دلێر حسێن پیرۆمەری
هەرێمی کوردستان لەئایندە بەقۆناغێکی سەختی سیاسیدا گوزەر دەکات، ئەوەش دەرئەنجامی هەڵەی سەرکردایەتی سیاسی کوردە کەسەرجەم دەسەڵاتی ئیداری وسەربازی وپەیوەندییەکانی دەرەوە وسیاسی لەبەرژەوەندی دووحزب دووبنەماڵەدا قۆرخیان کردبوو بێ گوێدان بەبەها نیشتمانیەکان، بەجۆرێک غرور و سەر لێشێواو بوون هەرگیز گوێیان بەیار و نەیارەکانیان نەدەدا. قۆناغەکان ئەوەندە هەڵی لەباری بۆکورد ڕەخساندبوو تا ئاستی نزیک بونەوە لەسەربەخۆیی، وەلێ بەداخەوە سەرکردایەتی سیاسی کورد بەڕابەرایەتی بارزانی و بەهاوکاری چەند سەرکردەیەکی حیزبەکانی تر هەموو ئەو خەون وخولیایەیان كەكورد بەدرێژایی سەدساڵ خەباتی بۆكردبوو. دەشێ هەندێ لەسەرکردەکان ئێستا هۆکار گەلێکیان هەبێت بۆ ئەو مرورەتەی لەڕابردوو بۆ بارزانیان دەنواند، بەڵام ئەو هۆکارگەلانە هیچ لەئەرزی واقیع ناگۆڕێ، ئەوخەونەی گەلی کورد خەباتی بۆ کرد بووە قوربانی سیاسەتە هەڵەکانی بارزانی کەلەسەر دەستی کەسە نزیکەکانی و ڕاویژکارە بێ ئەزمون هیچ نەزانەکان و ترس وبێ دەنگی هەندێ سەرۆک حیزب و مەکتەب سیاسی حیزبەکانی تر ھاتەئاراوە. ئەو قۆناغەی ئێستا كەکورد پێ دەگوزەرێ دەکرێ هەردوو ڕووی وەرگرین; ڕووێكی سیاسی و ڕوێکی ئابوری.
لەڕووە سیاسییەکەی، گەلی کورد لەم قۆناغە زۆر زەرەمەند بووە بەتایبەت بەهۆی لەدەستدانی نزیکەی ٥١% لەخاکی هەرێمی کوردستان و شکانی مۆڕاڵی تاکی کورد، لەدەرئەنجامی فەشەلی سیاسی و سەربازی و ئابوری کاربەدەستانی کورد، کە ئەم شکەستە هیچی کەمتر نیە لەشکەستی ساڵی ٧٤، تاکە جیاوازی لەگەڵ ئەو سەردەم بونی ووڵاتانی زلهێزە لەناوچەکە و دۆخی ئەمنی ئەو ناوچەیە بەتایبەتی دۆخی ئەمنی سوریا وزەق بونەوەی جەمسەرگیری شیعی وسوننی لەناوچەکە کەتائێستاش بە ئاشکرا درکی پێ دەکرێت و ترسی یەکتریان ماوە، بۆیە ئاستەمە هەژمونی شیعە بسەپێنن و حەفتاو چواریکی تر دووبارە بکەنەوە، بەڵام شەڕی ئەمجار بەدیبلۆماسی و سود وەرگرتن لەدەستور تەواوی پێگەی سیاسی کورد لاواز دەکەن، سیحری بێ دەنگی سەرکردایەتی کورد لەترسی دادگای کردنیانە چونکە بیانوگەلێکی زۆریان داوە بە کاربەدەستانی بەغدا لەڕابردوو بێ بیرکردنەوە لەئایندە کەچی ڕوودەدات، ئێستا درکی پێ دەکەن چیان کردووە چارەنوسیان چیە. که نەک تەنها زیانیان بەخۆیان گەیاند بەڵکو چارەنوسی میللەتێکیان خستۆتە مەترسی.
