بە یەمەنكردنی كوردستان

لەلایەن ستاندار Posted on 379 جار بینراوە

پ.ی.د.رعد رفعە

 ئەمریكاو ریفراندۆم

پرۆسەی ریفرادۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان لەبەردەم چەندین ئاستەنگی (ناوخۆیی، عێراقی، هەرێمی، نێودەوڵەتی، یاسای نێودەوڵەتیەكان) بوو. بەڵام ئەوەی جێی سەرنج بوو ئەم ریفراندۆمەو دەرئەنجامەكەی بە جیابونەوەی كوردستان لەعێراقدا دژی سیاسەتی ئەمریكا بوو لەناوچەكە.

ئەمریكا لەم ناوچەیەدا جگە لە دۆژمنێكی سەرسەختی وەكو ئێرانی هەیە، كۆماری تۆركیاشی لەدەستچووە، عێراقیشی لەدەست دەچوو بەهۆی هەژمونی راستەوخۆی ئێران لەو وڵاتە. بەجیابونەوەی كوردستان لە عێراق گشت هیواكانی بەهاتنەوە ناو ئەم ناوچەیە دەپوكایەوە؛ هەربۆیە ئەمریكا لە سەرەتای پرۆسەی ریفراندۆم –بەئاشكرا ونهێنی- بەدژایەتی وبەڵێنی بەدیهێنانی خەونی كورد لەداهاتوو هەوڵیدا مسعود بارزانی پاشگەزبكاتەوە لەم هەوڵەی.

بۆچی مسعود بارزانی؟

ئەمریكاو توركیا زۆر هیوایان هەڵچنی بوو بەسەر مسعود بارزانی كە هەرێمێكی هێمن وبێ كێشەو بیكەنە پارسەنگی ئەجێندای تایبەتی وڵاتەكانیان لە ناوچەكە. بەڵام ئەوەی روویدا ئەوە بوو كە بارزانی هیچ حسابێكی بۆ سیاسیەت وستراتیژیەت وپلانەكانی ئەمریكاو توركیای نەكرد. هەر بۆیە ئەمریكا بەتایبەتتریش توركیا رقێكی شەخسیان لە مسعود بارزانی هەستاو ئاواتی لەناوبردنی سیاسی بارزانیان دەخواست وكاریان بۆ كرد لەگەڵ عەبادی وئێران وئاواتەكەیان هێنایەدی بەناچاركردنی بە دەستلەكاركێشانەوەی ودابەشكردنی میراتەكەی لەناو پەرلەمانی كوردستان.

شەڕی وەرگرتنی میرات

پەرلەمانی كوردستان لەشەوی 29/10/2017 دەسەڵاتەكانی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی تەواو دابەشكرد بەسەر سەرۆكی حكومەت وسەرۆكایەتی پەرلەمان وئەنجومەنی دادوەری. بێگومان دەسڵاتە فعلی وسەربازی وحكومی وداراییەكانی دابەشكرد بەسەر نێچیرڤان بارزانی، ئەوەش پێگەی دەسەڵاتی داهاتووی ناوبراوی بەهێزكرد –بەلایەنی كەمی لەناو حزب وبنەماڵەی بارزانی- لەسەر حسابی مەسرور بارزانی كە خۆی بۆ جێگرەوەی باوكی دانابوو.

پێدانی ئەم پێگە نوێیە بۆ نێچیرڤان بارزانی ئەوەندەی بڕیارێكی ئەمریكی وهەرێمی وعێراقی بوو، ئەوەندە بڕیارێكی یاسایی ونێوخۆیی نەبوو. بەڵام دیار بوو مەسرور بارزانی هێشتا ئەم حەقیقەتە تێنەگەیشتبوو هەربۆیە هەوڵیدا لەرێگای رێكخستن وهێزە تایبەتەكانی خۆی ئەم پرۆسەیە رابگرێ بەدروستكردنی فەوزاو ئاژاوە لەتەواوی شارەكانی هەولێر ودهۆك، بەڵام بێ هودە تازە كارلەكار ترازا بوو بڕیارە یەكلاییكەرەوەكە پاشگەزبونەوەی بۆ نەبوو.

یەمەن

عەلی عەبدولڵا صاڵح لە 27/2/2012 دوای سی وسێ ساڵ لەحوكمڕانی یەمەن ودوای فشارێكی زۆری ناوخۆیی وهەرێمی ونێودەوڵەتی وئەمریكی وازی لە سەرۆكایەتی یەمەن هێنا.

ئەم وازهێنانەی بەرامبەر پێدانی پارێزبەندی (حصانە) پەرلەمانی یەمەن هات كە لێپێچینەوەی یاسایی لێ نەكرێت لە دادگاكانی یەمەن بەهۆی ئەو تاوان وگەندەڵیانەی ئەنجامی دابوو لەسەردەمی حوكمرانی خۆی.

