حەسەن ئەبوبكر صدیق
لەكاتێكدا زۆربەی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان بە خەم و ئازاری لە دەستدانی دۆست و ئازیزانیانەوە دەتلێنەوە و ئاڵاونەتە دەردی خۆیان و زۆربەیان ڕووبەڕووی دەیان گرفتی ژیان بونەتەوە، ئەوانەی هۆكاری ئەو هەموو نەهامەتیەشن خەریكە خۆیان ڕێكدەخەنەوە دوای ئەوەی كە ئەم جارەش دڵنیابونەوە لە دڵسافی ئەم میللەتە بەش مەینەتە و دڵنیابون لەوەی كە هیچ كەسێك بە شێوەیەكی توند و بەلێشاو بەرانگاریان نابێتەوە هەر وەك چاوەڕوانكراوە لە دۆخێكی هاوشێوەی ئەم دۆخەی كوردستان و ئەگەر ئەوەی لێرە ڕوویدا لە هەر شوێنێكی تربوایە لەم جیهانە ئاكام و ڕووبەڕووبونەوەی زۆر جیاوازتری دەهێنایە كایەوە، دوای ئەوەی ئەو تۆزە دەنگەدەنگەش كە لەسەرەتادا دەبیستران خەریكە نەمینێت و خامۆش دەبن، بەرپرسەكانی ریفراندۆم وردە وردە خەریكە لە حەشارگەكانیان دێنە دەرەوە و دەنگیان سات لە دوای سات و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ و بە تێپەڕ بوونی كات زوڵاڵتر دەبێت و دێتەوە دۆخی جاران و وەك هەموو شكستێكیش خەریكە دەبێتە دەسكەوت بۆیان.
هەر چەندە لە دوای نسكۆی ڕیفراندۆمە شومەسەرەخۆرەكەی 25 سێپتێمبەر كە باقۆی بەرهەمە خراپەكانی هەر ڕاستەوخۆ دوای ئەو بەروارە بە دەركەوت و بە داخستنی بواری ئاسمانی هەرێم دەستی پێكرد و بە نوشست ولە دەستدانی نیوەی خاكی باشوری كوردستان و شهید بوونی پۆلێك لە پێشمەرگە و هاوڵاتی كورد و دەربەدەر بوونی دەیان هەزار هاوڵاتی لە 16 و 17 ی ئۆكتۆبەر گەیشتە لوتكە و تاوەكو ئێستاش دەرهاویشتە خراپ و لێكەوتە دڵتەزێنەكانی هەر بەردوامە بەڵام لە جیاتی سزادان خەریكە ئایەتەكە قوڵپ دەبێتەوە و ئەوانەی هۆكاری بوون خەریكە دەبنە فریاد ڕەس و پاڵەوانی تێپەڕاندنی ئەم دۆخە .
جا كاراسەتەكە ڕویداوە و بە هیچ شێوەیەك ناتواندرێت زەمەن بگێڕدرێتەوە دواوە و بۆ ئەوانەشمان كە هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ ئەم بابەتەدا نەبوین و بە بەردوامیش ڕەخەنەمان لە هەموو ڕوویەكەوە لێیدەگرت دەبێت دان بەوەدا بنێن كە ئێمەش وەك دیارە سەركەوتو نەبووین لەوەی كە پێش بەو نەهامەتی و كارەساتە بگرین، جا بە هۆكاری ئەوەوە بوبێت كەم تەرخەم بوبین یاخود گوێمان لێنەگیرابێت یان بە هەر هۆكارێكی دیكە بوبێت، تازه ئەوەی ڕویدا ڕویدا و دەبێت وەك خۆی مامەڵەی لەگەڵدا بكەین و بۆ داهاتوو كاربكەین زەرە و زیانەكانی سنورداركەین و نەهێڵین كاریگەریە خراپەكانی ئەم سەركێشیە بەردوام بن و ئەوەش بەوە دەكرێت لەمەو دوا خاڵ لەسەر پیتەكان دابنێین و ئەگەر لە پێشودا بە بێباكیە و كارمان لەسەر ئەم بابەتەكردبێت و ڕێمان دابێت بەو سیاسیە سوواو فاشیلانە گرەوی دوڕاو لە سەر ژیان و بوونمان بكەن دەبێت ئەم جارە نەهێڵین ئەو دەرفەتە وەرگرن.
بۆیە دەبێت ئێمە هەموان ئاگامان لەوە بێت و ڕێگەیان پێنەدەین لەوە زیاتر بەدبەختمان بكەن و لە پێناو خۆیاندا بمان فرۆشن و بەلایەنی كەمەوە ئەم جارە نابێت بە هیچ شێوەیەك بهێڵین ئەم دۆڕاوانە خۆیان وەك براگەورە و دەم ڕاستی ئەم میللەتە نیشان بدەن و بچنە پێش بۆ دان و سانی لەگەڵ حكومەتی عێراق، چونكە ئەگەر ڕێی ئەوەیان پێبدەین بە دوو هۆكار دەبێت چاوەڕێی شتی زۆر خراپ بین:.
یەكەمیان بە ناسینی ئەمانە دەبێت تا ئێستا ئەوە بزانین كە ئەمانە لە دۆخی بەو شێوەیەدا و لەو پێگە لاوەزەوە هەرچی تەنازولە دەیكەن لە پێنا و پارێزگاری لە مانەوە و بەرژوەندی خۆیان.
دووەم :- لۆژیكی ململانێ و شەڕ وایا براوە مەرجی خۆی بەسەر دۆڕاودا دەسەپێنێت و حكومەتی عێراقیش ئەم ڕاستیە باش دەزانێت و ئەوەش دەزانێت هیچ شتێك لە وەفدێكی دۆڕاوی چڵێس باشترنیە بۆ دانوساندن و ئەمانەش باش دەناسێت و دەزانێت كە هەرچیان بەسەردا بسەپێنێت دەیكەن و ئامادەن بۆ هەمو سازشێك لە پێناو بەرژەوەندی تەسكی خۆیان و حیزبەكانیان.
بۆیە ئەگەر ڕێبدەیەن ئەم شكست خواردوانە نوینەرایەتیمان بكەن لە هەر كفتو گۆیەكدا لەگەڵ حكومەتی ناوەند ئەوا دەبێت لەوە دڵنیا بين كەوا عێراق ئەم دۆخە بە خراپترین شێوە بەكاردێنێت و لە بەرامبەر ڕێپێدانی بۆ بەردوامبوونیان هەموو شتێكیان لێدەستێنیت و ئەوەی خراپە بەسەر نەتەوەی كوردا دەیهێنێت و ئەوەی دەسكەوتە لە دەستیان دەردەكات و خراپترین ئاكامی دەبێت .