بەغدا توندە ، نێچیروان بارزانیش هەولی خاو کردنەوەی دەدا تورکیا دەکوژێ و نایشاریتەوە

لەلایەن ستاندار Posted on 2563 جار بینراوە 0 سەرنج
Mahdi Kawani

مەهدی کاوانی

بەغدا توندە ، نێچیروان بارزانیش هەولی خاو کردنەوەی دەدا تورکیا دەکوژێ و نایشاریتەوە ، پێشم وا نیە هاوسەرگیریەکەی لە گەڵ پارتی هەڵوەشێنێتەوە . ئەو جولە توندەی بەغداش پێم وا نیە لە لایەن ئەمەریکیەکانەوە ، قبوڵکراو بیت . ڕێگای چارەسەری کێشەکان بردنی حکومەتەکەی هەرێمە بۆ بەغدا ، ئەمەریکاو نێردەی دووەلیش پێش ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەکە وایان گۆت ، ئەو کاتی بەغداو تورکیاو ئێرانیش وایان دەگۆت . ڕەنگە بۆ ئەو بردنە ، ئەجنداکان ، جیاواز بن . لێرەو لەوێش ستوون نووسەکانی نزیک لە پارتی بەناوی ئەم و ئەوی ئەمەریکیەوە ، توندیەکەی ئەمەریکاو هی تر خاو دەکەنەوە . دوا وتەی ئەمەریکیەکان دوێنێ بوو ، کە گوتە بێژەکەیان گۆتی پێمان خۆش نیە تەنگژی لە نێوان بەغداو هەرێم ڕووبدات و تەئکیدیشی لە یەک پارچەیی عیراق کردەوەو گۆتی ئەمەریکا دۆستی بەغداو هەرێمەو کەس داوای لە ئێمە نەکردووە کە ناونژیوانیان بکەین و ئەگەر داوامان لێ کرا ، ئەو ناوبژیوانیە دەکەین و لە سیاقی قسە کردنەکانیدا نیگەرانی ئەمەریکای لەو ڕاپرسیە یەکلایەنەی هەرێم کردەوە و گوتی ئەوەی لە پێشدا گۆتمان سوودی داعش و ناسەقام گیری ناوچەکەی لێ دەکەوێتەوە بە کردار خەریکە ڕوو دەدات .

بەڕێز مەسرور بارزانیش گوتی ترسی ئەوەمان هەیە لە بێدەنگی ئەمەریکا سوپاو حەشد هێرشمان بکەنە سەر . حکومەتی ناوەند لە مەڕ داخستنی هەردو مەتاری هەولێرو سولێمانی قسەی خۆی بردە سەر جا نازانین بۆ کۆنترۆل کردنی سنوورەکانیش بە یارمەتی ئێران و تورکیا ، بۆی دەچیتە سەر یان نا . بە دواشیەوە یانی ئەگەر سنوورەکان کەوتنە بەر دەستی کۆنترۆلی ناوەند ، ئایا حکومەتی ناوەند دەتوانێ هەر ۱۳ هۆشداریەکەی بە سەر هەرێم جێبەجێ بکا ، یان بەشە هەرە زۆرەکەی . خۆ ئەگەر ناوەند و لە غیابی ئەمەریکی جگە لە هاتنە ناوەوەی سوپای عیراقی بۆ جێ ناکۆکەکان و دروست بوونی شەڕ لە گەڵ پێشمەرگە کە ئەمەریکیەکان و بە گوێرەی ڕاگەیاندنەکانیان ، قبولیان نیە ، ئەوا ئەوانی تریش بێت وەک وەستانی ناردنی نەوتی هەرێم و راگرتنی بانقی ناوند لە بەردەم بانقەکانی هەرێم و بڕینی مووچەی پلە باڵاکان و هەندێ گوشاری تریش ، ئەوا ئەوانیش بە دەوری خۆیانەوە کاریگەری زۆر نێگەتیڤی لە سەر هەرێم دەبێت . خۆ ئەگەر ئەو پەرچە کردارانە تا دوای هەلبژاردنی عیراقی درێژەی هەبێت ، وەزعی هەرێم زۆر دژوارتر دەبیت . ئەنجوومەنی ئاسایشیش پێش کردنی ڕیفراندۆمەکە بە کۆی هەر ۱٥ دەنگ ،واژوویان لە سەر ڕیفراندۆمەکەی هەرێم کرد کە نایاساییەو دانی پیا نانێین .