لەنێوان بارزانی وصاڵح دا

  • هەردوكیان لەژێر فشارێكی دەرەكی وازیان لەدەسەڵات هێنا؛ صاڵح لەژێر فشاری سعودیەو ئێران وئەمریكاو ئەنجومەنی هاریكاری عەرەبی وئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، بارزانی لەژێر فشاری ئەمریكاو توركیا وعێراق.
  • هەردوكیان كەسانێكی نزیك لەخۆیان داناوە لە پۆستەكانیان؛ صاڵح عەبد رەبو مەنصور هادی لەپۆستەكەی خۆی داناوە كە جێگری بووە لە حزب ولە سەرۆكایەتی یەمەن. بارزانی نێچیرڤان بارزانی داناوە كە برازاو زاواو جێگریەتی لە حزب.
  • هەردوكیان حصانەیان دراوەتێ بەرامبەر وازهێنانیان؛ صاڵح حەصانەی یاسایی پەرلەمان، بارزانی حەصانەی زارەكی عێراق وئەمریكا.
  • میراتی سیاسی هەردوكیان ململانێی سیاسی وعەسكەری ناوەتەوە؛ صاڵح كورەكەی “علی” خاوەن نفوزێكی سیاسی وسەربازی شەر لەسەر میراتی باوكی دەكات، بارزانی كوڕەكەی مەسرور خاوەن نفوزێكی حزبی وئەمنی وسەربازی شەر لەسەر میراتی باوكی دەكات.
  • هەردوكیان چاوەرێی دەرفەت وفرسەتێكی ترن بۆ گەڕانەوە بۆ دەسەڵات؛ صاڵح بەمانەوەی لەیەمەن وهاوپەیمانیەتی لەگەڵ حوسیەكان –كە دوژمنی سەرسەختی بوون-، بارزانی بە مانەوەی لەناو حزب وكوردستان وداتاشینی مەرجەعی نەتەوەیی وپۆستی “پێشمەرگە” وئەنجامدانی كۆڕو كۆبونەوە لەگەڵ وەفدو سەركردە سیاسی وعەسكەریەكان. لەوانەیە دەرفەتێكی تری بۆ بڕەخسێ هەوڵی دووبارە دروستكردنی پەیوەندی لەگەڵ عێراق وئێران بدات وپێگەی خۆی دووبارە بەهێز بكاتەوە.

ئەمریكاو سەركردایەتیەكی نوێ

دوای ئەوەی ئەمریكا گەیشتە ئەو بڕوایەی كە مسعود بارزانی فاكتەری نائارامیە بۆ ناوچەكە، هەوڵی جدیدا بۆ پەراوێزخستنی. بەڵام مەبەستی سەرەكی ئەمریكا هێنانەوەی هەرێمی كوردستانە بۆ ناو ئەجێندای خۆی ودوركەوتنەوەی لە توركیاو ئێران. ئەمەش بە دامەزراندنی سیستەمێكی نوێی دیموكراتی لەكوردستان كە گرێدراوی بەرژەوەندیەكانی ئەو بێت نەك وڵاتانی تر. ئەمەش بەئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاكوبێگەرد وسەربەخۆ دێتەدی. ئەمریكا بەنیازە ئەم گۆڕانكاریە بە هێمنی روبدات لەرێگای پرۆسەیەكی دیموكراتی ئارام؛ هەر بۆیە داوای لە حزبەكانی كوردستان كرد پشتگیری حكومەتەكەی نێچیرڤان بارزانی وقوباد تاڵەبانی بكەن بۆ ئەم مەبەستە.

دوو هەنگاو بەرەو پێشەوەو هەنگاوێگ بەرەو دواوەوە

ئەوەی سەرەوە ستراتیژیەت وئاواتی ئەمریكایە بۆ هەرێم وناوچەكە، بەڵام زۆر لەخەیاڵ نزیكە ئەگەر هاتوو هێزە نەیارەكانی یەكێتی وپارتی وابزانن ئەمریكاو عێراق كورسی دەسەڵات بە سینیەكی زێرین دەبەخشنە پارتە نەیارەكان؛ چونكە لە زۆر وڵات بەتایبەت یەمەن، ستراتیژیەتی ئەمریكا بۆ گۆڕینی دەسەڵات وەكو خۆی نەهاتۆتە دی، بەڵكو مەرج نیە ئەمریكا بتوانێ هەرچی بیەوێ فەرزی بكات وبیكاتە دیفاكتۆ. لە سیاسەت وگۆڕانكاری سیاسی فاكتەری دەرەكی رۆڵی گرنگ وسەرەكی هەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست. ئەمریكاو سعودیە “هادی” یان كردە سەرۆكی یەمەن؛ بەڵام حوسیەكان بەهاوكاری ئێران صەنعای پایتەختیان لە هادی وەرگرتوو ناچاری دەست لەكاركێشانەوەیان كرد.  هەربۆیە كاتێك پارتەكانی دەسەڵات ناچاری دەست بەرداری هەندێك رۆڵ ودەسەڵات دەبن لەژێر فشاری ناوەخۆیی یان دەرەكی پێویستە پارتە نەیارەكانیان بواری راست بونەوەی دەسەڵات نەدەن وهەر بەزوترین كات هەنگاو بنێن بۆ پركردنەوەی ئەو رۆڵ ودەسەڵاتەی بەتاڵیان كردوەو هەوڵ بدەن دەستپێشخەری لەناكاویان هەبێ ودووهەنگاو بەرەوپێش بڕۆن ودواتر هەنگاوێك بۆ دانوستان بگەڕێنەوە دواوەوە.