حکومەتی عێراقی دەبێت ئیجرائاتەکانی لەسەر هاوڵاتی سڤیل نەبێت فۆکس بخاتە سەر گەندەڵکاران نابێت سزاکانی گشتی بن ئەگینا لەئایندە خۆشی توشی گرفت دەبێت، چونکە گەلی کورد لەئایندە هاوشێوەی ڕژێمەکانی پێشوتر ڕووبەڕووی تۆڵەی میللەت دەبێتەوە. لەڕووی ئابورییەوە هەرچەنده گەر بەبەراورد بەداهاتی هەرێم هەڵسەنگاندن بۆ بابەتەکە بکەین وەکو نەتەوە کورد زەرەمەند دەبێت چونکە ئەو داهاتەی لەهەرێم هەیە زۆر زیاترە لەو داهاتەی کە بەغداد لەمیزانیەی عێراق کە بۆهەرێم دیاری کراوە، بەڵام لەچانسی کاربەدەستانی عێراق لەئێستادا ئەوەیە ئەودزین و تەخشان وپەخشان و بەهەدەر دانی سامانی ووڵاتە لەلایەن سیاسیە دەستەڵاتدارەكانی کورد لەپێناو خۆیان و بنەماڵەو حزبەكانیان بەجۆرێک دوو چین لەکۆمەڵگا دروست کراوە، چینێکی فیرعەونی لەژیان و دەسەڵات، چینێکی چەوساوە لەژیان و ئابوری، کەئەمە بۆتە خاڵی جەوهەری بۆ حکومەتی عێراقی بانگەشەی بۆ بکات. کەلایەنی کەم بڵێتە فەرمانبەران موچە کەتکراوەکەتان بۆ چاک دەکەمەوە دەستی دزەکانتان بۆ دەبڕم، لەمەیانە خاڵێکی ئیجابیە بۆ موچە خۆر و فەرمانبەران کە بەئیجابیشەوە پێشوازی دەکرێ، وەناشکرێ ئومێدەکان هەڵبچنین لەسەر بەغداد ڕەنگە دوای قایمکردنی جێ دەستی خۆیان هەمان بەغدای سەردەمی بەعس ببینین. کێ بەرپرسە لە بەهێزکردنەوەی بەغدا و پەلکێشکردنی بۆ هەرێم.
1.ڕاستە بارزانی بەیاسایی ونایاسایی لەماوەی ڕابردوو وەک کەسی یەکەمی هەرێمی کوردستان وێنەی کورد بووە لەڕووی سیاسی و سەربازی و دیبلۆماسی، بەڵام ڕوڵی هەندێ سەرکردەی تری کورد هیچی کەمتر نیە لەڕۆڵی بارزانی لەوانە لەوێنەی کۆسرەت ڕەسوڵ وەک جێگری ناشەرعی سەرۆکی هەرێم و مەلا بەختیار و شێخ جەعفەر و سەعیدی پیرەو نەجم الدین کەریم لەیەکێتی، سەڵاح الدین بهاالدین وخلیل ئیبراهیم و چەند سەرکردەیەکی تر لەیەکگرتو و، حەمەی حاجی محمود بەتاك سۆسیالیست بەگشتی، سکرتێری شیوعی، ڕابەری بزوتنەوەی ئیسلامی، چونکە لانیکەم لەمەسەلەی ڕێفەراندۆم وەک قەڵایەکی پۆڵاین لەپشت بارزانی وەستان بەبێ خوێندنەوەیەکی بابەتیانە بۆ دەرئەنجامەکان و کاردانەوەکانی دوای ڕێفەراندۆم، ئێستاش زوڵم دەکەن بارزانی بەتەنیا تاوانبار بکەن،
2.لەڕووی ئیداریشەوە گەر بەشکل و ڕۆتینیش بێت ئەوانەی باسمان کرد برابەشی بارزانی بوون لەئیدارەدانی ووڵات جگە لەیەکگرتوو کەتەنها یەک کابینە ئۆپۆزسیۆن بووە، لەسەردەمی دوو ئیداریش لەهەردوو ئیدارەکە برابەش بووە، هەرچی کۆمەڵی ئیسلامیشە لەو کابینەیە بەشدارە و بزوتنەوەی گۆڕانیش بۆماوەی نزیکەی ساڵێک بەرپرسە لەو کابینەیە.
3.سەرانی کورد لەماوەی ڕابردوو بەهۆی ململانی ناوخۆیی و غروڕی سیاسی نەیانتوانی سود لەلاوازی بەغدا وەربگرن، بەتایبەتی دوای چڕبونەوەی ململانێی سوننی وشیعی و لاوازی دەسەڵاتدارانی عێڕاق دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس، بەڵکو بوونە کاراکتەرێکی بەهێزی زیندوکردنەوەی عێراق و فریادڕەسێکی باش بۆ شیعە و سوننە، دەرئەنجامی ململانێی ناوخۆیی لەکەرکوک وناوچە جێ ناکۆکەکان ئەمەی ئەمڕۆی لێکەوتەوە.
4.غروری وخۆخۆری کورد گەیشتە ئاستێک کە هیچ لایەک خوێندنەوەی بۆلایەکەیتر نەبوو، بەتایبەت هێزە چەکدارەکان بەرامبەر هێزە مەدەنیەکانی ناوخۆ کەهەرگیز گوێیان بۆ نەگیرا، بەردەوام بەد گومان بوون لەیەکتری.
5.شەرعیەتی شۆڕشگێڕی بەجۆرێ کۆمەڵێ دەموچاوی سیاسی هەمان ڕق و کینەی درۆینەی شاخیان بەبەرگێکی بازرگانی هێنایەوە شارو دەوڵەتداری، هیچ نەفەسێکیان بۆ نەوەی نوێ نەهێشتەوە.
6.دەسکەوتی زۆری مادی و بێ بەرنامەیی سەرانی کورد و نەبونی سیاسەتێکی دوورمەودا ئەو دەرئەنجامانەی لێ کەوتەوە.