بە بۆچوونی خۆم ئەو هاژوو هۆشەی توکیا لە دژی هەرێم و دایلۆکەکانی لە گەڵ بەغدا ، بۆ ئەوەیە وا لە بارزانی بکەن ڕیفراندۆمەکە هەڵوەشێننەوەو بە ناو بژیوانی تورکیا بەغداو هەرێم بکەونە ناو وتووێژەکانەوە . ڕەنگە ئێرانش و بەغداو لەوانەیە بارزانش ڕازی بێت لەو ناوبژیوانی کردنە ، بەڵام ئایا ئەمەریکا پێی ڕازی دەبێت کە ڕێکەوتنی ناوبژیوانی بەغداو هەرێم لە ئەنقەرەو تاران بێت نەک لە واشنتۆن ، بێگوومان وەڵامەکەی نەخێرە . ئەدی ئەگەر بەغداو هەولێر بگەڕێنەوە سەر ئەو بژاردەیەی نێو دەولەتی یانی پڕۆژەکەی بریمەکگۆرک . بۆ چارەسەر کردنی کێشەکانی بەغداو هەرێم لە ناو عیراقێکی یەکگرتوو . کە بە بڕوای خۆم لەوەتەی کورد هەبوو وەسیقەیەکی وەهای لە ناو وڵاتانی بڕیار بەدەست و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ، نەبینیوە .

ڕەنگە حکومەتی عیراق نیگەران بی پێیەوە بەڵام لە دوا جاردا ئەمەریکا ناچاری بکات بە پابەند بوون بەڵام خودی پڕۆژەکە دوورکەوتنەوەیە لە ئەجندای تورکی و ئێرانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد . لێرەدا هەردو وڵاتی تورکیاو ئێران بە توندی دژی دەوەستنەوە . پێم وایە ئەوەل و ئاخیر کە بارزانی ناوێری تخونی پڕۆژەکە ببیتەوە لە ترسی تورکیایەو ڕەنگە بە بیر کردنەوەی خۆشی ، وەها لێکبداتەوە کە پڕۆژەگەلی وەها دەستی ئەمەریکیەکان وەها ئاوالە بکا کە خواستەکانی بارزانی لە ئایندەی حوکمی عیراق و هەرێم و جۆری سیستەمی سیاسی بە کاراکردنەوەی پەڕلەمانیش ، وەها نەکەوێتەوە کە بارزانی دڵی پێ خۆش بێت . دەبی ئەوەش بڵێین خیتابی پارتی دیموکراتی کوردستان پێش ڕیفراندۆم و پاش ڕیفراندۆم زۆر لێک دوورن .

پێش ریفراندۆم بارزانی دەیگۆت با لەگەل بغدا جیرانی باش بین . ئێستاش وەک باس دەکەن لە وەڵامی نامەکەی ئەیاد عەلاوی هەم نەرمەو هەمیش گۆتیتی دەکرێ بۆ دوو ساڵ ڕیفراندۆم تەعلیق بکەین . کاک نێچیریشیان کە لە کاتەکانی پێش ڕیفراندۆم قسەگەلی ئەوتۆی نەدەکرد ئێستاکە ، ڕاسپێردراوە بۆ خۆی وا دەڵێ کە ڕیفراندۆم مانای سنوور داخستن نیەو ئاڵای عیراقیش بە پشتمەوە هەڵدەواسرێ و کاک مەسروریش دەڵێ ترسی ئەوەمانە لە بێدەنگی ئەمەریکا هێرشی سەربازیمان بکرێتە سەر . ئیدی چزوانم ئەو گەلە کۆمەکیەی ئێران و تورکیاو حکومەتی ناوەند و ئەو هەموو هۆشداریانەی عەبادی بۆ سەریان وبە بەراوردیشەوە ئەو هەموو نەرمیەی بارزانی و کورو نەوەکانی ڕەنگە پێمان بڵێ ڕیفراندۆمەکە بە تەواوەتی تەعلیق دەکەین بەس لە تەتبیع کردنەکە هەندەک ئیمتیازمان لە بەغدا دەوێ .

هەتا ئەگەر ئەو گفتو گۆیانەی بەغداو هەرێم بە نێوبژیوانی ئەنقەرە بگرە تارانیش سەر بگرێ و ریفراندۆمەکەش تەعلیق بکرێ ئینجا ئەمەریکیەکان و دوور لە خواستی تورکیاو ئێران و ئەم و ئەوی تر حکومەتی ناوەند ڕازی دەکەن یان ناچاریان دەکەن پابەند بن بە پرۆژە نێو دەوەتیەکەی بریمکگۆرک و ئەوانەی لە گەڵی بوون .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *