هەڵپەرکێی ڕیفراندۆم و شینی کەرکوکیەکان!

لەلایەن ستاندار Posted on 342 جار بینراوە

ئارام قادر حەمەسور

سیاسەت تا ئەوکاتە جوانە کە بۆ خزمەتی گشتی بێت، وەک ئەرستۆ گوتی سیاسەت بریتیە لە چاکەی گشتی، کاتێک خوێندنەوە بۆ سیاسەتی کوردی دەکەین لە هەرێمی کوردستاندا توشی چەندین سەرسوڕمان و شۆکی گەورە دەبین، سیاسیەکانی کورد چارەگە سەدەیەک لەڕێگەی جوڵاندنی سۆزی نەتەوەی کوردیەوە ڕەوایەتی بەخۆیان دەدەنەوە، کورد تائەمڕۆش باجی خۆشباوەڕی خۆی دەدات بۆ سیاسییە فاشیلەکانی، کاتێک دەیانەوێت پڕۆژەیەکی حیزبی و شەخسی بجوڵێنن دێن کار لەسەر سۆزی نەتەوەی دەکەن و لەم ڕێگەوە نیشتمانپەروەر و خیانەتکارانی نەتەوە دیاریدەکەن.

ڕیفراندۆم پڕۆژەیەک بوو بە کەموکوڕیی گەورەوە ئەنجامدرا، پڕۆژەیەک بە ڕق و هەستی شەخسی ئەنجامدرا، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی بێ گوێدانە ڕەخنەی ناوخۆ و دەرەوە ئەم پڕۆژەیەی ئەنجامدا و حیزبەکانی تریش بۆی چەمانەوە، سیاسەت ناکرێت بەڕق و هەستی شەخسی بکرێت، بارزانی پێش ڕیفراندۆم گوتی حیساب بۆ هیچ کەسێک ناکەین! سەیرە سەرکردەیەک بەم شێوەیە قسەبکات، لەکاتێکدا دەبێت هەمو شتێک حیسابی بۆ بکرێت، چونکە هەرێم لە گشت لاوە دەوردراوە بە دوژمنی ڕیفراندۆم، مڕۆڤی گەورە دەبێت حیساب بۆ گشت ئەگەرەکان بکات تەنانەت بۆشتە بچوکەکانیش، هەڵپەرین و جۆشدانی هەستی نەتەوایەتی پێش ڕیفراندۆم بەرەو کۆتای ڕۆیشت، دوای ئەوەی هەڕەشەکان بونە ڕاستی و مەترسییەکان دەرکەوتن.

شەڕی پێشمەرگەو حەشدی شەعبی چاوڕوانکراو بوو، ئەمڕۆ کەرکوک باجەکەی دەدات و دۆخەکە بەرەو ئاڵۆزی دەڕوات، کورد بیری لە پایەکانی دەوڵەت نەکردۆتەوە، دەبینین هێزەکانی پێشمەرگە یەکتر تاوانبار دەکەن بە هەڵاتن و خیانەت، دەوڵەت هێزێکی نیشتمانی نەبێت دەوڵەتێکی شکستخواردووە، یەکێتی و پارتی نەیانویستووە هێزێکی نیشتمانی دروستبکەن بەڵکو بۆ خزمەتی سیاسەتی حیزب بەکاریان دێنن، ڕاگەیاندنەکان شەڕی شکاندنی پێشمەرگەکانی یەکتر دەکەن، ئەمەش فەشەلی ڕیفراندۆم و دروستبوونی دەوڵەتمان نیشان دەدات.

سیاسەت بە ڕق و شەخسی مایەی گاڵتەجاڕییە، هەڵپەڕینەکەی ڕیفراندۆم و شینی کەرکوکیەکان پێمان دەڵێت سیاسییەکانمان خەریکی خەڵەتاندنن و خەڵکیش تەسلیمی سۆزی نەتەوایەتیان بوون، ئەو سۆزەی سیاسیەکان پێی قەڵەوتردەبن و هەژارەکانیش جەنگی بۆ دەکەن، سیاسیەکان سیاسەت دەکەن لەڤێلاکاندا بەبێ شەڕ، خەڵکیش شەڕ دەکات لە بەرەکانی جەنگ بەهۆی سیاسەتی فاشیلی سیاسیەکان.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.