ئەی ئەگەر ئەم جارەشیان كاك مسعود توڕەبوو؟

لەلایەن ستاندار Posted on 600 جار بینراوە

حەسەن ئەبوبەكر

لەم ڕۆژانەدا باس وخواسی هەڵبژاردن و خۆ تۆماركردن بۆ ئەو هەڵبژاردنە خریكە گەرم دەبێت و لە ماوەیەكی نزیكی داهاتوودا دڵنیام تەواوی كەناڵەكان و دەزگا ڕۆژنامەنوسیەكان و میدیا جیاوازەكان داگیردەكات و هەر لە ئێستاوە مشتومڕو موناقەشەیەكی بێ‌ كەڵك هاتۆتەكایەوە دەربارەی لایەنە هەرە لاوەكیەكانی ئەم بابەتە وەكو ژمارەی قەوارە بەشداربوەكان و كام قەوارە مافی تۆماركردنی هەیە و كامیان مافی نیە و كێ‌ كاندیدی بۆ چی هەیە و بۆ چی نیەتی و كێ‌ هاوپەیمانی كێیە و بەرنامەی هەڵبژاردنی هەریەكەیان چیە.

هەموان بە ئۆپۆزیسیونیشەوە سەرقاڵی تەواوی ئەم بابەتە زۆر بێ‌ واتایەن و زۆر بە خۆهەڵكێشان وتەحەداشەوە ئەوە دەخەنە ڕوو و شانازی پێوە دەكەن كەوا بەرنامەی زۆر تۆكمەیان هەیە بۆ ئەو هەڵبژاردنە و كاندیدی زۆر بەهێزیشیان هەیە.

ئەم هێزە سیاسیانە خۆیان لە ڕاستیەكی مێشك خۆر و دڵتەزێن گێل كردوە و لە بیر خۆیانیان بردۆتەوە كە ئەویش ئەوەیە كە تەنانەت خودی هەڵبژاردن و ئەنجامەكانیشی هەرچیەك بن هیچ واتایەكیان نیە و نابێت هیچ هیوایەكیان لەسەر هەڵبچنن و نابێت ئەوها و بەو شێوەیەش لەخۆشیاندا شاگەشكە ببن، كە ئەو مەكرەمەیان پێبەخشراوە و ڕێیان پێدراوە هەڵبژاردن ئەنجام بدەن، بەتایبەتی موعاڕەزە چونكە هەموان دەزانن كە نەپەرلەمان و نە هیچ دەزگایەكی دیكەی دەوڵەتیی لە سایەی ئەم شێوازە لە حوكمڕانی سوود و توانا و مانای نیە، ئەم شێوازە كە هیچ پێناسەیەكی ڕوونی نیە و تەنانەت نەگەیشتووەتە ئەوەی پێی بووترێت سیستمێكی دیكتاتۆریش چونكە هەر هیچ سیستمێكی نیە.

باشترین بەڵگەش بۆ ئەم قسانە ئەوەیە:-
یەكەم :-دروستكردنی ئەنجومەنی بەناو( سەركردایەتی سیاسی كوردستانی – عیراق) كە بە بوونی ئەو ئەنجومەنە هەموو دام و دەزگاكانی یاسا دانان و بڕیاردان و چاودێریكردن بە تەواوەتی بێ‌ بەها دەكات، كە لەو وڵاتانەی تۆزێك ڕێز لە دیموكراتی و هاوڵاتیانی خۆیان دەگرن تاكە مەرجەعی بڕیاردانن.
دووەم:- حاڵی شپرزەیی و ناجۆری پەرلەمانە كە تاكە ئەنجام و بەرهەمی هەڵبژاردنێكی پێشووتربووە كە لەوانەیە باروودۆخی ئەو هەڵبژاردنەی ئەوكاتە بە میل لەوەی ئیستا باشتربووبێت، ئینجا لەگەڵ ئەوەشداحاڵی ئەو پەرلەمانە ئەوەیە كەهەموان دەیزانین:- (داخراو و سووكایەتی پێكرا و بەتاڵكراوە لەهەموو بەهایەك و هەر بوونی نەماوە) بۆ هیچ بابەتێكیش كەس ئیشی پێنەماوە، دەسەڵاتی بازگەیەك لە دەسەڵاتی ئەو پەرلەمانە زۆر زیاترە و ئەندامە بەناو هەڵبژێردراوەكانیشی بە دەستەی سەرۆكایەتیەكەشیەوە و بەسەرۆكەكەشیەوە بێكاربوونە، كە دەبوایە ماوەی ئەو چەند ساڵە خزمەتی هاوڵاتیانیان بكردایە و داكۆكیان لە مافەكانی لە بەرامبەر حكومەتێكی گورگ ئاسا بكردایە بەڵام بە داخەوە حاڵیان لە حاڵی فەرمانبەرێكی بندیوار هیچ باشترنیە و شاخی بزنێكایان پێتیمار ناكرێت و بەرگریان لە خۆشیان پێناكرێت چی جا بەرگریكردن لە خەڵك و بەرژەوەندیەكانی خەڵك، وە ئەگەر خۆشیان یاخود كەسوكارێكیشیان كارێكیان هەبێت دەبێت واستەی لای حكومەت بۆ بكەن واتە دوا توانایان واستە كردنە .

