكانی چەند دەوڵەتێكی وەكو فەڕەنسا وبەریتانیا و دەیان دەوڵەتی ئەوروپی دیكە، ئەمە جگە لە ئەمریكا خۆی، كەئەمانە هیچیان دژایەتی خۆیان نەشاردۆتەوە بۆ ئەنجام دانی ڕیفراندۆم وچاوەڕێی ئەم هەڵویستەیان لێدەكرێت.

مەترسیە سەربازیەكانیش كە زۆر گرینگە لەسەریان بووەستین تۆزێك بە وردیش بیریان لێبكەینەوە و وەڵامێكی ئەوانەش بدەینەوە كە دەڵێن لە كۆتایدا ئەگەر ئەم ڕیفراندۆمە كرا و بوو بە ئەمری واقیع هەمووان مامەلًَەی لەگەڵدا دەكەن هەر وەك چۆن لەپێشدا پەرلەمانی كوردستان و دامەزراندنی حكومەتی كوردستان و چەسپاندنی فیدڕاڵیەت بوون بە ئەمری واقیع و هەمووان پێی ڕازیبوون و دانیان پێدانا، دەڵێین ئەمانە هەمووی وان، بەڵام ئەوەی كەرووی دا ئەوەیە كە خوودی ئەم دۆخەی كە باسی دەكەن لە ژێر پارێزگاری و ڕەزامەندی ئەمریكا و هاوپەیمانان دروستكرا و خۆیان ئەو واقیعەیان سەپاند بەسەر ناوچەكەدا نەك سەپێندرابێت بەسەریاندا و لە ساڵی 1991 وەش بەردوامن لەپارێزگاریكردن لەم هەرێمە و هەمووان دەزانین ئەگەر وجودی ئەوان نەبووایە بەتایبەتی ئەمریكا لەم ناوچە نائارام و دەڕە دەبوینە پۆری خوراو كەسیش بەهانامانەوە نەدەهات.

بۆیە هەر كەسێك بیر لەوە بكاتەوە كە بیەوێت واقیع بەسەر ئەواندا فەرزكات و سوربوون لەسەر دژایەتی كردنی هەڵویستەكانی ئەوان و بەردوام بێت لەم كارە نابەرپرسانە، باجی گەورەی دەبێت، كە من باوەڕ ناكەم ئەم شێوە قوماركردنە بەچارەنووسی ئەم میللەتەوە تەنانەت بێ‌ هیواترین قومارچیش بیكات.
دژایەتی كردنی هێزگەلێك كە زۆرتر لە چارەگە سەدەیەكە دەتبارێزن لەگەڵ هەموو هەڵەو هەڵشەكانت و باوەشكردنەوە بۆ ئەو دوژمنانەی كە بەبەردەوامی لە بۆسەدان بۆت وەك گورگ چاوەرێی نەمان و دوركەوتەنەوەی پارێزەر و شوانەكەت دەكەن تا پەلامارت بدەن و بتخۆن ئەوپەڕی شێتیە و ناتواندرێت بە هیچ پێوەرێكی عەقڵی بپێورێت و بیانوی ئەنجام دانی نیە، بۆیە جێی سەرسورمان وپێكەنینە كە دەبینین لە تەلەفزیۆنەكانەوە خەڵك هاندراون و ئاراستەكراون قسە بە ئەمریكا و هاوپەیمانەكان بووترێت بە هەڵخەڵتاندن و پشت لێكردن تۆمەت باربكرێن و نامەی توندیان ئاراستە بكرێت لە سەر ئاستی زۆر باڵا و پێیا بوترێت ئیتر كوێ بەقستان نادەین كە ئەمەش تەواو پێچەوانەی قسەی هەر هەمان ئەو خەڵكە ئاراستەكراوانەیە كە تەنها دووساڵ پێش ئێستا دەكران و هەربەردوامیش بوو تا چەند ڕۆژێك پێش ئێستا. بویە بەتەواوەتی دیمەنی كۆڕە جەماوەریەكان و تێكڕای دیمەنی سیاسی هەرێم، دیمەنێكی ئایرۆنیكی هەزەلیە و تەنها دەتوانین لێكچوون و بەراوردی لەگەڵ دیمەنی زەمانی سەرتای نەوەتەكانی سەدەی رابردووی عیراق و ئێستای كۆریای باكور و چەند وڵاتێكی دیكەی دواكەوتوی بۆ بكرێت، ئەمەش بە ڕەچاوكردنی جیاوازی هێز و توانستی ئەو وڵاتانەش.
ئەم هاش وهوشە زەرەرێكی ڕووتە و هیچ خێرێكی تێدا نیە و بە سوور بوون لەسەری ئەو زیانانە و دەیانی دیكە دەكەین كە لە سەرەوە باسمانكرد و پەشیمان بوونەوش خاڵی نیە لە زیان چونكە ئەو هێزانە نامەی زۆر خراپیان پێگەیشت و وێنەی ڕاڕای و ناجێگیری بڕیار و دانەمەزراوەیی كاری دبلۆماسیمانیان بینی و لەمەودوا ئەگەر بیانەوێت هەر شێوە هاوكاریەكمان بكەن لەهەر ڕوویەكەوە بێت و بزانن دبێتە هۆی بە هێزبونمان بەتایبەتی لەڕووی سەربازیەوە ئەوە دەجار بیردەكەنەوە.

لە كۆتایدا پرسیارەكە ئەوەیە كاتێك داعش ویستی پەلامارمان بدات و شەڕی لەكەڵ كردین ئەمریكا بەفریامان كەوت و ڕزگاری كردین ئەی ئەگەر ئەمریكا دژایەتیمان بكات و پشتمان تێبكات و لێمانگەڕێت بۆ دوژمنەكانمان چیمان لێدەكەن بیكەن كێ‌ بەفریامان دەكەوێت، داعش یان ئەوانی لەسەرسنورەكانمان داعشیان قەڵەو دەكرد یان ئەوانەی قەولە یارمەتیمان بدەن كەلە بنەڕەتدا ئەوان داعشیان دروستكرد و ڕۆژانەش بە هۆی كۆمپانیاكانیانەوە و خەزێنەكانمان بەتاڵ دەكەن و بە بەردوامیش دادگاكانمالێدەگرن و گەلەكەمان لەڕێی ئێوەوە برسی دەكەن .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.