کۆتایی بارزانی یان کۆتایی سیستمێکی سیاسیی؟

لەلایەن ستاندار Posted on 440 جار بینراوە

مەریوان وریا قانع

دەست لەکار کێشانەوەکەی بارزانی، بەھۆی فشاری دەرەکییەوە، خاڵێکی پۆزەتیڤە لە ڕوی ھەوڵدان بۆ سەرلەنوێ بیناکردنەوەی شێوازی پێکھاتەی دەسەڵات لە ھەرێمدا. بەڵام بە ھیچ مانایەک نەک کۆتایی شتەکان نییە، بەڵکو ھێشتا سەرەتایەکی قابیلی باوەڕپێکردنیش نییە. کەسێک بە وردی نامەکەی بارزانی بخوێنێتەوە چەندان کەلەبەری گەورەی تێدا دەدۆزێتەوە سەبارەت بە ئایندەی سیستمە سیاسییەکەی ھەرێم.

ئەوەی ھەرێم پێویستی پێیەتی تەنھا گۆڕانی سەرۆکەکەی نییە، کە لەڕوی یاساییەوە چەندان ساڵە دەسەڵاتەکانی نایاساییە و بەزەبری ھێز خۆی سەپاندوە، بەڵکو گۆڕانێکی بێچەندوچونی سیستمە سیاسییەکەیە لە ”سیستمی سەرۆکایەتیی“ەوە بۆ ”سیستمی پەرلەمانی“. بەمەش رێگرتن لەوەی بڕێکی زۆری دەسەڵاتەکان لەدەستی کەسێکدا کۆببێتەوە بەبێ ئەوەی میکانیزمیی بەھێز و کاریگەر لەئارادابێت بۆچاودێریکردن و لێپرسینەوە لەو کەسە و لە شێوازی وەگەڕخستنی دەسەڵاتەکانی.

بەڵام سیستمی پەرلەمانی کاتێک مانای دەبێت کە لانیکەم دو شتی سەرەکیی لەھەرێمدا روبدات: یەکەم، کۆتاییھێنان بە دەسەڵاتی ”مەکتەبی سیاسیی“ەکان و ئەو ھەڵقانەی تری دەسەڵات کە لەدەرەوەی دەزگا رەسمییەکانی حوکمڕانیی و لەدەرەوەی پەرلەمان خۆیدا، ئامادەن و کاردەکەن. دوھەم، کۆتاییھێان بەوەی پەرلەمان تیپی چوارەم و پێنجەمی دەسەڵات و بڕیاردان و سیاسەتکردن بێت لە ھەرێمدا و لەزۆر کاتیشدا ئیشی ئەوەبێت بڕیارەکانی مەکتەبی سیاسیی حیزبەکان جێبەجێبکات. سیستمی پەرلەمانی کاتێک مانای ھەیە کە ھەمو گەمەکەرە سیاسییەکان لەناو پەرلەماندا ئامادەبن و لەوێدا بەپێی یاسا پەرلەمانییەکان ململانێکانیان، بکەن.

خاڵێکی گرنگی تر بۆئەوەی سیستمی پەرلەمانی بتوانێت سەروەربێت و کاربکات، ئەوەیە سیستمی داوەریی ئازادبێت، شتێک ئەمڕۆ پێچەوانە ھەرە ناشیرین و ھەرە تاڵەکەی لە ھەرێمدا ئامادەیە. سیستمی داوەریی ئەمڕۆکەی ھەرێم لە ژێر دەسەڵاتی پارتە سیاسییەکان و ئەندامانی مەکتەبە سیاسییەکان و دەسەڵاتی بەرپرسە سیاسیی و سەربازییەکانی تردایە.

بەکورتی وازھێنانی مەسعود بارزانی، سەرەڕای گرنگییەکەی وەک روداوێکی سیاسیی، کاتێک مانای دەبێت کە سەرەتای پرۆسەیەکی ھەمەلایەنی سەرلەنوێ داڕشتنەوەی سیستەمە سیاسییەکەی ھەرێم بێت، سەرەتای بەخۆداچوەوە و لێپرسینەوەیەکی سیاسیی و یاسایی و ئەخلاقییش بێت لە کاری ئەو نوخبە سیاسییەی کە چارەکەسەدەیەکە حوکمڕانە و ئەو گاڵتەجاڕییە گەورەیەی لە کوردستاندا دروستکردوە کە ناوی ”حکومەت“ و “سەرۆکایەتی“ی و ”ئەزمونی حوکمڕانیی“ ھەرێمە.

بارزانی بکەری ژمارە یەکی سەرجەمی شکستەکانی ناو ئەم ئەزمونە سیاسییەیە. لە شکستی سیاسیی و سەربازییەوە بیگرە، بۆ شکستیی ئابوریی و ئەخلاقیی، بە تێپەڕین بەناو شکستیی ئیقلیمیی و نێودەوڵەتیی و ناوخۆییشدا. وازھێنانی بارزانی کاتێک مانای ھەیە کە کۆتایی بارزانیزم بێت وەک یەکێک لە فۆرمە ھەرە ناشیرین و ھەرە گەندەڵەکانی سوڵتانیزمی سیاسیی لە ھەرێمدا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.