ویستی خەڵک و شەقام

لەلایەن ستاندار Posted on 611 جار بینراوە

دلاوەر شێخ محمد هرکی

هەرگیز بارودۆخەکان بە ویستی خەڵک و شەقام نابەن ، کاتێ خەڵک و شەقامی کوردی لە باشووری کوردستان و لە ساڵی 2011 ناڕەزایی خۆی دەربڕی و بە شێوازێکی مەدەنیانە بۆ گۆڕینی سیستەمی سیاسی و لەناوبردنی گەندەڵی و نادادپەروەری لە کایەکانی حوکمی هاتنەسەر شەقام ، پەیامەکانیان روون و ئاشکرابوون ، لە بڕی ئەوەی خاوەن دەستەڵات و دەستڕۆیشتووەکان و سەرکردایەتی کورد بێن بەدەم داواکارییەکانەوە ، کەچی حەڤدەی شوباتیان بە خەڵک شایستە بینی .
لە ساڵی 2016 دیسانەوە خەڵک هاتە سەر شەقام و بارگرژی دروست بوو ، ئەمجار بە هەر هەموویانەوە بە ئەوانەی لەناو حوکمەت بوون و ئەوانەی لە ئۆپۆزسیۆنیش بوون خۆیان نەکرد بە خاوەنی خەڵکەکە تا ئیتر بووە هۆی سوتاندنی بارەگایەکان ،ڕێک ئەم خەونەی خەڵک و شەقام لە وێوە لە گۆڕنرا ، چونکە ئیتر ئۆپۆزسیۆن هاتۆتە نێو حکومەت و پێکەوە لەو کابینەی حکومەتی بنکەفراوانیان دامەزراندبوو.
هەڵبەت خاوەن قەڵەمەکان زووتر هەر لەسەرەتای پێکهێنانی حکومەتەکە ئەوەیان خستە ڕوو کە لە بەڕژەوەندی خەڵک و شەقام نییە کە بڕیاردراوە حکومەتێکی بنکەفراوان دروست بکرێ ، لێرەدا هەرچەندە ئێستا ئەو سەرکردەیە لە ژیاندا نەماوە ، کە خوالێخۆشبێ بەڕێز نەوشیروان مستەفابوو ، ئەویش ئەو هەڵەی کرد ، لە کاتی نەخۆشکەوتن و لەو دووساڵەی دواییدا هەستی بەو هەڵەیە کردبوو ، ڕاستە لە هیچ لێدوانێک و وتارێکدا ئەوەی باس نەکردبوو ، بەڵام نەهاتنە بەر باری هیچ دانیشتنێک باشترین وەڵام بوو ، باشترین بەڵگەبوو کە دەیزانی ئەویش بە ویستی خەڵک و شەقام کارەکەی نەکرد .
ئەی ئەوانی تر ؟ زۆر بە سەلیقانە و لێزانانە سوودیان لە هەڵەکان وەرگرت ، خۆ هەموومان شاهێدحاڵی ئەوەین لە سەرەتای دەسپێکردنی یەکەم دانیشتنی پەرلەمان بینیمان حزب هەبوو جاڕی ئۆپۆزسیۆنی داو وەکو ئۆپۆزسیۆن خۆی پیشاندا ، کەچی دواتر دەرکەوت ئەمە لە پێناو بەدەستهێنانی پلە و پۆست و شەراکەتی دووقۆڵی بوو ـ
ئەوندەی نەبرد چوار لایەن پڕۆژەیەکی هاوبەشیان دروست کرد ، بەرامبەر یەک لایەن وەستانەوە و ئەم پڕۆژەیە نۆ کۆبوونەوەی ــ سازان ــ ەکەی لێکەوتەوە و دواتر هەرچوار لایەن نەیان توانی بەرامبەر بەو لایەنە دارێک لەسەر بەرد دابنێن یاخود وشەیەک و ڕستەیەک لەو پڕۆژەیە خاڵێکی لە کۆتاییدا دابنێن ، ناچار واق وڕمان و کۆتاییان بە کۆبوونەوەکانی ــ سازان ــ هێنا ، هەروەکو ئەو کات دەوترا کۆبووەنەوە لە پێناو سازان یان لێکترازان ، ئیتر سازان لەگۆڕنرا و لێکترازان بووە ئەمری واقع .
