مەلا گچکە پیاوێک لە بوێری و نیشتمان پەروەرێتیدا

لەلایەن ستاندار Posted on 727 جار بینراوە

مەهدی کاوانی

بە حوکمی ئەوەی شەقراوە شوێنگەیەکی گەشت و گوزاری بووەو ساڵانە و لە هەموو زەمەنەکان بەسەدان هەزار کەس لە عیراق و کوردستان و وڵاتانی دەورو بەر ، ڕوویان تێ کردووە .بە حوکمی ئەوەی چەندەها سەدەیە ئیسلامەکان و مەسیحیەکان دەناو ئەو شارە مێژووییە ، ژیاون ، بۆیە ئەو شارە خسووسیەتێکی فرە کەلتووری وەرگرتووەو هۆکاریش بووە لە هەڵکەوتنی سەدەها خەلکی لە بابەت مەلا گچکە ،کە گۆشکرابن بە ژیانی پێکەوەیی و فرەیی و فراوانبوونی زەهنیەتی خەلەکەیان دەناو تەبایی و هاکاری کردنی یەکترەوە بە تایبەتی لە نێوانی برا مەسیحی و ئیسلامەکاندا ، دروست کردووە . ئەو فرەییە تا بڵێیت مێژوویەکی پڕشنگداری داوەتە ئەو شارەمان و پێیەوە پشکی هەرە گەورەمان هەبێ لە خەباتی سیاسی و چەکداری و کۆمەلایەتی و تێکڕای چالاکیە هونەری و ئەدەبی و ڕۆشەنبیری …. مەلا گچکە دەناو ئو کەلتوورە فرەییە پێگەییوە . هەر لە گەنجێتیەوە تا ماڵئاوی کردنی لێمان ، تەنیا بۆ ساتە وەختێکیش لە هەموو چالاکیە سیاسی و شۆڕشگێڕی و هونەرو ئەدەب و شیعر …..بەجێی نەهێشتووین . سکالای دەرون کۆمەڵە شعرێکی مەلا گچکەن کە لە لایەن بەهار خانی کچیەوە کۆ کراونەتەوەو لە چاب دراون و ۱٦٠ لاپەڕە بە خۆوە دەگرێ . لە پاش ڕاپەڕینیش لە گەڵ خوالێخۆش بوو ئەبوبەکر خۆشناو و کاک زرار سەرتاش و کۆمەڵە هاوڕێیەکی تر لە شەقراوە گۆڤاری مەمیان دەر کردو ، دوو ژمارەی لێ بڵاو بۆوە. لە خزمەت کردن بە گەل و نیشتمان و لە هەموو زەمەنەکان ، نەیپساندووە . دەناو حیزبی هیوا دابووە . لە شۆڕشی ئەیلول وەک پێشمەرگە ، کادیرێکی تەندروستی سەرکەوتوو . وەک کاری ئەدەبی و هونەری و زۆر چالاکی تر ، دەناو دابووە . لە شۆڕشی نوێی گەلەکەمان ، پیاوانی ڕژێم ، نەدەوێران لە ترسی سامان مەلا گچکەی کوڕی و مام داراو ئەو مەفرەزەی لە گەڵیان بوون لە ماڵەکانی خۆیان بمێننەوە .

بەندە و جارێکیان وا بزانم ساڵی ۱۹۸٦ ش بوو وەک پارتی زانێک لە گەڵ سامان مەلا گچکەو ئەو مەفرەزەی لە گەڵی دابوو خۆمان دە شەقراوە کوتاو مێوانی مەلا گچکە بووین . سەرەتای ناسینی من بە مەلا گچکە ، لەوێوە دەستی پێ کرد . لەوێوە زانیم مەلاگچە چەند بوێرو نەترسە ، لەوێوە بە قسە خۆشەکانی مەلا گچکە ئاشنا بووم . بەهار خانی کچی ماوەیەکی لەمێژە لە وڵاتی سوێد سەرپەرشتی بەشی کوردی ڕادیۆی ئۆپساڵای سوێد دەکات بە زمانی کوردی . بەهار خان توانیویەتی سەرکەوتوانە دەنگی کوردو خەبات و تێکۆشانی لە ڕێگای شعر پەخشان هۆنراوە ، بابەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی ، یادکردنەوەی شاعیرو هونەرمەندو ڕۆشنبیران و کەسایەتیە سیاسیە دیارەکان و شەهیدەکان ، بە دەنگی کوردی هەندەران و جیهان بگەیەنێ . مناڵەکانی تری مەلا گچکەو هەر یەکە بە دەوری خۆی دەناو بزاڤی سیاسی و شۆڕشگێری کوردا بووینە .

