لە ئێستادا دەستپێشخەری سیاسی لەلای چ حیزب و سەرکردەیەکە ؟

لەلایەن ستاندار Posted on 528 جار بینراوە

نەوزادی موھەندیس

ئاشکرایە حیزبی سیاسی وەک بونەوەرێکی زیندوو،بەقۆناغە جیاوازەکانی گەشەکردن و گەورەبوون و پێگەیشتن و دواتریش پوکانەوە و لاوازبوون و تەنانەت مردنیشدا تێپەڕدەکات، جا ھەر حیزبێکی سیاسی گەر بیەوێت زۆرترین ماوە لەسەر شانۆی گۆڕانکاری و ڕووداوەکاندا بمێنێتەوە دەبێت ھەمیشە لەھەوڵدا بێت بۆ ئەوەی دەستپێشخەری سیاسی ((موبادەرەی سیاسی )) لەدەستدا بێت، ھیچ حیزبێکی سیاسی بەبێ بوونی پێگەیەکی ڕابەرایەتی و فکرو ئایدیایەکی پێشکەوتوو و بەبێ بوونی بەرنامەیەکی خزمەتگوزاری و گەشەکردن و خۆشگوزەرانی ھاوڵاتیان و کۆمەڵگاکەی و بەبێبوونی تێڕوانینێک بۆ ئایندە،ناتوانێت ئەو دەستپێشخەریە سیاسیە مسۆگەر بکات بۆ خۆی و وەک پاڵەوان ڕۆڵ و کاریگەری بمێنێتەوە،بەتایبەتیش کە لە گۆڕەپانە سیاسیەکەدا چەندین ھێز و لایەن و سەرکردە و حیزبی سیاسی تر ھەن و لەھەوڵی گۆڕانکاری و جێگۆڕکێی سیاسیدان.بۆیە حیزبی سیاسی دەبێت ھەمیشە لە پڕۆسەیەکی بەردەوامی خۆنوێکردنەوەدا بێت لە جەستە و عەقڵ و بەرنامە و تێڕوانینەکانیدا و نابێت خۆی قەتیس بکات لە چوارچێوەیەکی بچوک و داخراودا،چونکە زەمەن بەسەریدا بازدەدات و ئەمیش دەبێتە بەشێک لە ڕابووردوو،حیزبی سیاسی بۆ بەردەوامی و مسۆگەرکردنی ئایندە دەبێت ھەمیشە لەجوڵە و داھێنان و پێشڕەویدا بێت و کێبڕکێ بکات لەگەڵ زەمەندا، چونکە بەتێپەڕبوونی کات و داواکاریە نوێکان و خواستەکانی کۆمەڵگا ھێز و لایەن و سەرکردە و حیزبی نوێش دێنەکایەوە و پاڵەپەستۆ دروست دەکەن لەگەڵ سەرکردە و حیزبە کلاسیکی و موخەزرەمەکاندا.
بۆیە حیزبی سیاسی مانای دەستپێشخەری سیاسیە ،ھەرکات ھەر حیزب و سەرکردەیەک نەیانتوانی کە ببنە خاوەنی دەستپێشخەری سیاسی ئەوا بەمانای پاشەکشە و لاوازبوون و سستبوون دەچێت و ھێواش ھێواش ڕیزی پێشەوەی خەبات بەجێدێڵێت بۆ ھێز و لایەن و حیزب و سەرکردەی نوێ.
• لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە پێشەوە ، لە ئێستادا لەکوردستان و عێراقیشدا دەستپێشخەری سیاسی لەلای چ سەرکردە و حیزبێکی سیاسیە؟ کێ بڕیاردەر و خاوەن ھێز و قورساییە لەسەر شانۆی سیاسی؟ ئایا ھێزی سەربازی و ئابوری چ ڕۆڵێک دەبینن لە بون بەخاوەنی دەستپێشخەری سیاسیدا؟
وەڵامی ھەموو ئەم پرسیارانە ئەوەیە، کە ھەر کات ھەر حیزب و سەرکردەیەک توانی نێوماڵی خۆی وەک حیزب و دواتریش کۆمەڵگا یەک بخات و پتەو و یەکڕیز و یەک گوتاریان بکات،ئەوا زۆر بەئاسانی دەتوانێت کە ببێتە خاوەن دەستپێشخەری سیاسی، چونکە توانیویەتی بە بەرنامە و کارو فکر و ئایدیا و تێڕوانینەکانی و دواتریش ڕاستگۆیی و ڕەسەنایەتی و دڵسۆزی و خەمخۆری وایکردوە کە متمانەی زۆرینەی جەماوەر بەدەستبێنێت، لەگەڵ ئەمانەشدا گرنگە کە حیزبی سیاسی خاوەنی سیاسەت و ڕچە و ڕێباز و فکر ئایدیای سەربەخۆی سیاسی خۆی بێت و بیکاتە شوناس و ناسێنەرەوەی خۆی و لەگەڵیشیدا خاوەنی ئابوریەکی چەسپاو وبەھێزیش بێت بۆ بەردەوامیپێدانی ژیانی خۆی و نەکەوێتە ژێر ھەژموونی لایەنی ترەوە،لەدونیای دیموکراسیدا حیزبی سیاسی نابێت خاوەنی ھێزی سەربازی و چەکداری خۆی بێت ،لەکاتێکدا کە ھەموو ئۆرگانەکان بەدامودەزگایی کراون و بونەتە ئۆرگانی نیشتیمانی و یاسا بەتەواوەتی سەروەرو بڕیاردەرە،بۆیە ھێزی چەکدار لە دونیای دیموکراسیدا ڕۆڵێکی ئەوتۆی نیە، بەڵام بەداخەوە لەم ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستەی ئێمەدا و بەتایبەتی و بەگشتیش لە ڕۆژھەڵاتدا چونکە بیروڕاکان بنچینەی دیکاتۆری و خۆسەپاندن و قۆرخکاری و ئایدیای خێڵ و بنەماڵە دەسەڵاتیان ھەیە ھەمیشە سەرکردە و حیزبە سیاسیەکان ھەوڵی پێکەوەنانی ھێزی سەربازی و چەکداریان داوە بەمەبەستی پارێزگاری کردن لەخۆ و خۆسەپاندن و ھەڕەشەکردنیش لە نەیارانیان بەتایبەتیش لە قۆناغی شاخ و شۆڕشی چەکداریدا.
