تۆپەکە مانگی شەش تەقی

لەلایەن ستاندار Posted on 483 جار بینراوە

تۆپەکە مانگی شەش تەقی

سامانی وەستا بەکر

گومانی تیا نیە ئێستا جۆرێک لە شەڕی ساردی نێوان بەرەی ئەمریکا و بەرەی ڕوسیا ھەیە زۆر بە ئاسانی خەتە گشتییەکانی ئەو جەنگە ساردە ئەخوێنرێتەوە، کە لە ھەندێ شوێنیشا جەنگەکەی نێوانیان ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازی ڕاستەوخۆ لەڕێی ھاوپەیمانەکانیاوەو بە چەک و بۆردومانی ڕاستەخۆی فڕۆکەکانی خۆیان بوونی ھەیە بۆ نمونە جەنگی سوریا.
ئەمریکا دوای دەستبەکار بوونی دۆنەڵد ترەمپ ھەندێ گەمارۆی ئابووری بەسەر ڕوسیادا سەپاند کە لێرەیا پێویستمان بە باس کردنی ھۆکارەکانی ئەو گەمارۆیەی ئەمریکا بەسەر ڕوسیادا نیە، بەڵام ئەوەی گرنگە لێرەیا باس بکرێ پەیوەندی ئەو گەمارۆیە بە ڕووداوەکانی ١٦-١٠-٢٠١٧ کە ھەرێمی کوردستان نزیکەی %٥١ی خاکەکەی لەدەستا لەبەرژەوەندی حکومەتی ناوەندی.
سەرەتاکانی مانگی شەشەی ئەمساڵ حکومەتی ھەرێم گرێبەستێکی ٢٠ ساڵی لەگەڵ گەورە کۆمپانیای (ڕوس نەفت)ی ڕوسیا بەست و ئەمەش سەرەکیترین ھۆکاری تووڕەبوونی ئەمریکا بوو لە ھەرێم و سەرۆکایەتی و حکومەتەکەی.
گرنگە بە کورتی بزانین (ڕوس نەفت) کێیە؟ ئەم کۆمپانیایە لە ساڵی ١٩٩٣ دامەزراوەو کۆمپانیایەکی حکومی نەوتی ڕوسیایە و سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیاکەش کەسێکی نزیک ڤلادیمر پۆتنی سەرۆکی ڕوسیایە و حکومەتی ڕوسیا خاوەندارێتی بەشێکی ئەم کۆمپانیایە ئەکا. ئەم کۆمپانیایە نزیکەی ٢٠ ھازار کارمەندی ھەیە و ڕۆژانە زیاتر لە پێنچ ملێۆن بەرمیل نەوت بەرھەم ئەھێنێ. مانگی مارسی ساڵی ٢٠١٣ کاتێ پشکەکانی (TNK-BP) کڕیەوە بوو بە یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیا پشکدارەکان لە جیھانا.
ھەمیشە وتراوە یاری کردن بە ئاگر دەست ئەسوتێنێ و پێڕاکێشانی زیاتر لە بەڕەکەی خۆو باش نیە. بەڵێ حکومەتی ئەمریکا گەمارۆی سەپاند بەسەر ڕوسیایا و حکومەتی ھەرێمیش ھەروەک بڵێی گۆڕ بۆ مەرگی خۆی ھەڵەکەنێ گرێبەستێکی ٢٠ ساڵەی لەگەڵ ڕۆس نەفتی ڕوسیا واژۆکرد و بڕی دوو ملیار دۆلاریشی پێشەکی لێوەرگرت و ئەمەش بووە ھۆی نیگەرانی پێداچوونەوەی ئەمریکا بە پەیوەندیەکانیا لەگەڵ ھەرێمی کوردستانا. ئاخر زلھێزەکان کاتێ ئەچنە ھەر وڵاتێک بۆ سەردان و پشودان ناچن بەڵکو بۆ بەرژەوەندی ئابوری بە پلەی یەکەم و نایاب و لە دواتر ھۆکارە کەم کاریگەرترەکانی تر ئەبێتە پاڵپێوەنەریان بۆ چوونە ناو وڵاتانی دیکەوە.
ڕوسیا و ئەمریکا بەدوای جێ پێی خۆیانا ئەگەڕێن لە سوریا و لە عێراقا، لە سوریا تا ڕادەیەک شەڕەکە لە بەرژەوەندی ڕوسیا بەرەو کۆتای ئەچێ و ھەرچی عێراقیشە لەبەرژەوەندی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٣وە یەکلای بۆتەوە بە ھەندێ دەست تێوەرانی ئێرانی و جارجارەو بەپلەیەکی کەمتر تورکیاوە. لێرەوە بۆمان دەرەکەوێ حکومەتی ھەرێم بەبێ ئاگابێ یان بە ئاگا لە دوولاوە لەبەرژەوەندی ئەمریکا ئەیا بە ھێنانی ڕوسیا بۆ ناو خاکی ھەرێمی کوردستان کە ئەمەش بۆ ئەمریکا ھێڵی سوورە.
ھاتنی ڕوسیا و ڕوس نەفت بۆ ھەرێمی کوردستان لە چەند لایەکەوە بۆ ئەمریکا باش نیەو پێی نیگەرا بوو لەوانە:

