سەلیم کۆیی, ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵ: کاری پەرلەمان و حکومەت کۆتایی ھاتوە

لەلایەن ستاندار Posted on 477 جار بینراوە

سازدانی: ستاندەر
سەلیم کۆیی ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامی ڕایدەگەیەنێت حیزبەکەی لەگەڵ گۆڕان و د.بەرھەم بەردەوامن بۆ ھەنگاونان بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەک بۆ کێشەکانی ھەرێم، راشیدەگەیەنێت بە ھۆی فشارەکانی سەریان پارتی و یەکێتی ناتوانن ئەو قۆناغە تێپەڕێنن و پێویستە پرۆژەی کۆمەڵ و گۆڕان ببێتە نەخشەرێ ی چارەسەری.

دەقی دیمانەکەی ستاندەر لەگەڵ سەلیم کۆیی بخوێنەوە

ستاندەر: دواین زانیاریەکان لەبارەی ئەو بەرە ھاوبەشەی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵ و لیستی ھاوپەیمانی دکتۆر بەرھەم چیە و بەنیازی چین؟
سەلیم کۆیی: بەرەی ھاوبەش لە ئێستا زۆر پێویستە لەنێوان لایەنەکان بەتایبەت ئەو سێ لایەنە (گۆڕان، کۆمەڵ، ھاوپەیمانی) لە ڕابردوو کۆمەڵ و بزوتنەوەی گۆڕان ھانگاوی باشمان ناوە بۆ جۆشدان و بەرگری کردن لە مافی ھاوڵاتیان و بون لەبەرەی خەڵکدا کە ئێستا بەرھەمەکەی دیارە و لەگەڵ ھاوپەیمانیش کە ئێستا وەک لایەنێکی سەربەخۆ خۆی ڕاگەیاندوە کاری ھاوبەشمان زۆرە بۆ ھەنگاونان بۆ حکومەتی رزگاری نیشتیمانی.
لە ئێستا ھەرێمی کوردستان بە دۆخێکی خراپ و قەیراناوی دەڕوات، ئێمە واتە ھەر سێ لایەن بە جدی کار دەکەین بۆ رزگارکردنی ھەرێمی کوردستان لەو دۆخەی کە ئێستا تێ ی کەوتوە.

ستاندەر: ھەندێ رەخنە دەگیرێ لەسەر ئەوەی ھەنگاوی ئەو سێ لایەنە تەنھا لەسەر کاغەز ماوەتەوە و جورئەتی ھەنگاوی عەمەلیتان نیە؟
سەلیم کۆیی: ھەنگاونان بەرەو پرۆژەیەکی وا گەورە کاری زۆری پێویستە، بارودۆخ و پێکھاتەی ھەرێمی کوردستان بەشێوەیەک بینا نەکراوە چاکسازی تیایدا ئاسان بێت، بەڵام بەدڵنیایی پێویستی بە رێگا چارەی بنەڕەتی و ھیمەت بەرزی ھەیە ئەگەرنا لەروی جورئەتەوە خەڵکی ھەرێمی کوردستان باش ئەو ھێزانە دەناسێت کە لە ڕابردوو چەندین ھەنگاوی کاریگەریان ناوە لە ڕوی حوکمڕانی و چاکسازی

ستاندەر: لەسەر ئاستی عێراق و وڵاتانی ئیقلیمی و ئەمریکا ھیچ ھەوڵکتان داوە بۆ دروستکردنی پەیوەندی؟

سەلیم کۆیی: ھەنگاوەکانی رابردووی ئێمە ھەر لەسەردەمی ئۆپۆزسیۆن بون لە چوارساڵی ئەم کابینەیە و لە پرسی ریفراندۆمدا ئێستا دەروازەی زۆر کراوەتەوە بۆ پەیوندی لە نێوان ئێمە و عێراق و ھاوپەیمانان و ولاتانی ناوچەکە، ئەو لایەنانە ھەنگاوەکانی کۆمەڵ و گۆڕان باش دەنرخێنن وە ئومێدی باشیان ھەیە کە ئێمە دەتوانین لەو ڕوەوە ھەنگاو بنێین و کاری باش بکەین لە ھەرێمی کوردستان وە بە تەئکید ھەنگاوی باش نراوە بۆ دروستکردنی پردی پەیوەندی.

ستاندەر: پێتان وایە یەکێتی و پارتی بێنە ژێر باری داواکانی ئێوە؟ ئەگەر نەیەن بەرنامەی ئێوە چیە؟

سەلیم کۆیی: پارتی و یەکێتی ئێستا لە دۆخێکی خراپ دان فشاری ناوخۆیی و دەرەکی زۆریان لەسەرە، ئێمە پێمان وایە پرۆژەی ئێمە بۆ ئەو قۆناغە دەرچەیە بۆ خۆیان و ھەرێمی کوردستان لەو قەیرانە گەورەیە، وە ئەگەر بەجدی نەیەنە پێش و ھەنگاوی کرداری نەنێن ئەو دۆخە زۆر خراپتر دەبێت ، لە ئێستا خەڵکی کوردستان جیدی توانای نەماوە بێ دەنگ بێت و ئەوانیش بەو شێوەیە بەردەوام بن.

ستاندەر: بۆ دوای تەواو بونی ماوەی قانونی پەرلەمان بەرنامەی کۆمەڵ چیە لەپەرلەمان و حکومەت بەردەوام دەبێت یان دەکشێتەوە؟
سەلیم کۆیی: پێم وایە لە ئێستا کاری پەرلەمان و حکومەت تەواو بوە بۆیە قسەکە لە سەر مانەوە یان نەمانەوە نیە، چونکە ئەو دوو دامەزراوەیە لە رابردوو رۆڵی سەرەکیان نەوبوە لە پرسە چارەنوسسازەکان، بەتایبەت لە پرسی ریفراندۆم، بۆھۆی ئەو ھەژمونە زۆرەی حیزب بەسەر پەرلەمان و حکومەت کە ئێمە پێمان وابو دەبێت پرسە چارەنوسسازەکان لە رێگای پەرلەمان چارەسەر بکرێت بەڵام گوێیان نەگرت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.