بەراوردێک لەنێوان نسکۆی ئەیلول و نسکۆی ئەمجارە

لەلایەن ستاندار Posted on 852 جار بینراوە

فەرمان ڕەشاد

لەم چەند رۆژە لەتۆڕە کۆمەلایەتیەکان دیمەنی دوو پێشمەرگە لەتەنیشت یەکتر بڵاوکرانەوە کە یەکێکیان ھی دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلول بو ئەوی تریش وێنەی پێشمەرگەیەک له ١٦ی ئۆکتۆبەر دوای دۆڕاندنی نیوەی خاکی کوردستان بوو، لە ھەردوو وێنەکە دوو پێشمەرگەکە دەگرین لە داخی ئەوەی بەسەر کورددا ھاتووە، پێم وایە ئەگەر بە وردی سەرنج لە راستیەکانی پشت ئەو دوو وێنەیە بدەین لە دوو سەردەمی جیاواز دەتوانین پەیامێکی زۆر ڕوون ببینین ئەویش ئەوەیە کورد لە ساڵی ١٩٧٥ تا دەگاتە ئێستا بە دەوری بازنەیەکی بەتاڵ دەسوڕێتەوە و، لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ گەیشتەوە خاڵی دەسپێکی بازنەکە کە ئەویش ١٩٧٥ و ئاشبەتاڵی ئەیلولە.

کورد لە دوای ١٩٧٥ نەیتوانی بچێتە قۆناغێکی نوێ ی خەبات کە جیاواز بێت لەوەی پێشوتر، بەڵکو بەسەر ھەمان ھەڵەکان تێپەڕیەوە، ئەویش بریتیە لەوەی ھەمیشە تەنھا یەک پلانی ھەیە ئیشی لەسەر دەکات خاوەنی پلان (بی) نیە بۆ ئەو حاڵەتانەی کە ناتوانێ پلانە سەرەکیەکەی جێبەجێ بکات بەڵکو یەکسەر تەسلیم دەبێت ئەوەی ھەیەتی دەیدۆڕێنێت، ئەوەش بەھۆی ئەوەی کە وەک دەگوترێ ئەوەی پەند لە مێژوو وەرنەگرێت بەھەمان شێوە دوبارەی دەکاتەوە.

یەکێک لەو سیاسیانەی کە لە نسکۆی ئەیلول لە مەلا مستەفا نزیک بو بۆی گێراینەوە ئەو کات کە دەنگۆی ئەوەھەبو ئێران و عێراق رێکەوتن دەکەن و شۆڕشی کورد دەکەوێتە مەترسی خەڵک پرسیاری لێمان دەکرد پلانی شۆڕش چیە، ئێمە ھەموو دەمانگوت دڵنیابن مەلا مستەفا ئاگای لەھەموو شتێکە و، بە وردی ھەموو ئەگەرەکانی لەبەرچاوە بۆیە پێویست بە ترس ناکات، گوتی کاتێک رێکەوتنی جەزائیر ڕاگەیەنرا چوینە لای مەلا مستەفا بۆ ئەوەی پێمان بڵێ چی بکەین کەچی پێ ی گوتین تازە ھیچ شتێک ناکرێت دەبێت تەسلیم بینەوە!!

ئەو خەیاڵ پڵاویە ئەوجارەیەش بەھەمان شێوە ڕوویدایەوە خەڵکێک دەیانگوت ئەگەر بارزانی گەرەنتیەکی ژێربەژێری وەرنەگرتبێت چۆن بەو شێوەیە تەحەدای ھەموو جیھان دەکات و دەڵێت حیسابتان بۆ ناکەم؟ زۆرێک پێیان وابوو پێویستە کورد خۆی تەسلیمی ئەو قەدەرە نادیارە بکات کە بارزانی بانگەشەی بۆ دەکات بەخەیاڵی ئەوەی کە ھەموو شت ئامادەیە، بەڵام دوای ریفراندۆمەکە و گەلەکۆمەکی کۆمەڵگەی نێودەولەتی لە کوردستان ئەو ڕاستیەی سەلماند کە نە گەرەنتیەک ھەبوە و نە بەڵێنێکیش بەڵکو ھەمو بابەتەکە ئەوەبو ھەندێ راوێژکاری ناوخۆی و دەرەکی وایان لە بارزانی گەیاند کە ئەگەر کورد ریفراندۆمەکە بکات کۆمەڵگەی نێودەولەتی ناچار دەبێت مامەڵە لەگەڵ ئەمری واقیع (دیفاکتۆ) بکات، بێ ئاگا لەوەی پەیوەندیە نێودەولەتیەکان بەو شێوەیە کارناکەن.

ئەوەی پرسیارە گرنگەکەیە ئێستا ئەوەیە ئایا کورد لەو بازنەیە ئەمجارە خۆی دەرباز دەکات کە لە ١٩٧٥ دەستی پێکرد و لە ٢٠١٧ کۆتایی ھات؟ یان دووبارە بە ھەمان ئەزمون تێدەپەڕێتەوە؟ ئایا سەرەتایەکی نوێ دەست پێدەکەین بۆ ئاییندەیەکی جیاواز تر؟

بۆ ئەوەی ئەو نوقتەیەک دابنێین و بێینە سەری دێر پێویستیمان بە کەرەستەی جیاواز ھەیە، بە مۆدێلی حیزبایەتی و سیاسەتکردنی جیاواز، میللەتی کورد لەو بەشەی کوردستان بۆ ئەوەی بە دەوری ئەو بازنە بەتاڵ و بێ ئاکامە چیتر نەخوڵێتەوە دەبێت ئەو فۆرمەی ئێستا کە لێگەڕانی ھەموو شتێکە بۆ سەرۆک کۆتایی پێبھێنێت و لەجیاتی ئەوە کار بە تیم و لەچوارچێوەی دامەزراوەیی بکات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.