تکایە ئەزبەنی بمانبورە ئێمە هەڵە و تۆ لەسەر حەق

لەلایەن ستاندار Posted on 628 جار بینراوە

سامانی وەستا بەکر

ئەزبەنی بمانبوورە لە دوای ٢٥-٩-٢٠١٧ ھەموو دەنگە ناڕازیەکان شەرمندە کرد:
نەمانزانی
مووچەی پاشەکەوت داناوە بیکەی بەدیاری ڕاگەیاندنی دەوڵەت و تەنھا یەک ڕۆژ دوای ڕێفراندۆم و وەک یەکەم ڕۆژی سەربەخۆی گیرفانی بەتاڵی مووچەخۆرانی پێ پڕئەکەیت.
نەمانزانی
ئەچیتە ھەڵەبجەو لەسەر گڵکۆ و مەزاری پیرۆزی کیمیا باران کراوەکان پۆزش ئەھێنیتەوەو داوای لێبوردنیان لێئەکەی، ئاخر ئێوە نانی ئەوان ئەخۆن و ھیچیشیان بۆناکەن بۆیە لە ڕێفراندۆما بەزۆرەملێش نیوەی کەمتر چوونە سەر سنوقی دەنگدان.
نەمانزانی
شوێنی نیشتەجێ لە سلێمانی دابین ئەکەیت و ھەموو مانگێ ھەفتەیەک لەو شارە بەسەر ئەبیت و ئەو گەمارۆ مێژووەی لەسەردەمی بەعسەوە خراوەتە سەر سلێمانی و ئێوە بەردەوامیتان پێیا ئەیشکێنی.
نەمانزانی
لەبری ھەر مەلعەبێک کە وێرانتان کرد (ئەوەی سلێمانی بە نمونە) یاریگایەکی نێو دەوڵەتی لەسەر ستاندەری جیھانی بۆ یاری کاسی جیھان دروست ئەکەی.
نەمانزانی
ھێندە ئازاو ڕاستگۆی ڕاستەوخۆ دوای بڵاوبوونەوەی ئەو تەزویراتە زۆرە هەردوو بەرەی (بەڵێ) و (نەخێر) لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە پۆزش ئەھێنیتەوەو بەڵێن ئەدەی چیتر ئەم دیاردە ئابڕوبەرە شەرمەزارکەرە دووبارە نابێتەوە. ئاخر لە کۆی ھەڵبژاردنەکانا ئاوا ئەبن بەزۆرینە بۆیە ھەمیشە بێجگە لەخۆتان زۆرینەی شەقام ناڕازیەو دانتان پیانانێ.
نەمانزانی
کە پۆزش بۆ دایکی شەھیدەکانی شەڕی براکوژی ئەھێنیتەوەو بەڵێنی ھەواڵی بێ سەرو شوێنەکانیش ڕائەگەیەنی.
نەمانزانی
ھێندە نیەت پاک و نیشتمان پەروەرن ئەو پەیامە گرنگەش ڕائەگەیەنی کەچیتر نۆکەری بێگانە نەکەن و نە ئێوە نۆکەری تورکیاو نە ئەوانیش ھینی ئێران بن، ئەوەی تا ئێستاش کردووتانە بۆ ئەوە بوو دەوڵەت دروست کەن.
نەمانزانی
سەردانی مەزاری کاک نەوشیروان ئەکەی و پێی ڕائەگەیەنی ئەو ڕاپەڕینەی تۆ نەخشەو بۆداناو ئەو سەربەخۆییەی تۆ خەبات بۆ ئەکرد وا ئێمە بەردەوامین لەسەری دەوڵەتی کوردی ڕائەگەیەنین.
نەمانزانی
سەردانی عومەری سەید عەلیش ئەکەی و سوپاسی ھەڵوێستی مەردانەی ئەکەی کە لەبەر سەرکەوتنی پرۆسەی ڕێفراندۆم دڵی زۆربەی سەرکردەو ھەڵسوڕاوەکانی گۆڕانی لەخۆی ڕەنجان.
نەمانزانی
دەستی دکتۆر یوسف ئەگریت و پەرلەمانی تەسلیم ئەکەیتەوەو سوێند بە خاکی پیرۆزی کوردستانیش ئەخۆی کە چیتر بێ ڕێزی بەرامبەر دەنگی خەڵک و کەسانی متمانە پێکراوی میلەت نەکەن.
نەمازانی
سوێند ئەخۆی کە چیتر ڕق و کینە تێکەڵی سیاسەت نەکەیت و بە مەزاج بڕیار نایەی.
نەمانزانی
بەڵێنە گەورەکەش ئەیەی کە چیتر دەسەڵات لە دەستی خێزانێکا کۆنابێتەوە و سەرۆکی دەوڵەت و حکومەت و ئەنجومەنی ئاسایش و پەرلەمان و دادوەری دابەش ئەکرێ بەسەر توانا و خەڵکی کۆی شارو شارۆچکەکانی کوردستانا.
نەمانزانی
ھێندە دووربینی کۆگاکان پڕ کردووە لە خۆراک، نەوت و بەنزین دابەش ئەکەی بەبەلاش و منەت بە سنور داخستنیش نیە.
نەمانزانی
بەری ڕەنجی ٢٦ حکومداری لە ھەرێم و دیارنەمانی پارەی سەرزەمین و ژێر زەمین و کۆی داھاتی وڵات بۆ ئێستە ھەڵگرتووە، پەندە کوردیەکە جێ بەجێ ئەکەی (ماڵی سپی بۆ ڕۆژی ڕەش).
نەمانزانی
