بە دەوڵەت بوون لە نێوان ختوکەی نەتەوەیی و لۆژیکی یاسایی

لەلایەن ستاندار Posted on 623 جار بینراوە

 

عەبدولحەکیم زراری
بەداخەوە بەم دواییە بە تایبەتیش لە سەروبەندی پڕۆسەی ریفراندۆم، زۆرێک لە نوخبەی سیاسی و رۆشنبیران و پێنووس بەدەستان تا دەگاتە خەڵکی ئاسایی لە ژێر گەرمای تای ریفراندۆم و ئەو وتارە حەماسی و سۆزدارییانەی کە لە ھەڵمەتی ریفراندۆمدا دەرخواردی ھەست و دەروونی تاکەکانی کۆمەڵگا دەدرا و بەھۆیەوە ختوکەی نەتەوەیی و سۆز بۆ نیشتیمان و حەماسەت بۆ کوردایەتی دەجووڵێندرا، جێگەی لۆژیک و ئەو رێوشوێنە یاساییانەی گرتەوە کە پێویستە بەر لە ھەموو شتێک بگیرێتە بەر وەکو ھەنگاوی سەرەتایی بۆ دروستکردنی دەوڵەت و قەوارەیەکی سەربەخۆ بۆ گەلی کوردستان. سەرکردایەتی سیاسی کوردستان لە لیژنەی باڵای ریفراندۆم لەو ماوەیەدا ھێندە کاری لەسەر سۆز و عاتیفەی جەماوەر کرد و گوتارە حەماسییەکانی ئاراستەی دڵ و دەروون کردن ھێندەی نە پڕژایە سەر ئەوەی عەقل و لۆجیک بدوێنێ و بە دەمارێکی ساردتر ھەم ھەڵوەستە لەسەر سروشتی ئەو ئەتمۆسفێرە بکات کە ریفراندۆمی تیادا دەگوزەرێ لە رووی زەمینە سازی نێوخۆیی و ئامادەباشی تەواو بۆ ئەنجامدانی پرۆسەیەکی ئاوا ھەستیار،و ھەمیش بە ھەستیارییەوە لە ئاست کاردانەوە نیشتیمانی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەکانیش رابمینێ و بەوردی خوێندنەوە بۆ ھەڵوێستەکانیان و دەرھاوێشتەکانی بکات. ، ھەمدیس بیر لە گرتنەبەری ئەو ئیجرائاتە یاسایی و دەستووریانە بکاتەوە وەکو ھەنگاوێکی راست و تەندروست بۆ چوونە نێو پڕۆسەی بە دەوڵەت بوون لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتیدا، بەڵام حەیف ھەم جەماوەر بە چینی رۆشنبیران و دەستەبژێرانی سیاسیشەوە کەوتنە ژێر ھەڵچوونی بێ بنەمای زانستی ئەو رستە نەتەوەیی دروشم ئامێزانەی کە لە میانەی گوتاری سەرکردەکانەوە دەگوترانەوە بۆ دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان،و ھەمیش سەرکردەکانیش دەکەوتنە ژێر ئەو گەرمی و جۆش و خرۆشەی جەماوەری گڕگرتوو بە عیشقی نەتەوە و نیشتیمان. کە ھیچ کامێکیان نەبوونە ھەندەر و پاڵپشت بۆ ئەوی تریان تا تۆزێک لە کەلی عاتیفە و سۆز دابەزنە خوارێ و بە حیکمەت و لۆژیکەوە وردبینانە و واقیعیانەتر بەرخورد لەگەڵ ئەم پرسە بکەن، بۆ ئەوەی بەرچاو روونانەتر ھەنگاوەکانیان ھەڵێنن و حیساب بۆ دۆخی دوای ریفراندۆم و شوێنەوارە مەترسییەکانی بکەن بۆ ژیانی ھاووڵاتیان و ھەرێمەکەمان، چونکە دواجار دەوڵەت بە عینادی و بێ گوێدانە ئامۆژگاری وڵاتانی بڕیار بەدەست و کەسایەتییە سیاسییە ناودارەکان نایەتە بەرھەم و بێ پاڵشتی وڵاتانی زڵھێزیش ھیچ گرێنتییەک دەستەبەر ناکرێت بۆ دانپێنان بەو قەوراەیەی کە لە داھاتوودا بڕیارە دروست بکرێت. کەواتە نابێ لە قەدەری خوێندنەوەی سیاسەتی نێودەوڵەتی بۆ ناوچەکە رابکەین و تەنھا لەسەر جۆش و خرۆشی نیشتیمانی و سۆزی نەتەوەیی و کڵپەی حەماسی بۆ سەربەخۆیی پاڵکەوین و ئیتر ئاوێ بینە و دەستان بشۆ و چ روودەدات با رووبدات…..؟!! .
