وردەکاری بەرێوەچونی رێورەسمی پێشوازی لە تەرمی مام جەلال بەخاکسپاردنی

لەلایەن ستاندار Posted on 756 جار بینراوە

ستاندەر
مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بڕگەکانی ڕێوڕەسمی پێشوازیی و بەخاکسپارنی تەرمی مام جەلال و بەڕێوەچونی پرسەکەی بۆ رای گشتی راگەیاند.
دەقی راگەیەندراوەکە:

مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەپەژارەی بێڕادەی کۆمەڵانی خەڵک و لایەنە سیاسیەکان و تەواوی دڵسۆزو ھاوڕێیانی مام جەلال، دڵنیایە. بۆئەوەی بۆ کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلال، ئەرکی ئەمەکدارییان بەپێی بەرنامە جێبەجێ بکەن. بڕگەکانی مەراسیمەکە بۆ رای گشتی رادەگەیەنین:
یەکەم: تەرمی سەرۆک، پێش نیوەڕۆی ھەینی دەگاتە فڕۆکەخانەی سلێمانی، بەپێی پرۆتۆکۆڵی پێشوازی لە سەرۆک، بەرنامەی رەسمی و جەماوەری و سیاسی، لەفڕۆکەخانە، مەراسیمەکە دەستپێدەکات.
دووەم: کەژاوەی شکۆمەندیی سەرۆک، بۆ دوا نوێژی بەرەو دیوانی خودا بەڕێکردن، بەرەو مزگەوتی گەورە، بەڕێ دەکرێت.
سێھەم: لەمزگەوتی گەورەوە، سەرۆک، بەرەو دوائارامگای ژیانی، لە دەباشان، کە ھەوارگەی دڵگیری خۆی بو، چونکە رۆژانە دڵی بەوە خۆش دەبوو سلێمانی بەئاوەدانی و جوانیی دەبینی. بەئامادەبونی میوانانی مام جەلال و جەماوەری خەمبار، دوا دیداری دڵسۆزانی مام و گەلەکەمان، ئەنجامدەدرێ.
چوارەم: یەکەم رۆژی تازیەی سەرۆک، رۆژی شەممە (٧/١٠/٢٠١٧) سەعات ١/ی پاشنیوەڕۆ، لەیاریگای سیروانی نوێ کە دەکەوێتە دووڕیانی سەرچنارو بەرامبەر ھۆڵی ھونەر. ھەروەھا، ھاوکات لە (١١) شاری تری کوردستان (ھەولێر، کەرکوک، دھۆک، ھەڵەبجە، زاخۆ، رانیە، کۆیە، کەلار، سۆران، چەمچەماڵ و خانەقین) مەراسیمی تازیە ئەنجامدەدرێ.
رێنوێنی رێکخستنی میوانانی کەژاوەی سەرۆک:
١- لەدەرگای فڕۆکەخانەوە، ھەتا دەگاتە مەڵبەندی سلێمانی، مەڵبەندەکانی کەرکوک، چەمچەماڵ، ھەولێر، کۆیە، راپەڕین، دھۆک، موسڵ و شەنگال لەگەڵ لقەکانی رێکخراوە دیموکراسی و جەماوەری و سەندیکاکان، بەخۆیان و تەواوی ئەندامان و دۆستان و دڵسۆزانی مام جەلال، لەسەعات ١١/ی سەرلەبەیانیەوە، پێشوازی لە سەرۆک دەکەن.
٢- مەڵبەندەکانی سلێمانی، گەرمیان، ھەڵەبجە، خانەقین، لەگەڵ رێکخراوە دیموکراسی و سەندیکاو سەرجەم دڵسۆزان لەسەر جادەی شەستی.. لەنزیک (بۆڵینگ)ەوە ھەتا ئارامگای سەرۆک، پێشوازی دەکەن.
٣- جەماوەری کوردستان و دانیشتوانی سەربەرزی سلێمانیش، دڵنیاین، بەپێی رێوشوێنی مەراسیمەکە، ئەرکی وەفادارییان بەرامبەر سەرۆک مام جەلال ئەنجامدەدەن.
شایەنی باسە، پرۆگرامێکی تری ھەمەلایەنە لەلایەن لیژنەی باڵای مەراسیمی حکومەتی ھەرێمەوە، بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئاگاداری تەواوی لایەنەکان.
خوای گەورە سەبوری ھەموو لایەکمان بدات و پشتیوانیشمان بێت.. بۆ تەواوکردنی رێگای خەباتی مام جەلال.
مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
ئێوارەی ٤/١٠/٢٠١٧

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.