دواتر ئەوەی چوار حزبەکە پێیان نەکرا بەرامبەر حزبەکەی تر بووە هۆی توڕەبوونی خەڵک و شەقام ، لەم زوونە توانرا ئەم دەنگی ناڕەزاییە کەمتر بکەنەوە یاخود هەر نەهێڵن بە ئاشکرا بێنە سەر شەقام ، هەڵبەت ئەمە پێویست بە هێنانەوەی بەڵگە ناکات ، چونکە قەپاتکردنی کەناڵەکان باشترین بەڵگە بوو .
لە زوونی ئەملا جگەلە بوونی قاعیدەی زۆری ئۆپۆزسیۆنی و ئازادی هەندێک زیاتر ڕێدرا بە گردبوونەوە و ناڕزایی خەڵک ، ئیتر ئەمە بووە هۆی شەهید بوونی چەند کەسێکیش و دواتر سوتاندنی بارەگایەکانی حزبێک لەو زوونە ، کە تەنانەت هێزی بەرگریکردنی بارەگایەکانیشیان نەبوو لە زوونی سەوز ، ئەمە بووە هۆکار و ڕێخۆشکەرێک هەروەکو لە حەڤدەی شوبات لە بڕی شکاندی جام و هێرشکردن بە بەرد ، بە بێکەیسی وەڵامی شەقام درایەوە ، بەڵام وەڵامەکەی ئەمجار لە بێکەیسی گەورەرەتربوو ، چونکە بووە هۆی داخستنی پەرلەمان ، زۆرجار وتوومانە حزبی زوونی زەرد بەرامبەر هەر هەڵەیەکی حزب و کاردانەوەی هەر لایەنێک گورزی توند دەوەشێنێ ، هەروەکو ئەوەی لە ڕۆژانی پێش 31 ئاب روودرا ، کە هی ئەوەنەبوون دەست بخەن نێو دەستی دوژمن و بۆ تا هەتایە هاوکێشەی هێزیان گۆڕی لە باشووری کوردستان .
دواتر چۆن بە زەبری هێز پەرلەمان داخرا و وەزیرەکان دورخرانەوە ، تا ساڵ و نیوێک حزبی حاکمی زوونی زەرد بێ منەتانە ڕەفتاریکرد ، ئەمجار توانی زۆر بە لێزانانە درز بخاتە نێو گۆڕان و یەکێتی ، ئەمە لە هەنگاوی یەکەم لە ڕێی ئەو باڵەوە کە مەسلەحەتیان لە ڕێکەوتنی دەباشان نەبوو ، ئەمە وایکرد بڕیار لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بدرێ و بەمەش یەکگرتووشی هێنایە نێو ئەو کۆمیتەیە لەگەڵ چەند لایەنێکی تر و قەوارەی بچووک ، ئیتر دەبوایە زەمینەسازی کرابایە بۆ ئەم ڕیفراندۆمە تاکو ببێتە مایەی وەدەستهێنانی مافەکان و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵک نەک لەدەستانی مافەکان و خراپ بوونی ژیانی خەڵک .
بە کورتی و کۆتایی بابەتەکە ، ئەوەی ئێستا دەگوزەرێ هیچ لە بەڕژەوەندی خەڵک و شەقام دا نییە ، لە ئایندەش چ ڕوودەدا ئەوە دیسانەوە هەر بۆ خەڵک و شەقام نییە ، تەنیا دروشمی بێ بنەما و یارییەکە بۆ درێژە پێدان بەو بارودۆخەیە کە ئەوان دەیانەوێ .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.