لە عێراقێکی سەرتاپاخوار ژێر دەست و قەڵەم ڕەوی ئەمریکا جێ پپێ بۆ ڕوسیا خۆشک کردن واتە دابەش کردنی عێراق بەسەر دوو زلھێزا بێ پرسی خاوەن ماڵ (خاوەن ماڵ لێرەیا مەبەستم ئەمریکایە).
کاتێ ئەمریکا گەمارۆ ئەخاتە سەر ھەر وڵاتێک وا چاوەڕوان ئەکا کۆی ھاوپەیمانەکانی پابەندی ئەو کارەبن کەچی حکومەتی ھەرێم پابەند نەبوو گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیا ڕوسیەکەدا گرێدا، ئەمەش بەلێکدانەوەی ئەمریکا ھەڵگەڕانەوەو گوێڕایەڵنەبوون ئەگەیەنێ.
نزیک کردنەوەی ڕوسیا لە سنوری کوردستانی ڕۆژئاواوە لە دیوی عێراقەوە لەناوچەکانی ھەرێمەوە کە لە ئێستایا ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان تاکە جێ پێی ئەمریکایە لە سوریا.
تا ئێستاش وڵاتانی کەندا بێ پرسی ئەمریکا گرێبەست ناکەن و بەڵکو زۆربەی کات ئەمریکا ئەو کۆمپانیایانە دەستنیشان ئەکا کە لە وڵاتانی کەنداوا کارەکەن کەچی حکومەتی ھەرێم لەگەڵ ڕکەبەرە سەرسەخت و تۆقێنەرەکەی ئەمریکایا گرێبەستی کرد.
ئەمریکا لەھەر شوێنێکبێ دوای داگیرکردن یان دانانی حکومەتی دڵخواستی خۆی ھەوڵەیاو پێی خۆشە لەو شوێنەیا ئارامی ھەبێ تا بنتوانێ بەرژەوەندیەکانی پارێزراوبێ و زۆرترین سود و دەستکەوتی ھەبێ بەڵام بارزانی بووە ھۆکاری سەریەشەو کێشەنانەوە بۆ ئەو وڵاتەو ناوچەکە و ناسەقامگیری عێراق تا ئاستی دەستێوەردانی ئێران بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە عێراقا لەڕێی میلیشیاکانی حشدی شەعبیەوە، وە لەرزۆک کردنی حکومەتەکەی عەبادی کە بە پەیوەندیەکی زۆر باش لەگەڵ ئەمریکایا گرێدراوە و دوورکەوتنەوەی عەبادیش لە دەسەڵات بەواتای ھاتنی کەسێکیتر کە لە ئێرانەوە نزیکبێ و ئاماژەکانیش بۆ نوری مالکی ئەچن کە ئەمریکا کەیفی پێی نایە.
لەبەر ڕۆشنای ئەو خاڵانەی سەرەوە ئەوەمان بۆ دەرەکەوێ کە ئەوەی ١٦-١٠-٢٠١٧ دەرەنجامی ھەڵە و کاڵفامی دەسەڵاتدارانی ھەرێم و لەسەرو ھەمووشیانەوە عینادی و عێبرەت وەرنەگرتنی مەسعود بارزانی لە ڕابردوو ھەروەک چۆن گوێ ڕاکێشانی ئەمریکایە بۆ بارزانی حکومەت و حیزبە بازرگانە سیاسیەکانی ھەرێم.
بێگومان ئەمانە هەموو ئەو هۆکارانە نین کە بوونە هۆی ئەو شکستە گەورەیەی ١٦ی مانگ بەڵام لێرەیا مەبەست تەنها ڕوونکردنەوە لەسەر ڕوس نەفت و گرێبەستن بوو لەگەڵی و لەگەڵ دەرچوون لە فەرمانی گەورەترین زلهێز بەبێ هیچ توانایەک بێجگە لە ووشەی لێکنەدراوەو عیناد و خۆبەزلزانی خۆ ئەگەرنا هۆکارگەلێکیتر تریش هەن بۆ ئەو دۆڕانە.
وەک خۆم تاکە تروسکاییەک کە بەدی بکەم دوای ئەم شکست و نشوستەی چەند کەسێکی نابەرپرس و سەرۆکەکەیان بەسەریان ھێناین ئەوەیە کە ئەمریکا لە داھاتووا کار بۆ دروستکردنی حکومەتێکی نوێ و پیشەزان بکا و پاشان پەستان بخاتە سەر عێراق مادەی ١٤٠ جێبەجێ بکا و لە کۆتایشا باشورو ڕۆژئاوا پێکەوە گرێباتەوەو بگەینە سەر ئاوو لە ھەژموونی داگیرکەران ڕزگارمانبێ ( ئەمە خەوێکەو لە خەیاڵمدا جێگیرە و بەدیھاتنی تەنھا خیانەت نەکردن و حوکمی عەقڵی پێویستە).
___________________________________________
سامانی وەستا بەکر
٢٠-١٠-٢٠١٧
ستۆکھۆڵم-سوید

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.