عێراق چەقی ململانێیە وهەرێمی كوردستان نەماوە

ئەمریكاو عەبادی ورەوتە مەدەنیەكانی عێراق لەهەوڵی هێنانەوەی كوردن بۆ چەقی ململانێ سیاسیەكان لە بەغدا؛ ئەمەش بۆ بڕینی یان كەم كردنەوەی دەست وهەژمونی ئێران لە عێراق وناوچەكە. پارتە سیاسیەكان بەتایبەت پارتی ویەكێتی پێشبركێیانە بۆ چونەوە بۆ بەغداو خۆنزیكردنەوەیە لەعێراق بەوەی كێ زیاتر پابەند دەبێ بەبڕیارەكانی حكومەتی عێراق وچارەسەری كێشەكان بە دەستوری عێراق دەكات. كورد باجی گەورەی ئەوەی داوەو دەیدات لەئێستا وداهاتوو؛ هەر لە نەمانی هێزێكی چەكداری سەربەخۆی هەرێم، رادەستكردنی فرۆكەخانەكانی هەرێم، لەدەستدانی نیوەی خاكی كوردستان، نەمانی كۆنتڕۆڵی سێكتەری نەوت وگاز، موچەو بودجەی سەربەخۆ، پەیوەندی دپلۆماسی، لەدەستدانی خاڵە سنوریەكان، هتد… كە بێگومان ئەو دەسەڵاتدارە گەندەڵ وشكستخواردوە هۆكارەكەی بوونە، بەڵام باجەكەی خەڵك وخاكی هەرێمی كوردستان دەیدات وتا دەگاتە ئەوەی بە دیفاكتۆ وئەمری واقع هەرێمێك نامێنێ بەناوی “هەرێمی كوردستان”، بەڵكو پەرلەمانەكەی وەكو مەجلیس تەشریعی وحكومەتەكەی وەكو مەجلیس تەنفیزیەكەی سەردەمی بەعسی لێدێ وحكومەتی ناوەند راستەوخۆ كوردستان بەڕێوەدەبات لەرێگای پارێزگاكان وبەكردەیی شتێك نامێنی ناوی “هەرێمی كوردستان” بێت.

بۆ ئەوەی كوردستان نەبێتە یەمەن

چارەسەر لەدەستی هەردوو حزبی دەسەڵاتدا نیە؛ چونكە ئەوانە كوردستانیان بەم رۆژگارە گەیاندوەو خراپەكار چاكەی لێناوەشێتەوە (إن الله لا یصلح عمل المفسدین). هەروەها نابێ چاوەرێی دەست لەكاركێشانەوەی ئارەزومەندانەی گەندەڵكارو شكستخواردوەكان بین؛ چونكە ئەمانە بونی خۆیان بە بونی دەسەڵات وكورسیەكە دەبیننەوە. بەڵكو پێویستە لە قۆناخی داهاتوو كار بۆ ئەم ئامانجانەی خوارەوە بكرێ:

یەكەم: هەڵوەشاندنەوەی ئەو پەرلەمانە گاڵتەجاڕەی هەرێمی كوردستان لە رێگای دادگای فیدراڵی عێراق.

دووەم: سنورداركردنی دەسەڵاتەكانی حكومەتی ئێستای هەرێم لە رێگای دادگای فیدڕاڵی عێراق، بەجۆرێك تەنها بەحكومەتی كاربەرێكەر ناوەزەند بكرێ ومامەڵە وكاری حكومەتێكی رزگاری نیشتمانی لەگەڵ بكرێ.

سێیەم: تاكو ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی هەرێم، گشت دەسەڵاتەكان لەدەستی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار دەربهێنرێ یان بەلایەنی كەمی دەسەڵاتیان سنوردار بكرێن وبدرێتەوە گەل. ئەمەش لەرێگای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی راستەوخۆ بۆ بەرێوەبەری قوتابخانەو فەرمانگەكان وكۆلیژ وزانكۆكان وموختاری گەڕەكەكان.

چوارەم: ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك وبێگەرد وسەربەخۆ بۆ سەرۆكایەتی هەرێم وپەرلەمانی كوردستان لەگەڵ هەڵبژاردنەكانی عێراق لە 12/5/2017، بەسەرپەرشتی كۆمسیۆنە نوێیەكەی هەڵبژاردنەكانی عێراق ولەژێرچاودێری نەتەوە یەكگرتوەكان وپەرلەمانی عێراق.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.