چەند ڕاستیێک لە باوکی شەھید ژیلوان بۆ تەواوی پێشمەرگە بێ نانەکانی نیشتیمان

لەلایەن ستاندار Posted on 512 جار بینراوە

ئومێد ئەحمەد
ژیلوان سەعید پێشمەرگەیەکی نیشتیمان دۆست و ھەژاری ئەوخاکە بوو
شەوی ٢٣ لەسەر ٢٤ ی ٩ دوای ئەوەی لەداقوق لە ئەنجامی بۆمبی تیرۆرستە جەتەکانی داعش لەگەڵ بەشێک لە ھاوسەنگەرانی بریندار دەبێت
٧ ی ١٠ ی ٢٠١٧ کاتژمێر ٣ ی شەو دەگاتە کاروانی فیداکاران و شەھید دەبێت و
دوای خۆی کچێک بە ناوی ئیناس جێ دەھێڵێ
ئێواری ئەمڕۆ دوای تەواو بونی پرسەکەی لە ڕانیە باوکی ئەو شەھیدە بە قورگی پڕ لە گریانەوە
پێی گوتم چەند قسەیەکت پێ دەڵێم بۆم بنوسە با ئەو پێشمەرگەو کوڕە فەقیرانە لەدەمی منەوە بیزانن
با بزانن ئەو حیزبانە ھەر ھێندە کاریان بەو کوڕە ھەژارانەیە تاکو بە پێوەن
کەکەوتنە سەر جێگا پشتیان تێدەکەن و نایان ناسن
گوتی بنوسە ١٤ ڕۆژ لەگەڵ کوڕەکەم لە نەخۆش خانە بووم ھیچ کەسێک لەو کوڕەی منی نە پێچاوەتەوە لەکاتێک دا پێشمەرگەی ئەوان بووە و خۆی کردە فیدای ئەو خاکە , تەنھا رۆژی ٢٥ مانگ ھاتن لە نەخۆشخانە لەکاتێک دا کوڕەکەم ھیچ زەینی نەبوو دەستێکی نەمابوو بەشیکی زۆری گیانی سوتابوو قاچێکی پلاتینی بۆ دانرابوو لەسەر جێگا پەنجەیان خستە ناو مەرەکە بوو دەنگیان پێدا بۆ ریفراندۆم
دوای ئەوە لە کەرکوک گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی سوتاوی لە سلێمانی دەرمان و دەرزیم بەخۆم لەدەرەوە بۆ دەکڕی و ئەوانەی دەھاتن وەک سوکایەتی پیکردن پێیان دەگوتم کورەکەی تۆ پێشمەرگەی یەکیتییە بۆچی ئەوان ھیچت بۆ ناکەن خۆ پیرێژن نیە لە ناو پیرو پەکەوتەکان داخیل کراوە ئەی چۆن دەبێ ئاوڕی لێ نەدرێتەوە
دەیگوت کە لەو نەخۆشخانەیە گواستمانەوە بۆ نەخۆشخانەیکی تر گوتمان ئەو چەرچەفەی پێدادەدەین بەڵام پێیان گوتین تاکو ١٥ ھەزار دانەنێن ناتوانن ئەو کارە بکەن دوای ئەوەی پارەمان پێدان چەرچەفەکەیان پێداین
گوتی بەداخەوە لەبەر ئەوەی ھەژار و کوڕی ھەژارێک بوو لە ھیچ نەخۆشخانەیەک حسابی پێشمەرگەی بۆ نەدەکرا
دەنا گەر کوڕی بەرپرسێک بوایە یا دەیان بردە نەخۆش خانە تایبەتەکانی خۆیان یان ڕەوانی دەرەوەیان دەکرد
گوتی بنوسە دوو ڕۆژە لە پرسەکەی وەستاوم ھیچ کەسێکی ئەو دزانە نەھاتوە بۆ پرسەکەی
مەبەستی سەرانی ئەو حزبە بوو کە کوڕەکەی لای ئەوان پێشمەرگە بووە
گوتی من نامھەوێ تازە بێن و بیان بینم چونکە کوڕەکەی من دوای چواردە ڕۆژ لە نەخۆشخانە نەکەسیان ھات نە یەک دەرزی ھاوکاری کرا , بەڵام خۆیان دەبوا ئەوەندە دەماغیان ھەبا ھاتبان بۆ پرسەی شەھیدێک
گوتی تاکو ژیلوانم ئاوای لێنەھات وام دەزانی ئەو گەنجانە بۆ کوردستان خۆیان بە کوشتت دەدەن بەڵام ئێستا بۆم ڕون بوەوە کە بۆ کوردستان نیە بۆ مانەوەی ئەو دزانەیە , بۆیە حەز دەکەم ئەو گەنجانە ھوشیارببنەوە من و ھەزاران باوک و دایکی ئەو کوردستانە جەرگیان بڕا توخوا با چیتر ئەو گەنجە جوانانە خۆ بە کوشت نەدەن
بە دڵی پڕ لە خەم و لە گەڵ ھەڵکێشانی ئاخە یەک لەدوای یەکەکانی گوتی مخابن و ھەزار مخابن
چیتری بۆ نە گوتراو فرمێسک بە چاوەکانی دا ھاتنە خوارێ
تێبینی ھەر کەسێک یان ھەر تیڤی و ڕۆژنامەیەک دەیھەوێ ڕاستی ئەو نوسینەی منی بۆ رون بیتەوە
من تەلەفۆنی ئەو باوکە شەھید و جەرگ سوتاوەی پیدەدەم بۆ ئەوەی ڕاستیەکان لەدەمی خۆی ببیستێ .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.