ئاری ئازاد
سەركردەی میللەتان كاتێك شكست دێنن خۆیان دەكوژن، بەڵام دەسەڵات بەدەستانی هەرێمی كوردستان شكستەكانی خۆیان دەبەخشنەوە و كەس نابێتە خاوەنی، دوای شكستێكی گەورە، بارزانی بەیاننامەیەكی ئینشائی نوسراوی بڵاوكردۆتەوە، وەك هەمو جاران ئۆباڵی گشت شكستەكان دەخاتە ملی خەڵكی دیكە و خۆی لێ دەردەهێنێ، لە سەرەتادا دەڵێ، “ئەوەی لە شاری كەركووك رووی داوە، دەرئەنجامی بڕیاری تاكلایەنەی چەند كەسێك لەنێو لایەنێكی سیاسیی ناوخۆی كوردستان بوو”، لە دەستدانی هەمو دەستكەوتەكان دەخاتە ملی یەكێتی و ماڵباتی تاڵەبانی.
هەرچەندە پێش ریفراندۆم بارزانی گوتی ئەگەر ریفراندۆم سەرنەكەوت لە ملی من و باجەكەی هەر خۆم دەیدەم، كەچی بەو راگەیاندراوە خۆڵدەكتاتە چاوی هاوڵاتیان و خۆی لە بەرپرسیارەتی دەكێشێتەوە و نایەوێ دان بە عینادی كردنی ریفراندم بنێ و بڵێ ئەوڕۆ دەبێ من باجەكەی بدەم و ئەوە و ئەوەتان بۆ دەكەم.
وەك لە سەرەتای راگەندراوەكەی بارزانی ئۆباڵی ئاشبەتاڵیەكە دەخاتە ئەستۆی یەكێتی، كەچی لە كۆتایدا دەڵێ،”ئیمڕۆ ڕۆژی باوەڕبوونە بە هێز و یەكڕیزیی گەلەكەمان”، بەڕاستی راگەیەندراوێكی لاواز و پڕە لە تەناقوز و خۆدزینەوە لە بەرپرسیارەتی ئەو دۆخە و ئەو هەمو شكستە گەورەیەی رویداوە.
ئەوەی لەم ڤیدیۆیە دەیبینن، وەزیری ئاوەدان کردنەوەی مەنگۆلیایە، پێش ساڵێک بەڵێنی بە خەڵکی دا، کە ئەگەر ١٠٠ هەزار خانوو دورست نەکات بۆ خەڵکی خۆی دەسوتێنێت، بۆیە لە بەردەم خەڵکی و میدیاکاندا پاش ساڵێک، چونکە ٧٠ هەزار خانوی دورستکردبوو و بەڵێنی بۆ سەد هەزار پێکنەهێنابوو، خۆی سوتاند.
بست و شەش ساڵە دەسەڵات بەدەستانی هەرێم شكست و خیانەت و ئاشبەتاڵی توشی ئەو هەرێمە دەكەن، نەك جەسارەتی خۆ كوژیان نییە، كەچی نەمانبینی یەكێكیان رووی هەبێ ئیستاقالەیەك بدات و، بڵێ هەڵەمكرد، لە چەند رۆژی رابردوو چەندین شار و شارۆچكە و سەتان كیلۆمەتر خاكی كوردستان تەسلیمی بەغدا كرایەوە، كە هاوڵاتیانی كوردستان لە ماوەی 3 ساڵێ رابردوو زیاتر لە 12 هەزار شەهید و برینداری لە پێناوی داوە. بەڵام ئەوان لە چاوتروكانێك تەسلیمیان كردەوە، كەچی كەسیش خۆی ناكاتە خاوەنی ئەو ئاشبەتاڵی و خیانەتە نیشتمانیە گەورەیە.
هەرچەندە ڤیدیۆكە پەیامێكی زۆری تێدایە بۆ بەرپرسانی ئەو ئاشبەتاڵ و خیانەتەی لە كەركوك و شەنگال و مخمور و تەوای ناوچەدابڕێنراوەكان و خوێنی شەهیدان كراوە، بەڵام روویان هێندە قایمە لەبری ئەوە شكتەكان دەبەخشنەوە و شانازی بە عێراقی بوونی خۆمان دەكەین.