بۆیە ئەگەر بڵێین مەلا گچکە ماڵئاوایی لێ کردین بەڵام وجاغێکی ئاوەدانی لە کوڕو کچ و نەوەکانی لە پاش خۆی بەجێ هێشتووە . پیاوێکی هێمن لەسەر خۆ بە مەجلیس ، ئەوەی لە گەڵی ژیابێ قەت لە قسەکانی تێر نەدەبوو . لە ناو ئیسلامان ئیسام بوو لە ناو مەسیحیەکان وەک برا بوو ، دەناو هەموو مەدریسەکان . پیاوان بەتەمەنەکان ، گەنجان بە ژن و پیاوەوە ، شوێنی دیاری کراوی خۆی کردبۆوە . مامۆستا خوا لێخۆش بوو شەمعۆن باتری حەنا کە دەکاتە باوکی ڕزگار شەمعۆنی خاوەنی سایتی شەقلاوە پۆست ، لە بێترمە لە گەڵ مەلا گچکە ماڵیان بە تەک یەکترەوە بوو زەمەنێکی زۆر هەموو کارە ئەدەبی و شعرو هونەرو چالاکیە کۆمەڵایەتیەکانیان بە پێکەوەیی یان بە ڕاوێژ کردن لە گەڵ یەکتری بەڕێوە دەبرد . یوئانیست بنحا بەڕێوەبەری کارگێری قایمقامیەتی شەقلاو لە شەستەکانەوە تا هەشتاکان بە هەمان شێوەی مامۆستا شەمعۆن لە نزیکی مەلا گچکە بوو . مەلا گچکە لە گەڵ سستەر حەیات کە ئافرەتێکی مەسیحی بوو تا حەیامێکی زۆر وەک دوو کادری تەندروستی لە شەقلاوە ، کاریان دەکرد . ئەو نزیک بوونەوەی مەلا گچکە لە گەڵ مامۆستا شەمعۆن و یۆئانیست بنحاو زۆرانێکی تری کەسایەتیە مەسیحیەکان ، نیشانەی فرەیی سیاسی و کەلتوری و کۆمەلایەتی لە نێوان هەردو توخمی دینی ، ئیسلام و مەسیحی ، دوو ئەوەندی تر بزاڤی ڕۆشەنبیری لە شەقلاوە دەولەمەندتر کرد .

ئەگەر بشگەڕێینەوە بۆ دواوە دەتوانم بڵێم فرە کەلتوری و هاموشۆی مەسیحی و موسلمانەکان و لە هەموو زەمەنەکان دەناو شەقلاوەیەکان هەبووەو گەشاوە بووە . مەلا گچکە لەگەڵ حەمید قەساب موسیک ژەن و ئاواز دانەر کاری هونەری کردوەو تیپی موسیکی سەفینیان دامەزراندوە…هەروەها لەگەڵ کەسایەتی ناوداری شارەکە قادری گۆزێ لە بواری سیاسی کاری کردوە ..وەک لە کتێبەکەی قادری گۆزی ئاماژە بە بواری سیاسی کاکە مەلا دەدات…کەسایەتی کۆمەلایاتیش وەکو عەلی حەریری کە زۆر هاورێی بوە..جگە لەوەش تێکەلی و هاوکاری زۆری هەبوە لەگەڵ گەنجانی سیاسی و رۆشەنبیری ئەوسا..کەسایەتی خێر مەندو دیاری شارەکە مامۆستا عوسمان ئەفەندی کە دەکاتە زاوای کاکە مەلا..لەگەل هەندێ چیرۆک نووس لە بواری نووسین و ئەدەب هاورێ بوون . مامۆستا هەژار مکریانی و شێرکۆ بێکەس و قادری گۆزێ و زۆرانێکی تر و لە کاتی نووسینەوەی بیرەوەریەکانیان ، باسیان لە کەسایەتی لێوەشاوەی مەلا گچکە کردووە . هەقە بزاڤی ڕۆشەنبیری و بزاڤی هونەرو ئەدەب و خاوەن قەلەمەکان لە شەقلاوە وەک سومبلێکی بزاڤی ڕۆشەنبیری باس لە مەلا گچکە بکەن . ۲۱ مین یادکردنەوەی ماڵئاوایی مەلا گچکە بە پیرۆز ڕادەگرم و ئەو قەلەمەی بە دەستمەوە گرتووە ، چەندی بنووسم لە ئاست کەسایەتی بەرزی مەلا گچکەوە نیە .هەزاران رەحمەت لە گیانی پاکت.

چەند وێنەیەکی مەلا گچکە

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.