قبوڵکردنی شکست لە گەمەی سیاسیدا گیانی وەرزشی دەوێت

لەلایەن ستاندار Posted on 516 جار بینراوە

عەبدولحەکیم زراری
دواجار مادام حزبە سیاسییەکان گەمەی سیاسی دەکەن لەسەر گۆڕەپانی سیاسیدا، کەواتە شتێکی زۆر چاوەڕوان کراو و نۆڕمال دەبێت کە لەو گەمەیەدا شکست و کەوتن تووشی ھەر لایەنێکی سەرەکی گەمەکەرە سیاسییەکە بێت، بۆیە پێویستە ھەر لەسەرەتاوە لایەنە سیاسییەکانی ئەو گەمە سیاسییە بەر لەوەی خەریکی راھێنانی چۆنییەتی گەمەکردنی سیاسی و داڕشتنی پلان و نەخشە و تەکنیکی یارییە بکەن، پێویستە خۆیان لەسەر ئەوە رابھێنن کە چۆن بە گیانێکی وەرزشییانە ئەو دۆڕانە قبوڵ دەکەن کە لە ململانێ سیاسیەکەدا دووچاری دەبن، چونکە ئەگەر لەسەر ئەو راھێنانە خۆیان رانەھێنن و کاری لەسەر نەکەن، ئەوا گومانی تێدانییە کاردانەوەی خراپی لێ سەوز دەبێ و لە دواجاردا دەبێتە گرێیەکی دەرووونی و بەردەوام لە خەم و ھەڵپەی تۆڵەسەندنەوەی نامەشروع و تووش بوون بە رەفتارنوواندنی پێچەوانەی ھەموو رێساکانی یاریکردن دەبن . بەداخەوە ئەوەی لەم دواییە لە ھەرێمی کوردستان روویدا کە بووە ھۆی لە دەستدانی رووبەرێکی فراوان لە خاکی ھەرێمی کوردستان و ئاوارەبوونی ھەزاران کەس، دیارە لەبەرەنجامی ئەو سیاسەتی گەمە کردنە بوو کە لایەنە سەرەکییە سیاسییەکانی یاریەکە لە ھەرێمی کوردستان گرتبوویانەبەر، بۆیە پێویستە سەرکردەی گەمەکەرەکان بەرلەوەی رەخنە و گلەیی ئاراستەی ئەم و ئەو بکەن و یەکتری تاوانبار بکەن پێوستە بە خۆداچوونەوە و سەرکۆنە کردنی خۆیان بکەنە ئەولەوییەتی بەرنامەی کاری داھاتوویان، و ھەڵوەستەیەکی جیددی لەسەر ئەو ئەجیندا سیاسییەیان بکەن کە کاریان بۆ کردووە و قەناعەتی خۆیانیانی لەسەر ھەڵچنیوە، ئەوەی لە ھەمووشی گرنگترە ئەو شکستە سەربازی وسیاسییەی کە لەبەرەنجامی ئەو گەمە سیاسییەی لەسەر دەستی ئەوان روویداوە، بێ دوودڵی و بە رۆحێکی وەرزشییانە دانی پێدا بنێن و خالی لاواز و نەپێکانی ئەو ئامانجەی کە ھەوڵیان بۆ دابوو دەستنیشانی بکەن. لەلایەکی تریشەوە جەماوەری ئەو لایەنانەش پێویستە ئەم شکستە و شوێنەوارەکانی ھەرس بکەن و بە گیانێکی وەرزشی وەری بگرن بە جۆرێک خۆیان بە دوور بگرن لە ھەر رەفتار و کاردانەوەیەکی نەرێیانە کە ببێتە ھۆی تێکچوونی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و یەکڕیزی لایەنە سیاسییەکان.
ھەمدیس شتێکی زۆر نۆڕمالیشە لە پەراوێزی ئەو شکستە سیاسی و سەربازییەی کە تووشی ھەر لایەنێکی سیاسی دەبێت، کە بەپلەی یەکەم کەسی یەکەمی ئەو گەمەیە لێی بەرپرسیارە، ج بەخۆی بە تەنھا یان تەواوی ستافەکەی واز لەم سەرپەرشتی کردنی یاریە بھێنن و دە‌ست لەکار بکێشنەوە تا کەسانی تر بە تین و توانای تر و ئەجێندای تازەوە بێنە پێشەوە و ئەو شکستە لە داھاتوودا بە سەرکەوتنێکی گەورە بگۆڕنەوە و جارێکی تر ھیوا و ئۆمێد بۆ ھەوادارانیان بگەڕێننەوە. بەلێ ئەمە سروشت و گەوھەری راستەقینەی گەمەی سیاسییە چونکە مەرج نییە بەردەوام لەو ململانێیە سیاسییەدا براوە بیت و دەستەکەوتە سیاسییەکان بۆ ھەمیشە بۆ خۆت بچنییەوە، بەڵکو جاری وا ھەیە پێچەوانەوە دەکەوێتەوە، و ئەوەی دەستت کەوتووە لە یارییەکانی پێشوودا لە یارییەکی تردا لەدەستی بدەی و بگرە لەسەریشی قەرزدار ببیەوە، چونکە دواجار لایەنە سیاسییەکان لەگەمەیەکی سیاسی بەردەوامدان، گرنگ ئەوەیە چۆن وانە لەم شکستە وەردەگری و بە گیانێکی وەزشییانە بەرخوردی لەگەڵ دەکەی، نەک خوانەخواستە لە دەرھاوێشتەی ئەم شکستەدا تووشی ھستریا بی و وابزانی کۆتایی مێژووە و کاردانەوەی خراپ بنوێنیت، دیسان دەیڵێمەوە کە ھەر عەقڵەو لە خەسارەتێکدایە بۆیە دەبێ لە مەودوا ئەو گوتەیە بکەین بە بنەماو خاڵی دەستپێک بۆ بەخۆداچوونەوە و سەرلەنوێ دەستکردنەوە بە گەمە سیاسیییەکە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.