هه‌موو شتێك به‌ خێ و خێش به‌ مه‌عنا

لەلایەن ستاندار Posted on 290 جار بینراوە

عەبدوڵـڵا كامەران

نییه‌ له‌ ناو كوردان زه‌لام و ژنێك كه‌ ئه‌و په‌نده‌ی سه‌ره‌وه‌ی گۆ لێ نه‌بوبێ، به‌لام بیستن شتێكه‌و تێگه‌یشتن شتێ دیكه‌، به‌دڵنیایه‌وه‌ خۆم له‌ قه‌ره‌ی وه‌شه‌رهاتن ده‌گه‌ڵ غرروی خوێنه‌ر ناده‌م و قه‌ت ناڵێم زۆرینه‌ له‌و په‌نده‌ تێنه‌گه‌یشتون، نا نا ئه‌وه‌ ناكه‌م و ته‌نیا به‌ ته‌مام سوكه‌ ڕونكردنه‌وه‌یه‌كی كه‌مێ ناڕون بۆ په‌ندی (هه‌موو شتێك به‌ خێ و خێش به‌ مه‌عنا) بكه‌م.

له‌وه‌ ده‌ست پێده‌كه‌م كه‌ مرۆڤ نابێت له‌وه‌ پتر كه‌ ده‌توانایدا هه‌یه‌ باش بێت، گرینگ ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ چه‌ندت له‌ خۆت باركردوه‌، گرینگ ئه‌وه‌یه‌ باره‌كه‌ت چه‌نده‌ به‌سه‌لامه‌تی گه‌یاندوه‌، ئیدی هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ باشبه‌ كه‌ ده‌توانی باش بیت، كاری زۆر باش ده‌بێ مرۆڤی زۆرباش و كاری گه‌وره‌ش مرۆڤی گه‌وره بيانكات.

بڵا سه‌رنج به‌فه‌رمون زێده‌ رێزنواندن ده‌ره‌نجامه‌كه‌ی چ بێرێزێكی گه‌رم و به‌ سوژه‌، هه‌موو له‌ ڕاده‌به‌ده‌ر ڕێزێك هاوده‌م بێرێزێكی به‌ده‌ر له‌ ڕاده‌یه‌، مرۆڤ ئه‌و ده‌مه‌ رێزێكی زیاد له‌ پێوستی به‌رامبه‌ره‌كه‌ی گرتوه‌ كه‌ بێرێزێكی گه‌وره‌ی ده‌رهه‌ق به‌خودی خۆی كردوه‌.

واتایه‌كی دیكه‌ی هه‌موو شتێك به‌ خێ و خێش به‌ مه‌عنا ئه‌وه‌یه‌ له‌وه‌ كه‌ هه‌ی پیاوانه‌تر مه‌نوێنه‌، بای ئه‌وه‌نده‌  پیاو به‌ كه‌ ده‌توانی‌ پیاوانه‌ بی، ئه‌وه‌نده‌ ژنبه‌ كه‌ ژنانه‌ی، هه‌مووان بای ئه‌وه‌ ژیرین جیاوازی له‌ نێوان تۆنی ده‌نگی ناسكی خۆرسكی ژنێك و خۆناسكردنی ژنێكی دیكه‌ بكه‌ین، زۆرێك له‌ پیاوان پێیان وایه‌: ناسكی له‌ خه‌سڵه‌ته‌ هه‌ره‌ جوانه‌كانی ژنه‌ و خۆناسكردن هه‌ره‌ ناشرین. ژنێك پی گوتم كه‌ زۆرێك له‌ ژنانیش باوه‌ڕیان ئاوه‌هایه‌: جیاوازی نێوان پیاو پیاوێكی دیكه‌ به‌ ته‌نیا پیاوه‌تییه‌. گوتیشی: به‌لای ئێمه‌ی ژنانه‌وه‌ گه‌وه‌ترین پیاوه‌تی له‌ پیاویش نواندنی مه‌ردایه‌تیه‌ به‌قه‌د ئه‌و پیاوه‌تیه‌ی كه‌ هه‌یه‌تی.

هه‌موو شتێك به‌خێ  و خێش به‌ مه‌عنا مانایه‌كی دیكه‌شی  ئه‌وه‌یه:‌ ئه‌وه‌نده‌ دوور بڕۆ كه‌ بتوانی بێیه‌وه‌، ئه‌وه‌نده‌ بخۆ كه‌ بتوانی هه‌زمی بكه‌ی، دكتۆرانی باش وه‌ها ئامۆژگاری ده‌ده‌ن: بۆ قوتدان و هه‌زمكردنی پارو و فكری گه‌وره‌، گه‌ره‌كه‌ ده‌وی گه‌وره‌و گه‌ده‌ی زل و عه‌قلی فراوان هه‌بێت.

شتێكی دیكه‌ش كه ده‌كرێ له‌‌ په‌ندی هه‌موو شتێك به‌ خێ و خێش به‌ مه‌عنا هه‌لێنجانی بۆ بكه‌ین ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سوری له‌ خێ و عه‌نته‌ریش له‌ عه‌نته‌ر جوانه‌، هه‌روه‌ك چۆن شیرینی له‌ خێدا نییه‌، به‌ هه‌مان شێوه‌ش ڕه‌نگ په‌رین و ده‌ست و لێو له‌رزین خۆ وه‌شاردن له‌ سیمای پیاوی عه‌نته‌ر نین، یه‌كێ له‌ سیما هه‌ره‌ دیاره‌كانی پیاوی عه‌نته‌رو حیساب بۆ كه‌س نه‌كرده‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ منداڵیش حه‌زی له‌ گه‌مه‌ی چاوشلكانی نه‌بوه‌، چونكه‌ پێی وابوه‌ ئه‌م جۆره‌ یاریه‌ جۆرێك له‌ خۆ شاردنه‌وه‌یی تێدا هه‌یه‌ و خۆشاردنه‌وه‌ش له‌ سیفا‌تی پیاوی ئازاو عه‌نته‌ر نیه‌.

كۆتا شت و گرینترین شتێك كه‌ له‌و په‌نده كوردیه‌وه‌ وه‌ری ده‌كرین ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌بێ مرۆڤ پێگه‌و سه‌قلی خۆی بزانی و تا ئه‌و شوێنه‌ بازبدات كه‌ قاچی ده‌یگاتێ، ده‌نا ناو پستێری پانتۆله‌كه‌ی ده‌دڕێ………….،الحمدالله، خۆشبه‌ختانه‌ هی من و هی  تۆش پانتۆل نییه‌ و شه‌ڕوالی كوردیه‌.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.