ڕابوون مەعروف شێوازی ئەشکەنجەدانەکەی دەگێڕێتەوە

لەلایەن ستاندار Posted on 588 جار بینراوە

ستاندەر

ڕابوون مەعروف دەڵێت، کە بە بۆکس و کوتەک و دانیشتن لەسەر ئەژنۆ و چەندین شێوەی دیکە ئەشکەنجەیان داوەو بە ڤیدیۆ تۆماریان کردووە، دەشڵێت: پەرلەمانتارەکانی پارتی وەک شەقاوەبوون و ئومێد خۆشناو پەلاماری دام و ئەشکەنجەی دام.

شەوی ڕابردوو دوای هێرش کردنە سەر پەرلەمان، پەرلەمانتاران و ڕۆژنامەنووسان ئازار و ئەشکەنجەدران، ڕابوون مەعرویف-یش وەک پەرلەمانتارێکی هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی کاتژمێرێک ئەشکەنجە دراوە.

ڕابون مەعروف، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و وتەبێژی نەوەی نوێ، بە ڕۆژنیوزی وت:”دوایی ئەوەی من کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەم ئەنجامدا، چوینە هۆڵی پەرلەمان و دانیشتنەکە بەردەوام بوو تا کاتژمێر ٧ی شەو، دواتر من لە نوسینگەی سکرتێری پەرلەمانی کوردستان بێگەر تاڵەبانی بووم، بەڵام بێگەرد تاڵەبانی پێشنیاری کرد کە بچینە نووسینگەی جەعفەر ئیمینکی جێگری سەرۆکی پەرلەمانەوە، تاوەکو ئەو بەرپرسیارێتی پاراستنەکە بگرێتە ئەستۆ و هەموومان بپارێزێت، لەبەرئەوەی جەعفەر ئیمینکی لە پشکی پارتییە”.

” پەرلەمانتارانی پارتی وەک شەقاوە مامەڵەیان دەکرد”

ڕابوون، وتیشی:”لە نووسینگەی سەرۆکی پەرلەماندا بەشێکی زۆر لە پەرلەمانتارانی پارتی وەک شەقاوە مامەڵەیان دەکرد، لەبەرچاوی پەرلەمانتاران پەلاماریان دەداین و هێرشیان دەکردە سەرمان”.

“دوای هاتنی سیداد بارزانی بۆ ماوەی کاتژمێرێک ئەشکەنجەیان دام”

ڕابوون مەعروف، وتیشی:”پاشان سیداد بارزانی هات بۆ پەرلەمان هەموویان چوونە سەرەوە و لەگەڵیاندا کۆبوونەوە، من بە زۆربەیانم وت کە ئەمە پیلانێکە، بەڵام ئەوان منیان لە ناو ئۆفیسەکە بە تەنها بەجێهێشت، وە پاشان ١٠ بۆ ١٥ کەس هاتن و بەرپرسانی نووسینگەی سەرۆکی پەرلەمانیان دەرکرد، کەواتە ئەو کەسانە لە پلەی باڵاوە هاتبوون کە توانایان هەبوو ئەو بەرپرسانە دەربکەن، پاشان بۆ ماوەی کاتژمێرێک ئەشکەنجەیان دام و هەموو ئەو ئەشکەنجانەیان بە ڤیدیۆ تۆمارکرد”.

“ئەشکەنجەیان دام تا داوای لێبوردن لە بارزانی بکەم”

ڕابون، باسی لەوەشکرد:”بۆماوەی کاتژمێرێک ئەشکەنجەیان دام تاوەکو من داوای لێبوردن لە مەسعود بارزانی سەرۆکی پێشووی هەرێم بکەم، بەڵام ئەگەر من داوای لێبوردن لە خەڵکی کوردستان دەکەم ئەگەر کەموکورتیم هەبووە”.

ناوبراو، وتیشی:”بە شێوازی جۆراوجۆر ئەشکەنجەیان دام، بە بۆکس و کوتەک و دانیشتن لەسەر ئەژنۆ و چەندین ئەشکەنجەی دیکە”.

ئاماژەی بەوەشدا:”ئومێد خۆشناو سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، لەناو هەموو پەرلەمانتاراندا هێرشی کردە سەرم و ئەشکەنجەی منی دا”.

ئەو پەرلەمانتارە، ئەوەشی ڕاگەیاند:”بڕوام بە دادگاکان نییە، لەبەرئەوەی بە لاڕێیدا دەبەن، ئومێدم وایە کە خەباتی مەدەنی خۆمان وەک براکانمان لە باکور درێژە پێبدەین، وە هیوادارم کە هەولێر هەوری ڕەشی هێزە ئەمنیەکانی پارتی دەربهێندرێت”.

دوێنێ، دوای ئەوەی پرۆژە یاسای دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتی هەرێم برایە پەرلەمان، لایەنگرانی پارتی چوونە ناو پەرلەمانەوە و لەیەکەمین کاردانەوەیاندا هێرشیانکردە سەر پەرلەمانتار ڕابوون مەعروف، لەکاتیکدا کە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا لەسەر پرۆژە یاساکە و شکستەکانی بارزانیی قسەی دەکرد.

شەوی ڕابردووش هێزێکی زۆری پارتی بە جلی مەدەنییەوە هەڵیانکوتایە سەر ڕۆژنامەنووسان لەناو حەوشەی پەرلەمان و بە توندیی پەلاماریان دان، بەو هۆیەشەوە ژمارەیەک ڕۆژنامەنووس برینداربوون و کەلوپەلە رۆژنامەوانییەکانیان شکێندرا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.