گەورەترین هەڕەشە لەسەر ئایندەی هەرێم ، میلیشیای چەکدارە

لەلایەن ستاندار Posted on 500 جار بینراوە

سەڵاح زانا

هەر هێزێک لە دەرەوەی سوپای نیشتیمانیدا بێت پێی دەگوترێ میلیشیای چەکدار . بەو پێیەی هێزەکانی ( یەکێتی و پارتی ) یش کە لە چوارچێوەی سوپای نیشتیمانیدا رێک نەخراون ، پێناسەی میلیشیای چەکدار دەیان گرێتەوە، مەبەستمان لە هێزەکانی ( یەکێتی و پارتی ) تەنیا پێشمەرگە نیە، بەڵکو دەزگاکانی ئاسایش و ( پاراستن و زانیاری )یشە ، کە ئەوانیش تا ئێستا بە کردەوە نەکراون بە دامەزراوەیەکی نیشتیمانی.
لە دوای دامەزراندنی حکومەتی هەرێم لە (۱۹۹۲) دا ، پێویست بوو میلیشیای حیزبە کوردیەکان هەڵبوەشێنرێنەوە و لە چوارچێوەی دامەزراوەیەکی نیشتیمانیدا رێک بخرێن . بەڵام ( یەکێتی و پارتی ) لە بەرژەوەندیاندا نەبوو دەستبەرداری میلیشیای حیزبی ببن، چونکە بەبێ بوونی میلیشیای چەکدار نەیان دەتوانی پارێزگاری لە باڵا دەستی خۆیان بکەن لە کوردستاندا .
بوونی میلیشیای چەکدار لە هەرێمدا ، زیانی زۆر گەورەی بە بەرژەوەندیەکانی هەرێم گەیاندووە، هەوڵ دەدەین لەم چەند خاڵانەی خوارەوەدا ئاماژە بە گرنگترینیان بدەین ؛

۱_ زیانی زۆری بە ناوبانگی ئەزموونی حوکمڕانی کوردی گەیاندوە لە هەرێمدا . چونکە هێزی میلیشیا ئەوەندەی نوێنەرایەتی حیزبەکەی دەکات، نوێنەرایەتی وڵاتەکەی ناکات .
۲_ بووەتە هۆی دروست بوونی شەڕی ناوخۆ، وە درێژە کێشانی دیاردەی میلیشیایی لە کوردستاندا ، بەردەوام هەڕەشەیەکی گەورەیە لەسەر سەرهەڵدانەوەی ئەم شەڕە ناوخۆییە .
۳_ بووەتە هۆی سەپاندنی دۆخی دوو ئیدارەیی لە کوردستاندا ، یان ئەوەی پێی دەگوترێ دوو ناوچەیی دەستەڵاتی زۆنی ( زەرد و سەوز ) .
٤_ راکێشانی دەستی دەرەکی لە لایەن ( یەکێتی و پارتی ) یەوە ، کاتێ میلیشیاکانیان شکستیان هێناوە لە بەرگریکردن لە ئاسایشی حیزب .
٥_ سەپاندنی هەژموونی هەردووو حیزبی باڵا دەست بەسەر سەروەت و سامانی وڵاتدا ، وە تەشەنە سەندنی دۆخی گەندەڵی و دزینی داهاتی وڵات لە لایەن هەردوو هێزی دەستەڵات دارەوە .
٦_ دەست خستنە پرۆسەی هەڵبژاردن ، وە ئەنجام دانی ساختە و پێشێلکاریەکی زۆر لە هەڵبژاردنەکاندا ، کە هێزە میلیشیاکان رۆڵێکی زۆر خراپیان هەبووە لەم بوارەدا .
۷_ هێزی میلیشیا بووەتە رێگر لە بەردەم پرۆسەی دەستاو دەست کردنی دەستەڵات لە هەرێمدا . نمونە وەک مانەوەی سەرۆکی هەرێم لە پۆستەکەیدا ، هەرچەندە ماوە یاساییەکەشی بەسەر چووە .
۸_ کەم کردنەوەی رۆڵی پەرلەمان لە لایەن هەردوو حیزبی باڵا دەستەوە ، تارادەی پەکخستنی خودی دامەزراوەکە ، کاتێ بووەتە هەڕەشە لەسەر دەستەڵاتیان . وەک پەکخستنی پەرلەمانی کوردستان لە لایەن پارتیەوە لە (۲٠۱٥) دا ، کاتێ هەوڵیدا دەستکاری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم بکات .
لە دۆخی هەڵوەشانەوەی میلیشیای حیزبی و دروست کردنی سوپایەکی نیشتیمانیدا ، هەرێم لە چەندین رووەوە قازانج دەکات ، بە پێویستی دەزانین ئاماژە بە گرنگترینیان بدەین ؛

۱_ هەرێم رزگار دەبێ لە مەترسی سەرهەڵدانەوەی شەڕی ناوخۆ .
۲_ رێگە خۆش دەکات لە بەردەم دروست بوونی ئیدارەیەکی بەهێز و یەکگرتوودا .
۳_ تارادەیەکی زۆر رێگە دەگرێ لە راکێشانی دەستی دەرەکی بۆ ناو خاکی هەرێم لە لایەن حیزبە سیاسیەکانەوە .
٤_ لە دۆخی نەبوونی میلیشیادا ، حیزبە باڵا دەستەکان ناتوانن بەو ئاسانیە دەست بەسەر سامان و داهاتی وڵاتدا بگرن ، وە بەشێوەیەکی بێ باکانە پەرە بە دیاردەی گەندەڵی و خراپەکاری بدەن .
٥_ تارادەیەکی زۆر پێشێلکاریەکانی پرۆسەی هەڵبژاردن کەم دەبنەوە ، وە رەوایەتی و متمانە بۆ هەڵبژاردنەکان دەگەڕێتەوە .
٦_ رێگریەکانی بەردەم پرۆسەی دەستاو دەست کردنی دەستەڵات ، زۆر کەمتر دەبنەوە .
۷_ دامەزراوەکانی وڵات ، دەتوانن بە شێوەیەکی باشتر بە ئەرک و رۆڵی خۆیان هەڵبستن ، وە تارادەیەکی زۆر کاریگەری فشارەکانی دەستەڵات لەسەریان کەمتر دەبێتەوە .
۸_ لە کاتی هەبوونی هەڕەشەیەکی دەرەکی لەسەر هەرێم ، سوپای نیشتیمانی زۆر باشتر دەتوانێ بەرگری لە ئاسایشی وڵات بکات ، بە بەراورد بە هێزی میلیشیا .
لە دەرنجامدا بۆمان دەرکەوت ، کە میلیشیای چەکدار نەک هەر هەڕەشەیەکی زۆر گەورەیە لەسەر ئایندەی هەرێم ، بەڵکو نەمانیشی خزمەتێکی زۆر گەورە بە دۆخی سیاسی و ئابوری و دیموکراسی دەکات لە کوردستاندا . بۆیە پێویستە نەهێشتنی میلیشیای چەکدار ، ببێتە ئامانجێکی سەرەکی هەموو ئەو حیزب و لایانانەی کە دەیانەوێ ئەزموونی حکومڕانی هەرێمی کوردستان رزگار بکەن لەو شکست و قەیرانانەی کە تێی کەوتووە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.