حیزبی پێشەوا و هاوڵاتی حیزبی

لەلایەن ستاندار Posted on 597 جار بینراوە

حەسەن ئەبوبەكر صدیق

بەرپرسیار و تاوانباری سەرەكی دۆخی خراپی ئەمڕۆی كوردستان بە بێ‌ ڕكابەر ئەم مۆدێلە باوەی پارتی سیاسیە لە كوردستان، كە هەموویان بەبێی جیاوازی لە ژێر كاریگەری  شێوازی حیزبە سوشیالیستیە ماركسیەكان دروست بوونە بە( دەستكاری و شێواندنەوە ) تەنانەت حیزبە ئیسلامی و نەتەوەیەكانیشان، كە ئەمانە بە هەموویانەوە  دیمەنی سیاسی لە كوردستان پیًكدێنن و مۆدێلی هەرە زاڵن و تاوەكو ئێستاش تەوژمی خۆیان لەدەست نەداوە، بەڵام ئەوەی یاریدەدەریان بووە لەوەی كە بتوانن ئەو وێرانكاریە زۆر و ترسناكە ئەنجام بدەن بوونی بە لێشاوی هاوڵاتی حیزبیە.

ئەم شێوازە لە پارتی سیاسی و بەحوكمی ستراكچەر و سروشتیانەوە سەنتەرین و چەقێكی زۆر بەهێزیان هەیە و زۆربەی كاتەكانیش هەڵگری عەقیدەیەكی دیاری كراون، و ئەگەر بەدرۆش بێت خۆیان وەها وێنا دەكەن، بۆیە هەموو  ئەندامەكانی لە دیدی حیزبەوە دونیا دەبینن. وجا لە بەر ئەوەی ئەمانە زۆربەی كات سەرتا وەك شۆڕشگێڕ و فریادڕەسی كۆمەڵگا دێنە گۆڕپانەوە و دروست دەبن، بۆیە دەبنە كارگەیەكی بە بەرهەمی بەرهەم هێنانی كەسایەتیە سومبولی و پیرۆزكان و ئەمانەش سەنتەرەكانی هێز پێك دێنن كە جەمسەری ئەم سەنتەرانەش هەموویان لە خولگەی پێشەوایەكی جەق دەخولێنەوە و یەكتر قەڵەو دەكەن .

لە دروست بوونی ئەم پێشەوا پیرۆزەوە، عەقیدە و بیر و باوەڕی ئەم زاتە هەرچیەك بێت دەبێتە بیرو باوەڕی هەموان و هەموو كەسایەتی ئەوانی دیكە كانسڵ دەبێتەوە و هەموو دەبن بە كۆپییەكی كاڵی ئەو پێشەوا پیرۆزە و ئەوكات پێشبڕكێكە لەوێ‌ دەبێتە ئەوەی كام لە شوێن كەوتووان زۆرتر و باشتر لەو دەچن و تەنانەت لە وردەكاریە بچووكەكانیش وەك لەبەر كردن وشێوازی خواردنیشدا چاوی لێ دەكەن، و بیر و باوەڕە بنچینەیی حیزبەكەشی لە خوودی خۆیدا دەتوێنێتەوە ئەگەر تەنانەت پێچەوانەش بێت.

لەو ساتەشەوە خوودی حیزبەكەش وەك ڕێكخراوێكی سیاسی نامینێت و دەبێت بە كلان و بنەماڵەیەك و پەیوەندیە ڕێكخراوەیەكان لە نێوان ئەندامەكانیشی دەبێتە پەیوەندی كەسیەتی، وەلەوەش سامناكتر ئەوەیە كاتێك كە یەكێك لەم حیزبانە دەسەڵات دەگرنە دەست ئەوكاتە تەواوی وڵات دەبێت بەو حیزبە و پێگە كۆمەڵایەتیكانیش دەبنە ئۆرگانەكانی و هاوڵاتیانیش دەبنە ئەندامی ئەو سیستمە سەقەتە بەویستی خۆیان بێت یاخود نا، كە ئەم نموونەیەشمان لە زۆربەی حیزبەكانی كوردستاندا بینی و لەگەڵیدا ژییان .

 بەڵام ئەم ستراكچەرە ناهەموار و نالۆجیكیە تەنها بە بوونی لەشكرێك لە هاوڵاتی حیزبی دەتوانێت بەردوام بێت كە هەمووان تیایدا وەك گوڵەبەڕۆژە ئاسا تەنها چاویان بڕیوەتە سەركردە هەتاو ئاساكەیان و لە هەموو دۆخێكیدا هەر وەك بونەوەرێكی بێگەرد و بێ هەڵە دەیبینن و هیچ ڕەخنەیەكی لە سەر قەبوڵ ناكەن و لەڕوانگەی ئەوانەوە هەموو ڕەفتارەكانی ڕاستن ئەگەر لە ناخیشەوە بزانن هەڵەیە بەڵام بیانوی جیاوازی بۆ دەهێننەوە وە ئەگەر لە بەر زەقی هەڵەكەشی نەیان توانی بیانوی گونجاوی بۆ بێننەوە ئەوە ئەو كاتە زۆر بە ئاسانی عەقڵی خۆیان پووچەڵدەكەنەوە و خۆیان ڕازیدەكەن بەوەی كە لەوانەیە ئەوەی وەك هەڵە لەوانەوە دیارە حیكمەتێكی لە پشتەوە بێت و عەقڵ و ئیدراكی ئەوان لەو ساتەدا توانای تێگەیشتنی ئەو تەلیسمەی نەبێت و لە داهاتوودا حیكمەتەكەیان بۆ دەردەكەوێت، هەر بەبۆنەی  ئەم حاڵەتە  سەیرەوە زاراوەی سەركردەی حەكیم دێتەكایەوە و ئەم سەركردەیە هەرچی بوێت دەبێت بكرێت و بەقسەی بكرێت.

