هیوا سەید سەلیم
كورد لەوەتەی هەیە لە شەڕ و رووبەرووبوونەوەی دووژمنان و داگیركەران قارەمان دەركەوتووە وە هەمیشەش خاوەنی جەنگاوەری چاكبووە، لە ساڵانی دوایشدا هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە شەڕی رێكخراوی تیرۆرستی داعش چ لە باشووری كوردستان و ناوچە كوردستانیەكان و تەنانەت بەشێكی خاكی عێراق بگرە، تا رۆژئاوای كوردستان كە لەسەر دەستی شەرڤانانی یەپەگە و یەپەژە قارەمانیەتی نواند، ئەمە بووە هۆی ئەوەی كێرڤی سیاسی كوردی لەو دوو پارچەیەی كوردستان لەسەر دەستی ئەو جەنگاوەرە باشانە بەشێوەیەك بەرزبووەوە كە هەموو جیهان باس لە قارەمانیەتی پێشمەرگە و شەرڤانان بكات .
لە ڕابردوو هەمیشە دەوترا كورد شەركەری باشی هەیە و لە شەردا دەستكەوتی باشی سیاسی بەدەستهێناوە بەڵام كە چۆتە سەرمێزی گفتوگۆخەرمانەی دەستكەوی شەركەرەكانی دۆڕاندووە، بۆیە چاوەڕوان دەكرا ئەمجارەیان وانەبێت و دەرس لە ڕابردووی وەرگرێت.
دەزانین كە شەڕی داعش و پێكهێنانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ كۆتایهێنان بە تیرۆرستانی داعش، دەرفەتێكی گەورەبوو كە كورد بتوانێت سوود لە توانا سەربازی و مرۆیی و دارایەكانی هاوپەیمانان وەرگرێت، چونكە هەر زوو كورد لەو دوو پارچەیەی كوردستان(باشوور – رۆژئاوا) كرایە بەشێك لەو هاوپەیمانیە، وڵاتانی زلهێزیش بۆ كۆتیهێنان بە رێكخراوی تیرۆرستی داعش پشتیان بە ئازایەتی شەرڤانان و پێشمەرگە بەست، تەنانەت لەو شوێنانەش كە شاری كوردستانی نین و لەژێر دەستی داعش دابوون، نموونەی ناوچەكانی رۆژئاوای فورات لە سوریا، بە شاری ڕەقەی پایتەختی خەلافەتی داعش و ناوچەكانی دەوروبەری شاری موسڵ لە عێراق.
دەبوو ئەمجارەیان كورد ئەو ووتەیە تێپێڕێنێت كە دەوترا (كورد تەنیا جەنگاوەری چاكە)، چونكە پەیوەندیە سیاسی و دبلۆماسیەكانی كورد لەگەڵ دونیای دەرەوە ئەو دەرفەتەی بۆ كورد ڕەخساندبوو تا بتوانێت لە پاڵ شەر و قارەمانیەتی جەنگاوەرانی دەسكەوتی سیاسیش بەدەستبێنێت.
رووداوەكانی دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم لە باشووری كوردستان، ئەوەمان پێدەڵێت كە نەك هەر سوود لەو دەرفەتە وەرنەگیراوە، بگرە خەریكە بڵێین ئەوەی تریشمان لەسەر دانا وەك ئەو پەندە كوردیەی كە دەڵێت( بۆ ریش چوون سمێڵی لەسەر دانا)
ئەمەشیان گەواهی ئەو راستیەیە كە كورد ئەگەرچی خاوەنی جەنگاوەری باشە و لە شەڕ و تەنگانە دەشێت پشتی پێببەسترێت بەڵام لە مەیدانی سیاسەتدا ئەوە نیە.
لە ڕابردوودا ئەزموونی شكستە سیاسیەكانی كورد ئۆباڵەكەی دەخرایە ئەستۆی فاكتەرە دەرەكیەكان و هەڵگەڕانەوەی وڵاتان لە پشتیوانیكردن لە كورد، بەڵام ئەوەی ئەمجارەیان لە هەرێمی كوردستان روویدا ئۆباڵەكەی لە ئەستۆی سەركردایەتی سیاسی و حوكمڕانانی هەرێمی كوردستان دایە، كە لە خوێندنەوەی هاوكێشە دەولی و ئیقلیمیەكان بەرچاوروون نەبوون، بۆیە دەبینین كە دەرنجامەی ئەو شكستەش ئەوەیە كە ئەزموونی سیاسی لە باشووری كوردستانت و دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی نیو سەدەی رابردوو.
ئەمەو گومان دەكرێت هەمان سینارۆش بەسەر رۆژئاوای كوردستان بێت ئەگەر ئەزموون لە شكستەكانی باشوور وەرنەگرن و وەك باشوور هەموو هێلكەكانی خۆیان بخەنە سەبەتەی پشتیوانی دەرەكی كە لە ئێستادا وانین و خاوەن ئیرادەی خۆیانن.
پاش ئەو شكستەی باشوور لەسەر دەستی دەسەڵاتداری خراب تووشی بوو، هێشتا نیەتێك شك نابەین كە دەسەڵات لە هەرێمی كوردستان ئەزموون لە شكستی خۆیان وەرگرن و دان بەو شكستە بنێن و پشت لە سیاسەت نا لۆژیكی بكەن، چونكە بەردەوامی دان بەو سیاسەتە كورد ناگەیەنێتە كەنارێكی ئارام و باش.
رۆژانی بەر لە ریفراندۆم خەڵكانێكی زۆر دەیووت و دەینووسی كە هەرێمی كوردستان پێویستی بە رێكخستنەوەی ناو ماڵی خۆیەتی بەر لە هەنگاونان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم بەڵام گوێ لەو داوایانە نەگیرا و سەرەنجام نەبوونی یەكڕیزی ناو ماڵی كوردی بووە ئەو درزەی كە نەیارانی كورد تیایدا زەفەرمان پێببەن.
ئەمەش جارێكی تر ئەو ڕاستیەی سەلماندەوە كە ڕاستە كورد خاوەنی جەنگاوەری چاكە بەڵام هێشتا لە چاوی دونیاوە هەر وەك جەنگاوەر مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت نەك میللەتێكی خاوەن مافی زەوتكراو ئەمەشیان لە سایەی سیاسەتوانی خرابی كورد.