هەندێك لەم ئەندام پەرلەمانە بەڕێزانە بۆ چارەسەركردنی ئەم بارە لار و ناهەموارە تەنها قسەكردنیان لەكەناڵەكانی تەلەفیزیۆنی و پێگە كۆمەڵایەتیەكانەوە هەڵبژاردوە و هەندێكیان ئەوەشیان نەكردوە.

كە دەیانتوانی بە مەبەستی چارەسەركردنی ئەو گرفتە دەستیان ببردایە بۆ دونیایەك هەنگاوی یاسای وەك دەست لەكاركێشانەوەی جەماعی كەدەبووە هۆی هەڵوەشانەوەی ئەم حكومەتە فاشیلە، كە ئەمە ڕێكارێكی زۆر باوە لە سیاسەتدا و بەیاسا چارەسەری گرفتە سیاسیەكان دەكات ئەمەو و دەیان هەنگاو و ڕێگای دیكە هەبوو كە دەیانتوانی بیگرنەبەر، بەڵام بەداخەوە لەبەر بێتوانای بێت یاخود ملكەچی حیزبی یان لە بەر نەزانی بێت هیچ كام لەم هەنگاوانەیان پەیڕەونەكرد، وە بە پێچەوانەی چاوەڕوانیەكان لە هەندێكیان لەگەڵ ئەوەی خۆشیان باش ئەوە دەزانن كە هیچ كام لە ئەركەكانی خۆیان بەرامبەر بە خەڵك بە جێنەهێناوە تائێستاش هەر بەردوامن لەوەرگرتنی مووچەكانیان و تەنانەت هەندێكیشیان هەر لەكوردوستانیش نەماون.

نزیكەی دوو ساڵە ئەم دۆخە بەم شێوە سەقەتە دەگوزەرێت و بەدەیان قەیران و نەهامەتی و شەر كۆیانی نەكردەوە بەڵام فەرمانێكی جەنابیان لە شانۆگەریەكی پەرلەمانی و لە كاتێكی زۆر سەیردا زۆرینەیانی كۆكردوە كە ئەمە حەقە وەك داهێنانێك لە هەردوو دونیای ئەدەب و سیاسەتدا بۆ ئەو پەرلەمانتارە بەڕێزانە بنوسرێت.

هۆكاری ئەم دۆخە سەیرەش تەنها ئەوەیە كە هەندێك لە ئەندامی ئەم پەرلەمانە هەڵبژێردراوەی هەڵبژاردنەكەی پێشوو بەرێز كاك مەسعودیان توورەكرد و ووتیان تۆ ماوەی سەرۆكایەتیەكەت تەواو بووە و ئەویش بێ‌ یەك و دوو بەفەرمانێك هەموویانی دەركرد و ناردیانیەوە ماڵەوە و دەرگای ئەو پەرلەمانەی كە ئیستا باسی هەڵبژاردنی لەسەرە، دایخست و تاوەكو ئێستاش تەنها بە بڕیار و ئیرادەی ئەو و هەر كاتێك بیەوێت ئەتوانی بیكاتەوە و داشیبخات .

بۆیە پرسیاركە ئەوەیە ئایە ئەو پەرلەمانەی لەم هەڵبژادنە بەرهەم دێت چی جیاوازدەبێت لەوەی ئێستا و ئەو ئەندام پەرلەمانانەی كە دەردەچن چیان زیاتر دەبێت لەمانەی ئێستا كە ئەمان بێگومان هیچ شتێكیان بۆ ئەم میللەتە نەكردوە، بەڵكو بە پێچەوانەوە لە ئێستا و لەداهاتووشدا بارگرانیەكی بێ‌ هودەن لەسەر دارایی گشتی .

كاتێك كە بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێدەكات، كاندیدەكان بۆ پەرلەمان كە بانگەشە بۆ خۆیان دەكەن چۆن وەڵامی ئەم پرسیارە قورسانە دەدەنەوە كە پێگومان لە ناخی زۆربەی هاوڵاتیانی ئەم هەرێمەدان و ئەمەش هەندێك لە نمونەی ئەو پرسیارانەن:-(چی بەرامبەر بڕیارەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتی كوردستان –عیراق دەكەن؟ وە ئەگەر كاك مسعود ئەمجارەش لێتان تورەبوو چی ئەكەن؟ وە ئایە دەتوانن پارێرگاری لە دەنگ و ویستی پیرۆزی خەڵك بكەن لە بەرامبەر ئیرادەی جەنابیان؟ یان ئەگەر جەنابیان فەرمانی داخستنی ئەو پەرلەمانەشی دەركرد و ئەوانی كردەوە سفری پاش فاریزە، ئەوسا چیدەكەن و هەڵویستیان چیدەبێت؟ ئایە هەر وەك ئەوانی پیشووی خۆیان دەبن؟ وە ئەگەرنا چۆن)؟.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.