نەبەز جەلال
گەر ئێمە چاو دانەخەین و گەورەتر لەبزواندنی سۆزی خەفەکراوی نەتەوەییمان ، لە دۆخەکە و ڕابوردووی پێکهاتە بەتوانای هێز و لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان ببینین.
بێشک دەگەینە مێژوویەکی پڕ جوڵەی سنوردار و جۆری سەرکەوتنی پاڵپشت و شکستی نێوخۆیی لەململانێی هێزی ئەو لایەنانەی گۆڕەپانەکەیان بۆ خۆیان قۆڕغ کردبو بەناو و هۆکاری ڕەوایەتی شۆڕش و شاخ و خەبات و بووبونە بڕیاردەر و دەمڕاستی خۆڕسکی مشت بەچەکی بۆماوە شۆڕش بەسەر خەڵکی هەرێمی کوردستانەوە.!
لێرەوە بە بیرمان دێتەوە کەکورد هەمیشە بەدۆخێکدا تێپەڕیوە لەڕۆڵی کەسی کارەکتەری بەکاربەر و شوێن جێیی بەرکەوتنی جەنگ و ململانێی بەرژەوەندیەکانی ناوچەکەی زیاتر نەبینیوە.
بێگومان هۆکار و خواردنێکی هەمیشەیش بوە بۆ مانەوە و راگرتنی سەنگ و کێشی هێزی زلهێزکان لەبازنە دیاریکراوەکدا بۆ خودی دوژمنان، لەپاڵ بەجێگەیاندنی خواست و ویستیاندا، ویستی کەسی سەرانی شۆڕشی بەناو کوردستانیشیان لە باوەش و ئەستۆ گرتوە بۆ یەکلایکردنەوە و وازیکردنێکی بێ ئەرزشی ، کورد شکێنانە کەتێیدا بەردەوام گەلی کوردیان کردۆتە قوربانی و سەرکردایەتیەکەشیان کردۆتە کۆڵەوژی دەست بۆ کورەی پڕ جۆش و خرۆشی ئاگرین و ململانێکانی خۆیانیان پێخۆشکردووە.
بەکورترین کاتیش لە ڕێگەی ئەم جۆرە شێوازی چاوبەستنەی خەڵکەوە توانیویانە بجەنگن و بگەن بەمەرام و پلانە شاراوەکانی ناخی خۆیان و بەرژەوەندییە ترسناکە باڵاکانییان لە دەرەوەی گشت پرەنسیبە ویژدانی و ڕەوشتیەکانی رێزدانان و ئەژمارکردنی بەرچاوی کێشە راستەقینەکەی خەڵکی کوردستان بۆ دۆزی کورد کە خەڵکەکەی وەک میللەت باوەڕی بوە تەنها شەڕی مانەوە و پاراستنی بونی نەتەوە و نیشتیمانی کردوە بۆ گەلەکەی.!..
ژیانی ئێمە لە جەنگە خوێناویەکانی هەڵەبجە و ئەنفال و ژێردەستەیی زوڵمی داگیرکەرانی کوردستان، لە دوایشدا گێژاوی گەمەی سیاسی و ئازاری شەڕی ناوخۆ و ماندوبون و شەکەتی ڕێگای دوری خەباتی پڕ چەرمەسەری و قوربانیەکانی خەڵکی کوردستان بۆ گەیشتن بەئازادی و بونی ئومێدی گەورە بەژیان و ئاسودەیی و خۆشبەختی، چانسی گەورەی دەسەڵاتداران بو بۆ دەربازبون و چاوپۆشی کردنیان و ئەمەش بو لێبوردەیی بەخشیە تاوانباران و فایلدارانی گشت ئەو کەیسە قێزەونانەی لەڕابوردوی مێژووی سیاسی شۆڕشی کوردا ڕویاندابوو، کە پاساوی زۆرمان بۆکردنە هۆکاری ئەم لێبوردەییەو نەمان توانی بیکەینە هۆکاری گواستنەوە و پاکردنەوەی شۆڕشی خەڵکی کوردستان بۆ دروست بون و ژیانەوەی لەقۆناغێکی جیاوازتر بۆ هەستانەوە و دەربازبون لە مۆتەکەکانی ڕابوردوو.
هەرچەندە دوا شکستی بەلاداکەوتنە ترسناک و قێزەونەکەی ئەمجارەی ململانێکانی ناوچەکە وهەرێم بۆ خەڵکی کوردستان نەک هەر نامۆ نەبوو بگرە بە پێچەوانەوە لای زۆرینەی خەڵکەکەی هەرێمی کوردستان بەچنینەوەی کۆی بەرهەمە چەوتەکانی دەسەڵاتی سیاسی و قۆرغکاری تاک ڕەویانە و دزینی سامانی نیشتیمانی و پەیڕەوکردن و خوڵقاندنی سیاسەتی کاریکردە و ملدان و ملکەچکردنی خەڵکەکە بەم سیاسەتە بونە هۆکاری خۆپارێزی و خۆپاراستن لەو ویستە شەڕانگێز و خوێناوییەی خەڵکی کوردستان پێشتر لەگەڵی ژیابوو لە ئەزمونی ٣١ی ئابی ١٩٩٦ دا.
خۆسەپاندنیان بەهێزی چەکی خوێناوی و پارەی دزراوی میللەت وەک دوو بەرژەوەندی خوازی بنەماڵەیی بەسەر تەواوی خواستەکانی خەڵکی کوردستاندا ببوە پاساوی پاراستنی دۆخی هێمنی و پێکەوەژیان و قبوڵکردنی بەرچاوبو بۆ چنینەوە وسەلماندنی ئەوڕاستییە کەوتە بەرچاوانی هەموان و بوە داڕمان و لەدەستدانی بەشێکی زۆری خاکی کوردستان کە بە خوێن و خەباتی هەموو جوڵانەوەکانی گەلی کورد هاتبونەوە ژێر دەسەڵات و بەڕێوەبردنی خەڵکی کوردستان.
لەبەردەم ئەم دەرگای کەوتنەدا دۆزی نەتەوە و نیشتیمان بە برینداری و بەشێوەی راستەقینەو بێ رەتوش دوور لە شێوەو شێوازی ڕابوردو کەوتە بەردەممان و لە بەرگی بازرگان و نمایشکاری سیاسیدا خۆی قورتارکردو گەڕایەوە بۆ کوردبونی ڕاستەقینە لە سیمای بەرگریکردن و بەرخۆداندا بۆ نیشتیمان .
کوردبون رۆحیەتی پاکی خۆی خستەوە نێو جەستەی تاک بەتاکی کۆمەڵگاو ویژدانی هەموانی بەجۆرێک نوێکردەوە کە ئیتر تاوانە بهێڵێین ئەم دۆخە ئەوها وەستاو و ئەم سەرانەش بۆ جارێکی تر جوڵاو سەر بجوڵێنن.