تێنەگەیشتنی کورد لە سیستێم و سیاسەتی نێودەوڵەتی نوێ

لەلایەن ستاندار Posted on 752 جار بینراوە

هیوا خۆشناو

ئەوانەی لە گۆڕەپانی دیاربەکر، دەیان هەزار کچیان بەبوک ئەدا و لەیلازانا، شوان پەروەر، بارزانی و تاتلیسیان کۆدەکردەوەو گۆرانی “مەگری مەگری” یان پێدەگوتن، هەر ئەوانەش بون لە لایەک پڕۆژەی رێفێراندۆمیان خستە سەریان و ئێستاش رێفراندۆم بۆتە وەسیلەیەک بۆ یەکگرتویی شۆڤێنیانەی تورکیا-عێراق و ئێران، کە ئەگەر دان بە شکستەکەیدا نەنرێ، ئەوا ئەگەری کۆمەڵکوژی و ئاشبەتاڵێکی گەورە بەدوایخۆیدا دێنێ.


لەدوای سەرهەڵدانی مۆدێرنە، دەوڵەتی نەتەوەیی وەک مۆدێلێکی چارەسەری و پێشکەوتو خۆی دەسەپێنێ. دوای هەردو جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم، جیهان بۆی دەرکەوت کە ئەو دەوڵەتە ئەگەر بەوشێوەیە بمێنێ، جیهان بەرەو وێرانی دەبات. لەبەرانبەر ئەو یەکەدا شێوازی نوێ پێشخران بۆ ئەوەی دەوڵەتە نەتەوەییەکان بەیەکەوە کاربکەن. دەیان دەزگای وەک یەکێتی ئەوروپا، ناوەندی جیهانی بازرگانی، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و دادگای نێودەوڵەتی، سیستێمی جیهانی تەندروستی و …..هتد هاتنە مەیدان و لەلایەک ڕۆڵی دەوڵەتی نەتەوەییان کەم کردەوە، لەلایەکی دیکە، ڕێگایان لە شەڕێکی دیکەی ماڵوێرانکەر گرت.
دوای شەڕی کەنداو، ڕوداوەکەی ١١١ی سێپتەمبەر، سیاسەتی ئێران لە ناوچەکە، بەهاری عەرەبی و گەیشتنی بەو ئاستە تا دەگاتە ئاستی سەرهەڵدانی داعش، نیشانیداین کە دەوڵەتی نەتەوەیی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ئامادەنیە بەشێک لە ڕۆڵی خۆی بداتە گلۆبالیزم و دەزگا و کۆمپانیای فرەڕەگەز، کارەسات دەنێتەوە.
جگە لەوەی سەرەوە سیاسەتی وێڵسۆنی ئەمریکا کە پشت بە دەستێوەردانی مرۆیی لەو وڵاتانەدا دەبەستێ کە ئەبنە ئاستەنگ لە بەرانبەر سیاسەتی نێودەوڵەتی چەقی سیاسەتی خۆرئاوایە و سیاسەتی دەرەوە و نێودەوڵەتی بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لەسەر بنیادنراوە. لەگەڵ بەهێزبوونی کۆماری ئیسلامی ئێران، کەلەڕەقیەکانی کۆریای باکور و هاتنی ئاک-پارتی بۆ دەستەڵاتی تورکیا، تەحەدایەکی گەورە بۆ سەر سیاستی وێڵسۆنی سازبو. بۆ ئەوەی وڵاتانی خۆرئاوا ئەو تەحەدایە بەرتەرەف بکەن، پێویستیان بە ڕوخاندن و بنکۆڵکردنی سیستێمی دەوڵەت-نەتەوەیە لە ڕۆژهەڵات. بۆ ئەوەی تورکیا و ئیرانیش خۆیان بپارێزن، پێویستیان بە بەهێزکردنی شەڕی طائیفی و نەتەوەییە.
پێشتر تەنانەت تاڕادەیەک بەر لە دەستگیرکردنیشی، ئۆجالان یەکەم کورد بو توانی پێشبینی ئەو گۆڕانکارییە بکات. ئێمە کە تا دواڕۆژەکانی لە دیمەشق لەگەڵی دابووین، دودڵیەکی زۆری لەسەر پێداگرتن لەمەر “دروشمی دەوڵەتی نەتەوەیی” لا سازببو. هەستی ئەکرد پکک وەک حیزبێکی سیاسی بەڵایەکە بەسەریەوە و بەردەوام باسی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی ئەکرد. بێگومان لەو سەردەمەدا عەیبێکی زۆر گەورەبو بە ئاشکرا نەگونجانی دەوڵەتی نەتەوەیی کردبوایە. ئەو خۆی بوە قوربانی سیاسەتی نێودەڵەتی کلاسیک و جیگای سەرسوڕمانیشە بۆچوونەکانی ئێستای تەنانەت بۆ خۆرئاواو سیاسەتی نێودەوڵەتی نوێ جێگای بایەخن، هەرچەندە لە شەڕێکی سەختیشدایە لەگەڵ شارستانی خۆرئاوا.
دوای شەڕی کۆبانێ و هاتنە ئارای سیستێمی ڕۆژئاوای کوردستان کە ئەتنیک-نەتەو و دەوڵەتی کلاسیکی تێئەپەڕێنێ، دڵەڕاوکێیەکی گەورە کەوتە ناو دڵی دەوڵەتە ستاتیکۆپارێزەکانی ناوچەکە بەتایبەتی تورکیا و ئێران. ئەمریکا بەهەمو شێوەیەک بەبێ دودڵی پشتیوانی لەو پڕۆژەیە ئەکات، هەرچی ڕوسیایە دەیهەوێ ئەو پڕۆژەیە کۆنترۆڵبکات و ناتوانێ زۆر پشتگیری لێ بکات و زۆریش دژایەتی بکات، دەوڵەتانی ناوچەکەش ئەگەر هەندێکیان بەشێوەیەکی تەکتیکی دژیشی نەبن، بەگشتی ترسیان لێی هەیە. پێویست بو شتێک بکرێ، تاکو هەمو ئەوانە لە دەوری یەک کۆببنەوەو سەرلەنوێ دژایەتی پڕۆژەی کوردستانی بکەن و شتێکی لە بابەت پەیمانه سەعدئاباد زیندو بکەنەوە.
وڵاتانی ستاتیکۆپارێز دەرکیان بەو پێشکەوتنانەی کورددا کرد کە سەرباری زیندانیکردنی ئۆجالان و هێرشەکانی داعش، کورد لە هەرچواربەش لە پێشکەوتندایە. لەسەر داخوازی پکک بارزانی لە ٢٢/٧/٢٠١٣ دا بانگی سەرجەم حیزبە کوردستانیەکانی کرد بۆ کۆنگرەی نەتەوەیی. ئەگەرچی من تێبینی زۆرم لەسەر ئەو دەزگایانە و ئەو ناوە هەیە، بەڵام پڕۆژەیەکی وا دەیتوانی سیستێمێکی نمونەیی کوردستانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بێنێتە ئاراوە. بەهەرحاڵ پێئەچێ ئەو پێشنیارانەی لە کۆنگرەکە کران و ڕێگانەدان بە داخوازیەکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕۆژئاوا، کۆتایی بەو پڕۆژەیە هێنابێ.