لە بانکەکانی کوردستانا ژمارەی بانکیتان بۆ کۆی دانیشتوانی کوردستان کردۆتەوەو پارەی دیار نەماوی نەوتان لەوێ بۆ ھەڵگرتووین و ئێستا وەک دیاری سەربەخۆی ڕایئەگەیەنن، ئاخر وامانئەزانی لە بانکەکانی ئەوروپایا خستوتانەتە سەر ژمارەی بانکی خۆت و کوڕو برازاو مناڵەکانتان.
نەمانزانی
تۆڕی پەیوەندیەکان ھێندە بەھێزو تۆکمەن ئەوەتا بەچاوی خۆمان ئەیبینین لە زۆربەی پەرلەمانی دەوڵەتانی زل ھێز و دراوسیدا بەرەی پشیگیری پرسی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان بەزۆرینەی دەنگ دان بە دەوڵەتەکەمانا ئەنێن.
نەمانزانی
دەزگا سەرکوت کەرو سیخوخوڕەکان ھێندە بەھێزن پەل ھاویشتۆتە ناو عێراق و تورکیاو ئێرانیش، دارئەیەن بەڕۆحی ھەر کەسێکا سوکایەتی بە خواستی تاکی کوردبکا بۆ سەربەخۆی، بمانبورە وامنزانی بەس بە زەردەشت و سۆران و ڕێژوانەکان فێرن.
نەمانزانی
ڕێکەوتنی پێش وەخت کردوەو ھەر کە عێراق سنوری ئاسمانیشی لێداخستین چارەسەری گونجاو بەجێ و بۆ ئەو پرسەش داناوە.
نەمانزانی
ئەو ھێزە زەبەلاحە نیشتمانیەو ئامادەکردوەو ژێر بە ژێر فەرمان کردووە ھێزی ٧٠، ٨٠ و کۆی ھێزی چەکدارەکان لەناو ئەو ھێزە نیشتمانیەیا توانۆتەوە.
نەمانزانی
لە کۆگا سەربازیەکانا ئەو ھەزاران زریپۆش و ھێلیکۆپتەرو F16 و چەکی قورس و مامناوەندو سوک حەشارداوە بۆ ئەمڕۆ، ئاخر ئێمە پێمان وابوو تورک و عەرەب و فارس ئەمانپێچنەوە نەمازانی بەو نمایشتە سەربازییەی دوای ڕێفراندۆم چیتر حاجی ھۆمەران و قەندیل و چیای خوا کوڕک و بامەڕنیش…… ھتد بۆردومان ناکرێ.
نەمانزانی
دوای پرۆسەی ڕێفراندۆم کۆبوونەوە بە کۆی سەرۆک حیزب و مەکتەب سیاسی و ئەندامانی حکومەت و پەرلەمان و پلە باڵاکان و ماڵ و مناڵی خۆت و ئەوانیش ئەکەیت و ھەرچی ڕەگەزنامەی ئەوروپی و ئەمریکی و ڕۆژئاوای و وڵاتی بێگانە ھەیە لە گیرفانتانا لە مەشخەڵێکا ئەیسوتێنن و گڕی سەرکەوتنی لەسەر گۆیژەو ئەزمەڕ و قەندیل و ئارارات پێدائەگیرسێنن.
نەمانزانی
وەک ڤێتنامیەکان ماڵ بەماڵ ئەگەڕێ و ھەرچی خیانەتی بەخاک و نیشتمان کردبێ، ھەر کەسێ دەستی دوژمنی گرتبێ و ھێنابێتی خاکی پیرۆزی کوردستانی پێ گڵاو کردبێ لە ٣١ی ئاب و لە شەنگال لە سێدارەیان ئەیەی، لەوەش تێئەگەین بۆ خۆت سزانەدرای.
نەشمانزانی
ھێندە ھەستی تاکی کورد بەلاوە گرنگە کە ڕاستەخۆ ئاڵاکەی عێراق لە پشتی خۆت و دارودەستە و سەرۆکی حکومەت ئەھێنیتە خوارێ دڵی خەڵکی پێ ئاوئەیەی.
بەڵام ئەبێ ئەوەش بزانی
بەشداری کەمی خەڵکی سلێمانی لە پرسی ڕێفراندۆما هۆکاری بەشداری نەکردنی جەناب بوو لە پرسە نەتەوەیە گەورەکەدا، ئەو پرسەی نیوەی سلێمانی هێنایە سەر شەقام و نیوەشی لەماڵەوە فرمێسکی خوێن لە چاوی هات و کۆی کوردانی خستە سەرچۆک بێجگە لە گەندەڵ و ڕابردوو و داوێن چەپەڵەکان. ئاخر پرسەی کاک نەوشیروان ١٩-٥-٢٠١٧ ئەو ڕۆژە بوو کە گەورەترین کۆستی نەتەوەی سەردەم بوو کە ئەبوو تۆ بێیت و دڵنەوای خەڵکی شار بەیتەوە و ئەو قەرزە بگێڕیتەوە کە سلێمانی بۆ گەڕانەوەی تەرمی بارزانی باوک و کوڕ شەقامەکانیان جێنەهێشت و بەڕێزەوە بەڕێکران.

ئای ئێمە چەن میلەتێکی نمەک بە حەرامین ھەستمان بەو ھەموو چاکەیە نەئەکرد و خراپەمان بەرامبەر ئەکرد و لەدژی پیرۆزیەکان جەناب ئەمانوسی. ئەزبەنی خۆ ئەگەر تۆ گەردنمان ئازاد نەکەی ئەبێ بێین بۆ سەری ڕەش و یەکە یەکە سەری لوتمان ڕەشکەین و ببین بە زێوان بۆ مەزاری نەمران.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.