ئەوەی لێرەدا دەمەوێت جارێکی تر جەختی لەسەر بکەمەوە ئەوەیە کە ھەر تاکێک ئەگەر تۆزێک ویژدانی کوردانە و خۆشەویستی بۆ خاک و نیشتیمان ھەبێت لەگەڵ بوونی قەوارەی سەربەخۆ و دەوڵەتی کوردستانە، بەڵام پرسیارەکە لێرە ئەوەیە کە ئایا بە دەوڵەت بوون و دروستکردنی قەوارەیەکی سەربەخۆ بە عاتیفە و سۆز و خرۆشان و شیعر و پەخشان بەسەردا ھەڵگوتن و پفدانی رستەی حەماسی بۆ کورد و کوردستانی بوون دروست دەکرێت؟ بێگومان نەخێر، چونکە دروستکردنی دەوڵەت و بونیاتنانی پایەکانی و پاشان بەدەستھێنانی دانپێداھێنانی نێودەوڵەتی، پڕۆسەیەکی ئاڵۆز و پڕ لە زەحمەتییە و پێویستی بە گرتنەبەری کۆمەڵێک ھەنگاو و ئیجرائاتی یاسایی و دەستووری و سیاسیی مەدروسی پیشوەختە ھەیە کە بە دانایی و حەکیمانە و لێزانانە لەرێگای کەناڵی جیاجیاوە کاری لەسەر بکرێت، لەبەر ئەوە ئەوەمان لە بیر نەچێت کە بە دروست بوونی ھەر دەوڵەتێکی تازە ئەوا مۆزائیکی نەخشەی جیۆگرافیای سیاسی ناوچەکە گۆڕانکاری بەسەردادێ و بەرژەوەندی وڵاتانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی دەکەوێتە بارێکی تر و ئاساییش و سەقامگیری وڵاتانی دراوسێش رەنگە بکەوێتە مەترسی و ھەروەھا گەلێک لێکەوتە و دەرھاوێشتەی تریشی بەدوای خۆیدا دەھێنێت، ھەموو ئەمانە وادەکەن کە ئەم پڕۆسەیە وا بە ئاسانی لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە مامەڵەی گونجاو و پێویستی لەگەڵ نەکرێ و بۆی ئیستیعاب نەبێ، بەڵکو بە پێچەوانەوە رەنگە کاردانەوەی نێگەتیڤیشیان بۆی ھەبێت، چونکە ئەوان بە پێی بەرەژەوەندی سیاسی و ئابووری و پلان و ستراتیژییەتی دوور مەودای خۆیان لە ناوچەکە ھەموو دیوەکانی رووداو و پێشھاتەکان و ئایندەی ناوچەکەش دوای سەربەخۆ بوون بە وردی دیراسە دەکەن و ئینجا بڕیاری خۆیانی لەسەر دەدەن، ئەمەش دەری دەخات کە دەوڵەت بوون لە قوڕگی شێردایە و وا بە ئاسانی مەیسەر نابێت، بۆیە پێویست بوو سەرکردایەتی سیاسی کورد ھەر لە زووەوە لە رێگەی کەنالە دبلۆماسییە نیشتیمانییەکانی کە بەداخەوە ئەو کەناڵە تا ئێستا بوونی نییە و ئەوەی ھەیە حزبییە، و ھەمیش لە رێگەی دروستکرنی لۆبی کوردییەوە کە ئەمەشیان تا ئێستا کاری بۆ نەکراوە و بوونی نییە، خۆی نزیک بکردباوە لە وڵاتانی زلھێز و کاریگەری بخستبا سەر سەرچاوەکانی بڕیاردان و لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتی ھەوڵەکانی خۆی چڕ بکردبایەوە و ھەرچی پاکت و چاپتەری نێودەوڵەتی ھەن ئیشی لەسەر بکردبا و وەکو پاڵپشت بۆ دیاری کردنی مافی چارەی خۆنووسین لە نێو مەحفلە نێودەولەتییەکان بەکاری بھێنابا، و لەو پێناوەدا کردو کۆششی زیاتری بۆ بەخەرج بدابووا، نەک لەم ناو ماڵی خۆی لێی دابنیشێ و پڕۆسەیەکی ئاوا سەخت تەسلیمی قەدەری سۆزی نەتەوەییانە و حەماسەت بوون بۆ سەربەخۆیی بکا و حاڵی دەروێشانە بۆ کورد و کوردستانی بوون بگرێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.