ئەم جۆرە لە حیزب و ئەم جۆرە لە هاوڵاتی حیزبی ئەم دۆخە خراپ و مەترسیدارەی ئەمڕۆیان بنیاد ناوە و بەداخەوە بەدەیان جار هەر ئەو هاوڵاتیە حیزبیانە خۆشیان بوونەتە قوربانی و سووتەمەنی ئارەزووی شەڕانگێزی سەركردەكانیان و دەیان جار شەڕی براكەی خۆیان پێكردوە و لە كۆتایشدا خۆینەكەشیان بە فیڕۆداوە و زۆر بەئاسانی سازشیان لەسەر كردون و ناویان ناوە بەرژەوەندی باڵای حیزب ومیللەت.

 وە ئەو سەركردانە هەركاتێك زانیبێتیان خەریكە وێنە پیرۆزەكەیان كاڵ دەبێتەوە و كاریگەریان نامینێت، بۆیە بە دروست كردنی كارەساتێك شوێن كەوتوەكانیان دەخافڵێنن و سەرنجیان لەسەر خۆیان دەگوازنەوە بۆ سەر ئەو گرفتە دروستكراوە، وە بەیاریكردنیش لە سەر وەتەری سۆزی نەتەوەیی جۆشیان دەدەنەوە و بە هەڵدێرێكیان دەبەن و لە ئەنجامدا خۆیان بە هێزتر دەبن وهاوڵاتیش شەكەتتر.

ئەمانەی سەرەوە دیمەنی چارەگە سەدەی ڕابردووی كوردوستان بوون و هەر بەردوامیشە و تا ئەم شێوازە لە حیزبی ستالینی پاوانخواز و سەركردەی دیكتاتۆر بمینێت حاڵ لەمەی ئێستا باشتر نابێت.

بۆ چاك كردنی ئەم دۆخە و گۆڕینی شێوازی كاركردنی سیاسی لە سەرەتا دەبێت چۆنیەتی كاری حیزبی دەستكاری بكرێت و بگۆردرێت لە حیزبی پێشەوای جەماوەریەوە كە لەجیاتی ئەوەی تەنها ئامرازێكی ئەنجامدانی كاری سیاسی بێت و لە خزمەت هاونیشتیمانیاندا بێت بۆتە مووتەكە و جەڵەوی كۆمەڵگای گرتۆتە دەست و بەئارەزووی سەركردەكەی ئاڕاستەی دەكات و كۆمەڵگا لەخزمەت ئەودان، بۆ حیزبی دەنگدەر كەتەنها ئامرازێك بێت و ئەو لە خزمەت كۆمەڵگادا بێت.

  ئەمەش تەنها بەوە دەكرێت سەرچاوەی وزە لەم پارتانەی ئیستا وشك بكەیت كە ئەمەش تەنها بە گۆرینی سروشتی هاوڵاتی حیزبی  بۆ هاوڵاتی دەنگدەر و چاودیری دۆخی سیاسی و سیاسیەكان دەكرێت، چونكە سەرچاوەی وزەی ئەو حیزبانە هەرچەندە ئەگەر لە ڕوواڵەتدا وادەربكەوێت كە پارە وچەكە كە ئەمانە زۆر گرینگن ودەبێت لەدەستیان دەربهێندرێت بەڵام لەڕاستیدا وزەی ڕاستەقینەی لەبن نەهاتووی تاكەكانی كۆمەڵگان و ئاڵانیانە لە دەوری ئەو سەركردانە و وزە ڕەسەنەكە ئەوانن و بێ‌ ژمارەی بێشوماری ئەوان سەركردەكان تەنها چەتەیەكن و هیچی تر و ناتوانن پارێزگاری لە خۆشیان بكەن و زۆر بە ئاسانی دەتواندرێت ڕوو بەڕووی كارەخراپەكانیان بكرێنەوە .

كەوابوو تاوەكو هاوڵاتیان زۆربەیان بێلایەن نەبن و بە ئازادی و بێ‌ هیچ فشارێ نەتوانن هەڵسەنگاندن بۆ كارەكتەرە سیاسیەكانی كۆمەڵگا بكەن، ئەم ناجۆریە هەربەردەوام دەبێت و دۆخی مافی مرۆڤ و داد پەروەری و سەروەری یاسا و دیمۆكراسی یەك هەنگاو ناچێتە پێش، وە لەبەردەوامی ئەم شێوازەشدا تاكە زەرەر مەند هاوڵاتیانن.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.