ئەگەر دەستپێشخەریەکەی بارزانی بۆ کۆنگرەی نەتەوەیی گەمەیەک بوبێ، رێفێراندۆم تەواوکەری ئەو گەمەیە بو

هەر دوای ئەوە، لەولاو ئەولا پەیتا پەیتا مەسەلەی رێفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان کەوتە ناو مێدیاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان.
-پارتی ڕۆڵی نەبو لە رێفێراندۆمدا بەڵکو مەقاش بو
-سەربەخۆیی و ئازادی مافن، بەڵام ئەگەر یەکێتی و دیموکراستی لەگەڵدا نەبو، کەواتە درۆیە و هیچ کەس ئامادە نیە پشتگیریت لێبکات و هەرکەس بەکارتدێنێ.
-ئامانج لە رێفێراندۆم ڕێگاگرتن بو لە سیستێمی چارەسەری ئازاد و دیموکراتی کوردستانی کە خەریکە لە ڕۆژئاوا سەرهەڵدەدات و بە ناوچەکەدا بڵاو دەبێتەوە. دیزاینەرانی ئەو پڕۆژەیە دەیانزانی رێفێراندۆم ئەبێتە هۆی زیندوکردنەوەی پڕۆژەی سیستێمی دەوڵەوت نەتەوە لە ڕۆژهەڵات و ژەهری نەتەوەیی و طائیفی بڵاودەکاتەوە.
-پڕۆژە مەترسیدارەکەی رێفراندۆم بەتەنیا لە ڕێگای پارتیەوە بەڕێوەچو ئەگەرنا نە کادرانی، نە سەرکردایەتی پارتی و نەهاوپەیمانانی رێفراندۆم و نە ئەوانەی لە سەرەتادا دژی بوون و لە سەعاتی دوایی خۆیان پێڕانەگیراو تەسلیم بوون، ، نە بەشێک لە نەتەوەپەرستە کلاسیکەکانی دەوروبەری پکک لەبەر کاریگەری بەنجی دەوڵەتی کوردی، هۆشی ئەوەیان نەبو دڕک بە مەترسیەکانی ئەو پیلانەکە بکەن.
-ئەوانەی لە گۆڕەپانی دیاربەکر، دەیان هەزار کچیان بەبوک ئەدا و لەیلازانا، شوان پەروەر، بارزانی و تاتلیسیان کۆدەکردەوەو گۆرانی “مەگری مەگری” یان پێدەگوتن، هەر ئەوانەش بوون لە لایەک پڕۆژەی رێفێراندۆمیان خستە سەریان و ئێستاش رێفراندۆم بۆتە وەسیلەیەک بۆ یەکگرتویی شۆڤێنیانەی تورکیا-عێراق و ئێران، کە ئەگەر دان بە شکستەکەیدا نەنرێ، ئەوا ئەگەری کۆمەڵکوژی و ئاشبەتاڵێکی گەورە بەدوایخۆیدا دێنێ.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.