راگوازتنی دیموكراتیی و کوتلەی مێژویی

لەلایەن ستاندار Posted on 637 جار بینراوە

پ.ی.د. رعد رفعەت محمد

قۆناغی راگوازتنی دیموکراتی پێویستی بە سازانێکی سیاسی ھەیە لەنێوان ئەو ھێز وحزبانەی دەیانەوێ سیستەمێکی دیموکراتی بەرپا بکەن. ئەم سازانەش پێویستی بە:
– چەسپاوی ھەڵویست وسازش نەکردن لە بەھاو مافەکانی گەل.
– ھونەری بەڕێوەبردنی قەیرانەکان ودووربون لەچەقبەستویی وخولانەوە لە بازنەیەکی داخراو، بەجۆرێک بتوانن ھەردەم دەستپێشخەری سیاسی بەھێزیان ھەبێ ولە بەرھەمی کۆتایی بەرەوپێش چوونی بەرچاو بەدیبکرێ.
– پێکھێنانی بلۆکی مێژووی “الکتلە التاریخیە”، کەخۆی دەنوێنی لەبەرەیەکی کۆمەڵایەتی سیاسی فراوانی گەلە دژی گەندەڵی. کە سیمای سەرەکی بریتیە لە میانڕەوی گوتاری سیاسی وکرانەوە لەگشت ھێزو گروپ وحزب وکەسایەتیەکان بۆ گەیشتن بەئامانجە گەورەکان (ستراتژیەکان) لەرێگای بەلاوەنانی (بەشێوەیەکی کاتی) بەژەوەندیە کەسی وحزبی وئایدیالۆژیەکان.
دەربارەی کوتلەی مێژویی:
ئەم زاراوەیە دەگەڕێتەوە بۆ سەرکردەی شیوعی ئیتاڵی ئەنتۆنیۆ گڕامشی (١٨٩١-١٩٣٦). بەڵام ھەندێکی تر دەیگەڕێننەوە بۆ بیرمەند وفەیلەسوفی فەرەنسی جۆرج ئۆگین سۆریل (١٨٤٧-١٩٢٢).
ھۆکاری سەرەکی دروست نەبونی کوتلەی مێژویی نەبونی متمانەیە لەنێوان حزب وکەسایەتیە سیاسی ورۆشنبیری وکۆمەڵایەتیەکان. ھەروەھا زاڵکردنی بەرژەوەندی تەسکی تاکەکەسی وحزبی وسیاسی بەسەر بەژەوەندی گەل ونیشتمان وخەمی خەڵک.
بۆیە پێویستە گشت رەوت ولایەنە سیاسی وکۆمەڵایەتیەکان ھەست بەبەرپرسیارێتی مێژویی بکەن وکۆبنەوە لەسەر خاڵە ھاوبەشەکان وخۆیان بەدور بگرن لە:
– مشتومر لەسەر خاڵە ناکۆکەکان.
– تۆمەتبارکردنی یەکتر وپێداچونەوە بەمێژوی یەکتر یان فاڵگرتنەوەی خراپ بۆ داھاتوی یەکتر.
– ناوزراندنی یەکتر بەناو وناتۆرەی نەشیاو وناشرین وەک: عەلمانی وکۆنەپەرست وھتد…
– خۆخەریک کردن بە چاکسازی لاوەکی وھیوابوون بە راستکردنەوەی دەسەڵاتە گەندەڵەکان بەبێ ئەوەی ھیچ دەستپێشخەری جددی پێشکەش بکەن.
ئامانجەکانی ئەم هاوپەیمانیەتە “کوتلە”:
١- پێکھێنانی ھاوپەیمانیەتیەکی ستراتیژی بۆ گەیشتن بە قۆناغی راگواستنی دیموکراتی. سیمای سەرەکی ئەم ھاوپەیمانیەتیە کارکردنی ئاشتیانەیە بۆ دروستکردنی ئەلتەرناتیف وبەدیلی دەسەڵاتداران وپێشخستنی بەرژەوەندیەکانی گەل بەسەر ھەموو بەرژەوەندیەک.
٢- ئەو ھاوپەیمانیەتیە ئامانجی سەرەکی دەبێتە بەرپاگردنی حوکمرانی باش لەرێگای کۆکردنەوەی ھێزی گشت لایەک –رەش نەکردنەوەی ھیچ کەس وحزب وگروپێک- ویەکخستنی کارو چاڵاکیەکانیان لە دەوری بەرنامەیەکی کاری ھاوبەش. بەڵکو پێویستە گشت کەس وگروپ وحزبێک تایبەتمەندی ئایدۆلۆژی وکۆمەڵایەتی وسیاسی خۆی بپارێزی بێ ئەوەی بیسەپێنێ بەسەر ئەویتر.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.