• لەئێستادا و لەکوردستاندا،لەھەرقۆناغێکی مێژوویدا حیزب و سەرکردەیەک خاوەن دەستپێشخەری سیاسی بونە و ھەژموون و سایە و سێبەری خۆیان سەپاندۆتە سەر ھەموان و ھەموانیشیان ناچارکردوە کە ببنە دواکەوتە و گوێڕایەڵی بەرنامە و کاری خۆیان.
١. ئەوەتالە عێراقدا کە کۆنترین حیزبی سیاسی بریتیە لە حیزبی شیوعی عێراقی کە لەساڵی ١٩٣٤دا دامەزراوە تا ڕادەیەکی زۆر تا ساڵەکانی ١٩٦٣ ( تاکۆتایی حوکمی عبدالکریم قاسم )کەم تازۆر خاوەنی دەسپێخەری سیاسی بوە لە عێراقداو تەنانەت لەکوردستانیشدا،بەڵام دواتر بەھۆی زۆر ھۆکاری بابەتی و خۆییەوە ئەو ڕۆڵەی لەدەستداوە و تائێستاش نەبۆتەوە خاوەن دەستپیشخەری سیاسی و ھەمیشەش بەرەو بچوکبونەوەی زیاتر ھەنگاو دەنێت.
٢. لە کوردستانیشدا،لەساڵی ١٩٦١ و ھەڵایسانی شۆڕشی ئەیلولەوە پارتی دیموکراتی کوردستان وەک پارتێکی پێشڕەو و تاقانە بۆتە خاوەنی دەستپێشخەری سیاسی و تا کۆتایی و نسکۆی ساڵی ١٩٧٥ی شۆڕش خاوەنی دەسپێشخەری سیاسی بوە.
٣. لەساڵی ١٩٧٥وە و دوای ھەڵایسانەوەی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان بەڕابەرایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان،یەکێتی بوە خاوەنی دەستپێشخەری سیاسی تاکو ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ و دواتریش دوای پێکھێنانی حکومەت و پەڕلەمانی کوردستان لەساڵی ١٩٩٢دا و بەدەسھێنانیزۆرینەی دەنگەکان و بوونە حیزبی دەسەڵاتدار ھەردوو پارتی و یەکێتی بونە خاوەن دەستپێشخەری سیاسی،چونکە ھۆکارێکی تری گرنگی بون بەخاوەن دەستپێخەری سیاسی بریتیە لە گرتنە دەستی دەسەڵات.
٤. بەدرێژایی ساڵەکانی نەدەوەدەکان و دواتریش دوای ڕووخاندنی ڕژێمی بەعسی ێدامیلەساڵی ٢٠٠٣دا یەکێتی نیشتیمانی کوردستان تا ساڵی ٢٠٠٩ -٢٠١٢ کەم تازۆر توانیویەتی بە خاوەنداری دەسپێشخەری سیاسی بمێنێتەوە بەڵام بەبەھێزی نا، چونکە لەدوای جیابونەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لەساڵی ٢٠٠٩دا یەکێتی ھێز و توانای جەماوەری و ڕێکخراوەیی و سیاسی و ئابوری بەرەو لاوازبوون چوو،دواتریش بەھۆی نەخۆشکەوتنی مام جەلال و ململانێ ناڕەواکانی ناوخۆی خۆیەوە ھێندەی تر یەکێتی کەوتە پەراوێزی ڕووداوەکان و توانای موبادەرەی سیاسی نەما.
