کورسی سەرۆکایەتی هەرێم

لەلایەن ستاندار Posted on 337 جار بینراوە

نەبەز جەلال

کورسی سەرۆکایەتی هەرێم ، کورسی چارەسەری داتاشراو و دۆزراوەی بارەگای سیاسییە دورەدەستەکان بوو، کە وەک گروپ ساڵانێکی زۆربوو بەویستی دەست و پێ سپی بونی خۆیان لەژێر ستەم و زوڵمی بچوکردنەوەدا دەژیان و دەرونیان نەخۆش و جەستەیان پرکی مانەوەی گۆشەگیری بوو.
سەرانی ئەم گروپە بەردەوام بەئازاری هیچ لەبارا نەبون و باجدانی شکستی شۆڕشەوە دەیناڵاند ، چاوەڕوانبون بۆ گەیشتن بەچانس و ژیان ، خەونیان گەڕاندنەوەی ئاسایی بۆ زێدی باوباپیریان نەک خودا نەکردە کورسی دەسەڵاتی پیاکەوتەی لەم چەشنە.!
پەرت بوون و شکستی ئەمانە تەنها گەل توانی کۆیان بکاتەوە وسەبوریان بدات ، بیانخاتەوە دۆخی ئاسایی و بەژدار بۆ بەڕێوەبردن لە ناوچە ئازادکراوەکانی باشوردا ، گەرچی بەد رەوشتی سیاسی بوە هۆکاری دورخستنەوەی گەل و هەڵکشانی دەستی بارەگا و دروستکردنی پێگەی ناڕەوا و بەد بەکارهێنانی کورسیەکانی دەسەڵات بە کورسیی سەرۆکایەتیەکانی هەرێمیشەوە لە پێناو جێنشینکردنی سەری زل و گەورەی بنەماڵە و ئۆقرەگرتن و هێورکردنەوەیی مێشکێ شەڕانگێزی خۆ بەزل زان و دەستی رەشی چەتە و هێزی دەرەکی لە بێ ئاوەزیدا بۆ سروشتی خۆ بەڕێوەبردن لەهەرێمەکەدا دروست و بەرجەستە بوبوو.
پێگەی ئەم کورسییە نەگریسە بوە پولی یەکەمی وازیکردنی دۆمینەکەو گشت پولەکانی تری ڕیزبەندی سیستمی بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستانیان پێوەلکاند ، بەجۆرێکی ئەوها کە زەحمەت بوو بتوانرێت دەستی جوڵەی بۆ ببرێت لە نێوان هەردوو زلهێزی پارتی و یەکێتی دا کە ژیان و بەرژەوەندیەکانی خۆیانیان پێوە هەڵواسیبوو.!
بزوتنەوەی گۆڕان بوو بە سیاسەتی گەڕانەوە بۆ هێزی جەماوەر ئەم پولەی لە نێو ئەو تەونەدا جوڵاند و چەند پولێکیشی لە سیستمە پێچراوە و هاوپێچەکەدا پەکخست ، دەۆخەکەی لە نێوان هەستانەوەی پولەکان وبەردەوامی کەوتنی زیاتردا بەلەقی و چەق بەستووی هێشتەوە ، کەبێگومان تەواو نەکردنی کارەکە دوور کەوتنەوەی بزوێنەرە راستەقینەکەی گۆڕان بوو لە گۆڕەپانەکەدا.
هەر بۆیە لەکاتێکدا هۆکاری دروستبون و ئەرکی ئەم سەرە ” زل و دانراوە ” بێسودانەی هەرێم بزانین ، ئیتر بۆ خەریکی پچڕاندنی ئەو تەوقە قورسە نەبین کە چەندین ساڵە لە گەردنماندا چنراوە، خەڵکی کوردستان بەرەو شەپۆلی دروست بوونەوە لە هەوڵی دۆزینەوەی سەری نوێ و دروستکردنی بڕیار و هەنگاوی سیاسی ژیرانەتردایە بۆ ئایندە و پێکهاتە نوێیەکەی دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی راستەقینەی گەل.
چاو تێبڕین و دووبارە هێنانە پێشەوە و باسکردنی ئەم باس و پۆستە بۆندارەی رابوردوی هەرێم ، جگە لەوەی بەکەم سەیرکردنێکی ئازار بەخشانەی خەڵکی کوردستانە ، سوکایەتییەکیشە بە یاسا و سەروەرییەکانی نیشتیمان.
ئەگەری خۆ لێدان و نزیکردنەوەی هەرکەس و لایەنێک لەم باس و پۆستە مردووە بۆندارەی هەرێم ، یان گواستنەوەی بۆ هەر کەسی تر جگە لەبەر کەوتنی پریشک و گرتنی بۆنی پیسایی ناو زبڵە بەجێماوەکەی سەرۆکایەتی زیاتر هیچی تر ناپێچێتەوە بیکاتە بەرهەم.
خودی جێگرەوەکەش بەهەمان سیما و رەونەقی بۆنەوە ، دەبێتە کەسێکی پیشتیوانیکەری راستەوخۆی دۆخە نایاساییە بەجێماوەکە بۆ دووبارە بەخشینەوەی رەواێتی کورسی پۆستەکە لە کارەکانی رابوردویدا ، بەردەوامی دانیشە بە گەورەترکردنی گەورەکان و بوونی سەرێکی زلی تریشە لەسەر سفرە و خوانی میللەت.!
بەرەنگاری و هەنگاو هەڵگرتنێکی ناچاری و پەستانی خۆبەدەستەوە نەدان بەم ویست و خواستە دەبێتە زۆرینەیەکی دروستکراو لە لایەنە سیاسیە خۆسەپێنەکانی گۆڕەپانەکە بۆ مانەوە و پیرۆزی ئەم کورسییە نەگریسە بە ویستی چارەسەر بۆ دۆخی دروستکراوەکەی هەرێم.
فێڵی ئەمەش ئەگەری کۆمەککردنێکی رێویانەیە بۆ گواستنەوە و چونە پێشەوەی پاساوی دوبارە جوینەوەی بنێشتی یەکڕیزی هێز و دەسەڵاتە سیاسیە درۆینەکەی تێیدا گڵۆپی گەوجاندنی تێدا دەکەنە بنەماکانی یەکڕیزیی و تیژی دەکەن لە خەیاڵ پڵاو و ئەگەرەکانی تۆکمە کردن بە چاوەڕوانی هەموان و بەڕێ کردنی کات و دوبارە بەگەڕخستنەوەی عەقڵی بارەگا و کۆک و کارکردنیان بۆ مانەوەی سەروەری سەرە زلەکان و رێچکە مێژووییەکەی کورسی بۆ بنەماڵە جێ نشین.!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.