بەڵام لەبەرامبەردا پارتی بەبەھێزی خۆی مایەوە و تائێستاش ھەر خاوەنی دەستپێشخەری سیاسی و خاوەنبڕیار و دەسەڵاتە و ھێزی سیاسی و ئابوری و سەربازیشی بەھێزە لەگەڵ پاشەکشەکردنی ھەندێک لە جەماوەرەکەی.
٥. بزوتنەوەی گۆڕان و ھێزەکانی تر وەک ئیسلامیەکان توانیان بۆ ماوەیەکی کەم ببنە خاوەن دەستپێشخەری سیاسی لەساڵی ٢٠١١دا و تا پێکھێنانی کابینەی ھەشتەمی حکومەتی ھەرێم و بەشداریکردنیان لە حکومەتداو چونە ناو دەسەڵاتەوە، بەڵام بەتێکچوونیپەیوەندیەکانیان لەگەڵ پارتیدا جارێکی تر ڕووە و لاوازی چونەوە و دەستپێشخەری سیاسی و شەقامیشیان لەدەستدا بەتایبەتیش دوای کۆچکردنی کاک نەوشیروان.
• لەم قۆناغ و چرکە ساتەی مێژووی خەباتی کوردایەتیدا ،ھیچ کام لە حیزب و سەرکردە سیاسیەکانی کوردستان،خاوەن دەستپێشخەری سیاسی نەماون،لەدوای سازدانی ڕیفراندۆم و ڕووداو و کارەساتەکانی گەڕاندنەوەی سوپای عێراق بۆ ناوچە دابڕێنراوەکان و سەپاندنی ھێز و توانای سیاسی و ئابوری و سەربازی خۆیان بەسەر ھەموواندا لەکوردستاندا، و شکسھێنانی سیاسی و سەربازی و ئابوری ئەم دەسەڵاتە سیاسیەی کوردستان دوای داگیرکردنەوەی کەرکوک وخانەقین و شەنگاڵ و جێگەکانی تر.
لەئێستادا تاکە ھێز لە عێراق و کوردستاندا کە خاوەن دەسپێشخەری سیاسی بێت بریتیە لە حکومەتی عێراق و کەسی د. حەیدەر عەبادی و حیزبی دەعوەی ئیسلامی، بەپشتیوانی وڵاتانی ئێران و تورکیا و سعودیە و تەنانەت ئەمریکا و ئەوروپیەکان و نەتەوە یەکگرتوەکانیش.
لەھەرێمی کوردستاندا، کێرڤی ھێزو توانای سیاسی و ئابوری و سەربازی و تەنانەت جەماوەری ھەموو حیزب و سەرکردە سیاسیەکان بەرەو داکشان چونەو ھیچ کامیان توانای دەستپێشخەری سیاسیان نەماوە و ھەموان چاوەڕوانی دەست و بڕیاری حکومەتی عێراقین و لەوپەڕی بێدەسەڵاتی و لاوازیدان،لەکاتێکدا پێش پڕۆسەی ڕیفراندۆم ھەموو خاڵە بەھێزەکان لای سەرکردایەتی کوردبوون،سەرەڕای بوونی ناکۆکی و ملانێی ناوخۆیی لەنێو ماڵی کورد و یەک و یەکنەگرتوویی خیتاب و کرداری کورد.
بۆیە گەر ئەم قۆناغی لاوازی و بێدەسەڵاتی و شکستەی کورد درێژە بکێشتێت وحیزب و سەرکردە کلاسیکیەکان نەتوانن خۆیان بگونجێنن و بگۆڕن لەگەڵ سەردەمەکەدا زۆر دوور نیە لەکوردستاندا کەس و رلایەن و حیزبی نوێ بێنە کایەوە و ببنە خاوەنی دەستپێشخەری سیاسی و ڕابەرایەتی قۆناغی نوێش بکەن،بەکرداریش لە ئێستادا سەرەتای ئەو ھەنگاو وقۆناغە نوێیە سەریان ھەڵداوە.
گرنگە بۆ ھەموو کورد کە بەزوویی ھەوڵی جدی بدات بۆ گەڕانەوەی پێگە و ھەڵوێستی بەھێزی پێش ڕیفراندۆم لەگەڵ عێراق و وڵاتانی ناوچە و دونیاشدا،چونکە بەبێ بەھێزبونەوە و ھاتنەوەی سەر شانۆی ڕووداو و گۆڕانکاریەکان سەختە بگەینە ئامانج و ئاواتەکانمان و درێژەش بەم دەسەڵات و حوکمڕانیەشمان بدەین.بۆیە قۆناغی نوێی خەباتی کوردایەتی پێویستی بە سەرکردە و عەقڵ و ژیری و تێگەیشتن و کاریزما و پاڵەوانی نوێ ھەیە ،چونکە ئەم سەرکردایەتیە کلاسیکیانەی ئێستا شکستی گەورە و ماڵوێرانکاری زۆریان بەسەر کورد و کوردستاندا ھێناوە و ،ئیدی ھەق وایە گۆڕەپانەکە چۆڵبکەن بۆ کەس و حیزب و سەرکردایەتی نوێ.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.